378وتار

شۆڤێنیزمی عروبەوی بەکەم نەگرین؛ پەیامێک بۆ دەنگدەران و کاندیدان..

10/2/2021 11:29:00 AM
بابەكر دڕەیی

ناسیۆنالیزمی توندڕەوی عەرەبی مێژویەکی ڕیشەدار و درێژی هەیە لە زلکرنی هەیمەنەی عەرەبی و سڕینەوەی ئەوانیتر.

هەوڵدانی ئەم دیدگایە بۆ نەهێشتنی زمان و کلتور و ئەدەبی کوردی تادەگاتە سڕینەوەی جەستەیی و پاکتاوکردنی نەژادی و ئەنفال، فایلێکی ئێجگار قەبە و پڕ تاوانە .

راستە هەوڵی عروبەویەکان لەدژی کورد بە گشتی سەرکەوتو نەبوە، بەڵام تا ئەوکاتەی دیموکراسیەکی راستەقینە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا جێگیر دەبێت یاخود کیانێکی دەوڵەتی دانپیانراو بۆ کورد دروستدەبێ، هەوڵی  شۆڤێنیستە عروبەویەکان بەردەوام دەبێت،  بەو حوکمەی عروبە و ناسیونالیزمی توندئاژۆی عەرەبی بەشێکە لە یادەوەری و فەرهەنگی سیاسی و تاڵانکاری لە سەردەمی هاتنی ئیسلامەوە تا ئەمڕۆ، پێویستە گەلی ئێمە و نوێنەرە سیاسیەکانی تا دواپلە مەترسیەکە جدی وەربگرن.

لە سەدەی ڕابردودا چەندین بیرمەند و ئەکادیمیست لە بابەتی ساتع ئەلحەسری و ئەلیاس فەرەح و میشیل عەفلەق چوارچێوەی تێۆری و فیکرییان بۆ ئەم ناسیۆنالیزمە ناشرین و ترسناکە داتاشی و عروبەیان لە قاڵبی ئاینیەوە گواستەوە بۆ قاڵبی سیکولاریزم و بە حساب مۆدێرنە، ئەوەی بۆیان کرا لە خراپەکاری و مافیاگەری و کۆمەڵکوژی و تەور وەشاندن دژی هاوڕێکانی خۆیان و گەلی کورد کردیان و سەرەنجامی غرور و خۆبەزلزانی و واقیع نەبینی، خۆیان دوای زیاتر پەنجاساڵ تاوانکاری لە ئیعدامکردنی سەدام حسێن و هەڵوەشانی بەعسدا بینیەوە.

بەڵام عروبەی عێراقی بە پێچەوانەی هەست و فکری پاوانخوازی وڵاتانی تری عەرەبی کە تەنها دژی ئیسرائیل و جولەکەن و بە پێی وەرز "عروبە" یان بیر دەکەوێتەوە، تەنها خۆی لە ئایدیۆلۆژی بەعسی و عەفلەقیدا نابینێتەوە، بەڵکو بە هەمان ئەندازەی کە لەناو  ڕۆشنبیرە بەحساب  مۆدێرن و هاوچەرخەکاندا نوێنەرو ئاڵاهەڵگری زۆر و بۆری هەن، لە جەرگەی گروپ و رێکخراوە ئیسلامیە سوننی و شیعەکانیشدا بە هەمان پلە توندوتیژو ناعەقڵانی، ئامادەیی هەیە و خەستتر لە عروبەی سیکۆلار مەیدانداری ئەکات و ئامادەی شەڕەنگێزی و خۆسەپاندن و نەخوێندنەوەی ئەوانیترو گەلانی ترە.

 لە یەک رستەدا:
عروبەی عێراقی بە سیکۆلار و مۆدێرنە و ئیسلامیەوە تا بینەقاقا لە خەیاڵی ئەوەدا ئەژین عێراق بکەنەوە سەنتەری بڕیاردانی گەلی عەرەب و ئەم خەونەش لە رێگای زیندوکردنەوەی خەلافەتی عەباسی و ئەمەوی  ئیسلامی بێت یان بنیاتنانەوەی "بەوابەی خۆرهەڵاتی" سەدام حسێن ی فاشیست، جیاوازیەکی بنچینەیی نیە لایان.

ئا لێرەدایە پێویستە بزانین نوێنەرایەتی بەغدامان بۆچی پێویستە و لە چ ئاقارێکدایە کە دەڵێین سەنگەری ناوەند پێویستی بە قایمکردن و یەکڕیزی هەیە.

پێویستیمان بە پەرلەمانتاری بەهێزو شارەزاو زمانزان و پڕ مەعریفەتە لەبەغدا  بۆ ئەوەی سیاسەت و دیدگامان ڕۆشن و بەهێز بێت:

یەکەم:  دەمانەوێ لە بەغدا یەکدەنگ بین بۆ ئەوەی فراکسێۆنی کوردستانی وەک یەکەیەکی یەکگرتوو بەهێز دەرکەوێت و لە سەرجەم یاساو بڕیارە سەرانسەری و هەرێمیەکاندا قسە و کاریگەری و دەنگی دلێری هەبێت.

دووەم: دەمانەوێ بەغدا بکەینە مەیدانێکی سیاسی بۆ دیموکراتیکردنی زیاتری وڵات و ڕێگرتن لە جەریان و هێڵە کۆنەپەرست و کۆنە پارێزەکان تا هێندەی تر ئێستە و چارەنوسی عێراق بەرەو گەندەڵی و وێرانی نەبەن.

سێهەم: جەخت دەکەینەوە ئێمەی کورد لەوێندەرێ ئەرکی سەرەکیمان پاراستنی کوردستان و قەوارە یاساییەکەیی و دەسکەوتەکانیەتی، لە هەمانکاتدا هەوڵدانە بۆ بنەبڕکردنی کەموکوڕیە زۆرەکانی خۆمان لە رێگای فشاری یاسایی و سیاسیەوە.


چوارەم: نوێنەرایەتی کورد لە بەغدا شەڕی گەورەی بەدەسهێنانی بودجە و پاراستنی خاک و سەروەریەکانی هەرێمە بە زیندوکردنەوەی مادە قانونیەکانی دەستور و جێبەجێ کردنیان.

شەڕی ئێمەی کورد و ناسیۆنالیزمی عروبەوی هێشتا لە نیوەی ڕێدایە، ئەوان دیموکراسیەتی خۆرئاوایی و سیستمی سەروەری یاسایان بەوجۆرە قبوڵکردوە کە بونەتە گاڵتەجاری جیهانی پێشکەوتوو، لە گەندەڵیدا کەوتونەتە خوار سۆماڵ و وڵاتە ئەفریقیەکانەوە، دەسەڵاتدارەکانی ئەوان بە پێچەوانەی زۆرینەی هاوڵاتیانی کوردستانەوە بەنابەدڵی و دوودڵیەکی ئابڕوبەرەوە کار لەسەر یاساکانی برایەتی و ئاشتی گەلان و مافی چارەی خۆنوسینی کورد دەکەن و هەمو چرکەیەک ئامادەن سەدو هەشتا پلە دژی مۆڕالی دیموکراسی و ئازادی ئینسان وەرچەرخێن و ئەوەی خوا پێی ناخۆشە بەرامبەر ئێمە و هەرکەسێکی تر ئەنجامی بدەن.
بۆیە:
پێویستیمان بە گروپێک پەرلەمانتاری بەهێزو نەترس و پسپۆڕە کە لەناو جەنگەڵی ترسناک و پڕ لە بوغزو پاشخانی تاڵانکاریدا سیاسەتی کورد بەڕێوەبەرن و سەرمان بەرزبکەنەوە.

دەنگ ئەدەین بە کاندیدانی لیستی هاوپەیمانی کوردستان تا لە بەڵای عروبە و غروری ئیسلامگەرایی ناسیۆنالیست پارێزراو بین و سەربەرزانە وڵاتەکەمان بەرەو ئازادی وعەدالەت ببەین.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن