بابەکر دڕەیی
1/6/2021 10:06:00 AM
بابەكر دڕەیی
کاک ئومێد خۆشناو لە وەڵامدانەوەی بۆ وتەکانی سکرتێری جڤاتی نیشتیمانی گۆران، باس لەوە دەکات کە بەڕێزیشیان لایەنگری پیاچونەوەن بە رێکەوتنی گۆڕان و پارتی، تەنانەت بە جۆرێک لە نیگەرانیەوە، نوسینەکەی بەم وشانە قفڵ کردوە:
" بۆیە ئێمەش دەڵێین ئەوە گەز ئەوەش مقەس، نەک جارێک سەد جار ئەلێین کاتی موراجەعە هاتوە"
واتە سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بزوتنەوەی گۆران بە قەرزاربار دەزانێ و پێی وایە نابێ هیچکەس لەم جولانەوەیە فززەی لێبێ و باس و خواس سەبارەت بە رێکەوتنەکە بوروژێنێ.
بۆیە پێویستە لێرەوە داوا لە بەرێزیان بکەین کە سەبارەت بەو رێکەوتنەی گۆران و پارتی کەمێک رونکردنەوەی زیاتر پێشکەش بکات و بە خەلکی کوردستان بڵێ لە ماوەی ئەو دوساڵەدا چی کراوە بۆ:
** شەفافییەت لە دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت،
** چارەسەری سنورەکان و قاچاخی مافیاکان،
** چارەسەری کێشەی کارەبا،
** چارەسەری هەزاران بندیوارو ڕەشەلەشکری حزبە دەسەلاتدارەکان،
** بنبڕکردنی گەندەڵی و قوتدانی ملکی گشتی،
** یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە،
** قۆرخکردنی بازارو دەسکۆتاکردنی مافیای حزبی لە بازار،
** رێکخستنەوەی خوێندن و پەروەردەو زانکۆکان و دابینکردنی جۆریک لە سەقامگیری خوێندن و عەدالەت بۆ چینە کەمدەستەکانی کۆمەڵ،
** دەیان و سەدان کێشەو گرفتی تر کە چ لە رێکەوتنی پێکهێنانی کابینەو چ لەدەرەوەی ئەودا باسکراون و جەختیان لێکراوەتەوە...
ئێمە وەک رێکخراوێکی سیاسی بەرامبەر بە دەنگدەرانی گۆران و خەلکی کوردستان خۆمان بە بەرپرس دەزانین نەک بەرامبەر بەوەی ئاخۆ چەن کەسمان هاوشانی کاک فلان لە پەرلەمان یان لە حکومەت کورسیان داگیرکردوە.
ئێمە پێمان وایە گەر وەک کاک ئومێد نوسیویە پارتیش لەسەر بەڵێنی خۆی پێداگرەو و پەژیوان نیە، ئەوا بینینی دۆخی ژیانی ئابوری و دارایی خەلکی کوردستان هێندە قورس نیەو پێویست ناکات ئینسان ئەنشتاین یان ئەفلاتون بێت تا لێی تێبگات و بۆ چارەسەر بگەرێ.
خەلک لە دۆخێکی خراپ و کارەساتباردان.
یەکێتی و پارتی دەسەلاتداری ئەسلین و گۆرانیش بەشداری کابینەیە بە مەرجی چاکسازی و گۆرانکاری روون و شەفاف.
هیچکەس لە بەهانەو گڕوگرتن نیە.
پارتی و یەکێتی 29 سال لە تەمەنی خەلکی ئەم ولاتە
حاکم و بریاردەر بون و، لەسەر کات و دەسەلاتی بریاردان پەکیان نەکەوتوە..
کێ دەستی گرتون ئەو فایلانەی باسمان کردون و سەدانی تریش چارەسەر بکەن؟
کێ لە کاتی قەومان و تەنگانەدا لە گوڵ کالتری بە حزبەکانی ئەوان وتوە؟
ئێمە، هەلسوراوان و خەباتکارانی عەدالەت و ئازادین... ئەوەی گرنگە بۆمان گەلەکەمان و خۆشبەختی کۆی میللەتە.. باقی مەسەلەکانیتر کە وەک بەهانەی جێبەجێنەکردن دێنە بەرباس وخواس، بایەخێکی وایان نیەو لە کۆتاییدا دەبنە هۆی وردوخاشکردنی ئێمەو روحی زیندوی گەلەکەمان...