442وتار

چاکسازی و زەمان، زەمەنی چاکسازی

7/13/2020 3:21:00 PM
بابەكر دڕەیی

(لە وەڵامی پرسیاری: تا چەند هەرێم پێویستی بە چاکسازی هەیە؟)

قەدەری هەمو مرۆڤەکان وایە کە ناچارن بە یەکسانی بە تونێڵیێکی زەمانیدا تێپەڕن... چارەنوسی هەمو کەسێک، بێ جیاوازی لە نەتەوەو رەنگ و توخم و وڵاتدا ئەوەیە کە دەبێ وحەتمیە لەو "ماوە" زەمانیەدا ژیان بەسەربەرێ کە سروشت و قەدەر بۆی دیایکردوە.
ئێمە هەمومان، بە حوکمی یاسای سروشت دەبێ لە تونێڵی زەمانەوە تێپەڕین. هیچکەس نەیتوانیوەو ناتوانێ خۆی لە چڕنوکی تەمەن و رۆشتنی ناچاری بە تونێڵی زەماندا دەربازبکات.

بەڵام جیاوازیەکە ئەوەیە ئێمە، لێرە یان لە هەر شوێنێکی تری دنیا، لە حاڵەتی روحی و مادیمادا بە یەکسانی بەو تونێڵەدا تێناپەڕین.

حاڵەتی روحی و مادیمان لە کاتی تێپەڕین بە تونێڵی زەماندا، دەکەوێتە سەر ئەو دەزگایەی هەمومان متمانەمان داوەتێ و لەسەروی خۆمانەوە دامانناوە و ناومان ناوە"دەوڵەت" یان حکومەت.

گەر دەزگای دەوڵەت خۆی ببێتە مایەی نایەکسانی و ناعەدالەتی، ئەوا رێبوارانی ناو تونێڵی زەمان بە دۆخیکی نایەکساندا توانای گوزەر وتێپەڕینیان دەبێ.

گەر حوکمڕانان و کاربەدەستان خۆیان ببنە هۆکاری نەهێشتنی پێویستیە مادیەکانی مرۆڤ و توێشەی ژیان، ئەوا هاوڵاتیانی ئەم کوردستانەش هەقیانە بۆ داوای مافەکانیان هەرچی رێکارێک پێویستە ئەنجامی بدەن.

حکومەتی هەرێمی کوردستان پێش هەرشتێک دەبێ بزانێ کە ئەو( تەنها ئەو) لێپرسراوە لە دابینکردنی ژیانی مادی و بەختەوەری روحی هاوڵاتیانی هەرێم و زامنکردنی گوزەران و کۆی پێداویستیەکانیان چونکە خەڵک لە پرۆسەیەکی سیاسیدا متمانەیان داوەتێ کەئەو کارەیان بۆ بکات.

زەمان تەنها دیاردەی گەردونیە کە قابیلی خەزنکردن وکۆکردنەوە و دوبارەبونەوە نیە.

زەمەن تەنها سامان، بەنرخترین سامان و بێوێنەترین سامانی هەمو مرۆڤێکی ئەم جیهانەیە.

حکومەتی هەرێم لەسەریەتی لە مانگی تەموزی ئەمساڵدا (بەڵێ تەموزی 2020) گورزێکی کاریگەر لە جەستەی ریسواو رزیوی مافیاگەری و گەندەڵی و چڵێسی و نادادی ئەم وڵاتە بوەشێنێ.

زەمەنی چەوساوەکان و بێدەرەتانەکان بەوپەڕی ناخۆشی و نالەباری تێدەپەڕێ.

زەمەنی ملیۆنەرەکان و گەندەڵکاران و دەسەڵاتدارە بێویژدانەکان لەوپەڕی خۆشی و چێژی مادی و مەعنەویدایە.

بەڵێ بۆ یەکسانکردنی ژیانی هەموان لە مەودایەکی کورت دا.

بەڵێ بۆ لێدانی بێئامان لە جەستەی مافیاگەری و بانیاسایی دەسەڵاتدارانی گەندەڵ.

بەڵێ بۆ تێپەرینێکی یەکسانی هەمو هاوڵاتیان بە ناو تونێلی تەمەن و زەمەن دا.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن