عەقڵی کوردی و ئەلگۆریتم و هۆشمەندی زیرەک
2/13/2019 3:25:00 PM
بابەكر دڕەیی
یەک: “لەکاتێکدا دەسەڵات له مرۆڤەوه بەرەو ئەلگۆریتم وەردەچەرخێ، لەوانەیه ئیتر دنیا وەک گۆڕەپانێکی سەربەخۆی یاری نەبینین، که بۆ وەرگرتنی بڕیاری دروست تیایدا خەریکین، بەڵکو رهنگه هەموو دنیا وهک جەریانێکی زانیاری ببینین، و بونەوەری زیندوو ناچیزتر له ئەلگۆریتمی بیوکیمیاوی سەیربکەین و بێینەسەر ئەو باوەڕەی که ئەرکی جیهانی مرۆڤ، خوڵقاندنی سیستمێکی زانیاریبەخشی کامڵە، کە سەرەنجام دەبێ ئاوێتەبین لەگەڵیدا.. هەر ئێستاش خەریکین لەڕێی چپسی زۆر بچوکەوه دەبینه بەشێک لەهەناوی سیستمێکی زانیاری بەخشی زەبەلاح که لەواقیعدا هیچ کەس سەرودەری لێناکا”.
دوو: “رەنگه لەهەندێ وڵات و هەندێ حاڵهتدا هیچ بڕیارێک نەدرێته دەست خەڵک، و هەمووان ناچاربن پەیڕەوی له بڕیاری ئەلگۆریتمه گەورهکانی دایتا بکەن.” .
سێ: “هەروەک جۆرج ئورویل پێشبینی کرد، لەوانەیه لەکاتی سەیرکردنی تەلەفیزیۆندا ئەویش تەماشای ئێمه بکاتەوه، و لەدوای بینینی هەموو فیلمەکانی تارانتینۆ، رەنگه زۆربەمان فیلمەکانمان بیربچێتەوه، بەڵام نێتفلیکس و ئەمازۆن،.... لەڕێی بینینی فیلمەکانەوە جۆری شەخسیەتی ئێمه دەناسن و دەزانن بەچ شێوەیەک فشار له دوگمەی هەستیاریمان بکەن، هەروەها ئەتوانن گرنگترین بڕیارەکانی ژیانمان بۆ وەرگرن: له بابەتی ئەوەی چی بڵێین، لەکوێ کاربکەین و لەگەڵ کێ ببینه هاوسەر...” (کتێبی “ ٢١ وانە بۆ سەدەی ٢١ “ نوسینی یوال نوح هەراری) ..
ئەوەی لە سەرەوە کرانە کوردی چەند دێڕێکن لە کتێبێک یان لە راستیدا لە سێ کتێب، کە بەم دواییانە هەراری نوسیونی و لە ئاستی جیهانیدا زۆرترین فرۆشیان هەبووەو سەرنجی ملیۆنەها خەڵکیان بەلای خۆیدا راکێشاوە.
ئەسڵی حیکایەتەکە ئەوەیە کە تەکنەلۆژیای زانیاری و بیۆ تەکنەلۆژی (زانستی زیندەوەرزانی) بە ئاستێک لە پێشکەوتن گەیشتوون، کە ئیتر کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە سەرجەم بوارەکانی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و تەنانەت هونەری و ئەخلاقیشدا کەوتۆتە بەردەم دوڕیانێکی چارەنوسسازی مێژووییەوە.
ئەگەر شۆڕشی کشتوکاڵی لە مەودایەکی هەزاران ساڵیدا توانی مرۆڤ بەرەو پێشەوە ببات و دواتر شۆڕشی پیشەسازی لەماوەی چەند سەد ساڵێکدا ئینسانی بەرەو قۆناغێکی گەشەسەندنی باڵاتر ئاژوا، ئێستە شۆڕشی ئەلەکترۆن و هۆشمەندی دەستکردو ئەلگۆریتم، بە پێوانەیەکی خەیاڵی ئینسان بەرەو پێشەوە دەبات و کۆی پرۆسەی ژیان و بیرکردنەوەو خەیاڵ و دنیابینی وەردەچەرخێ.
ئەوەی لەم بوارەدا بۆ کوردستانی ئێمە، یان بەواتایەکی تر بۆ خەڵک و نوخبەی دەسەڵاتی ئێمە جێگای سەرنجە، یان دەبێ جێگای سەرنج بێ ئەوەیە: ئاخۆ شوێنی ئێمە چیە لەم پێشکەوتنە سەرسامهێنەرانەی جیهان؟
سەردەمانێک زانایان و فەیلەسوفەکان دەیانوت کە ململانێ ی جیهانی لەنێوان چینی کرێکارو سەرمایەداردایەو کرێکاران لە هەوڵدان بۆ ئەوەی هێزە ئابوریەکەیان لە رێگای دەسەڵاتی سیاسیەوە بکەنە دەستکەوت و ژیانی خۆیانی پێ خۆشتر بکەن.. ئێستە پرسیاری سەرەکی لە دنیای دیجیتاڵ و ئەلگۆریتمدا ئەوەیە ئاخۆ کرێکارو سەرمایەدار وەک دوو چینی ناکۆک لە ئاستی جیهانیا وجودیان ئەمێنێ یاخود ناسنامەکەیان ئەگۆڕێ بۆ گروپێکی بچوکی ئەندازیارو زانای ئەلگۆریتمی کە کۆنترۆڵی دنیا ئەکەن و هەستیارترین جۆرەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ و تەنانەت هونەریش لە کرێکاران و سەرمایەدارەکانی قۆناغی “کۆن” وەردەگرنەوەو مۆنۆپۆلی کۆی ژیانی ئینسان دەکەن؟؟
ئێستە پرسیار ئەوەیە ئاخۆ بە عەقڵی جی ئێس ئێم بە ڕێگادا بڕۆین یان بە عەقڵی ئینسانی خۆمان؟ بە عەقڵی هەستیاری مرۆڤ بیر لە هەڵبژاردنی هاوسەر بکەینەوە یان بە عەقڵی هۆشمەندی دەستکرد، کە بەپێی ئەو زانیاریانەی سەبارەت بە کەسایەتیمان کۆیکردۆتەوە خۆمان لە خۆمان باشتر ئەناسێت و ئەزانێ حەزو ئارەزوومان بۆ چ جۆرە هاوسەرو چ جۆرە لەشولارو کەسایەتیەکە؟
ئێستە کێشەکە لە ئاستی فەلسەفیشدا ئەوەیە ئایا ئەو ترومبێلە هۆشمەندانەی لە داهاتوودا ئەکەونە بازاڕەوە بە دیدی کام بیرمەندی جیهانی دیزاین بکرێن: ئەوانەی بڕوایان وایە ئینسان هەر بونەوەرە خۆپەرست و عەسەبی و توڕەکەی پێش ملیۆنان ساڵی خۆرهەڵاتی ئەفریقایە یان ئەو مرۆڤە خۆنەویستەی کە پاش چەند هەزار ساڵ کامڵبون و گەشەکردن ئامادەیە خۆی بکات بە قوربانی کۆمەڵگاکەی و لە خۆپەرستی دورکەوتۆتەوە؟
نمونەی ئەوحاڵەتەش لە کتێبی ناوبراوی سەرەوەدا بەو جۆرە باسکراوە ئایا کاتیك ئۆتۆمبیلێکی هۆشمەند دەکەوێتە بەردەم حاڵەتێکی لەم چەشنە: یان خاوەنەکەی لە رووداوێکی ناچاریا بکاتە قوربانی یان دوو مناڵی سێ ساڵە کە بە ڕێکەوت لە کۆڵانێکەوە دەرەپەڕن و ترومبێلە هۆشمەندەکە ناچارە لەنێوان کوشتنی مناڵەکان و کوشتنی خاوەنەکەی لە ڕێگای خۆکێشانی بە دیوارێکدا بۆ رزگارکردنی مناڵەکان لایەک هەڵبژێرێ؟
بابەتە زانستیەکانی جیهان لەم ئاستەدا گفتوگۆیان لەسەرە.. واتە عەقڵی پسپۆڕان و فەیلەسوفەکانی وڵاتانی پێشکەوتوو خەریکی کۆڵینەوەی ئەوەیە ئاخۆ بە چ شێوازێک دەکرێ ڕێگا لە نەخۆشیەکان بگیرێ و تەمەنی مرۆڤ درێژ بکرێ، خەریکی ئەوەن بزانن ئاکامە ئەخلاقیەکانی تەمەندرێژی بۆ نوخبەیەک چ گۆڕانێک بەسەر کۆمەڵگاکاندا ئەهێنێ؟ لەوە دەکۆڵنەوە بزانن ئایا بڵاوبوونەوەی بێکاری ملیاردی لە ئاستی جیهانیدا چ کارەساتێکی سیاسی یاخود کۆمەڵایەتی بە دوای خۆیدا ئەهێنێ؟ و زۆریتریش...
لە وڵاتی ئێمە نوخبەی دەسەڵاتی سیاسی خەریکی شتێکی ترە.. شتێك کە بە راستی تەنها لەو مرۆڤانە ئەوەشێتەوە کە ملیۆنان ساڵ پێش ئێستە، وەک باپیرەو باوەگەورەکانی ئێمە لە دەشتەکانی ساڤانای خۆرهەڵاتی ئەفریقاوە تۆوەکەیان بە کۆی جیهاندا بڵاوبوەوەو ئەم توخمی مرۆڤەیان لێ پەیدا بوو، کە ئێستە ئیتر بوەتە کۆڵیکی قورس بەسەر خۆی و بەسەر گۆی زەویەوە کە جێنشینگەی سەرەتایی و کۆتایی خۆیەتی.
لێرە نوخبەی سیاسی خەریکی شەڕەدەم و شەڕە تفەنگ و پیلانگێڕی ئاشکراو ژێربەژێریە بۆئەوەی فڵان تاقم یان فڵانە گروپ بکەونە سەرەوەی دەسەڵات و خێروبێری وڵاتەکە بەسەر خۆیانا دابەش بکەن و کۆی خەڵکی وڵاتەکەشی لێ مەحروم بکەن...
ئەمان لێرە بیریان لە ئایندە نیە.. بۆیە ئامادە نین لەوبارەیەوە سەرمایەگوزاری لە عەقڵی هۆشمەندو زیرەکدا بکەن و نەوەی نوێ بۆ گۆڕانکاریە جیهانیەکان ئامادە بکەن.. لێرە هۆشیان لەوە نیە پێویستە هەزاران کرێکاری ناپسپۆڕو کارمەندی نەزان لە دەزگاکانی دەوڵەت دووربخەنەوەو جێگەکەیان بە کەسانی شارەزاو پسپۆڕ پڕبکەنەوە.. ئەوە ناکەن چونکە لەوە ئەترسن نەوەی نوێ و پسپۆڕ وەک کارمەندە ئەڵقە لە گوێکانی خۆیان لە هەڵبژاردنی داهاتوودا دەنگ بە تاقمەکەیان نەدات و سەرەنجام بڕی ئەو نەوتەی لە موڵکی میللەت ئەیبەن دابەزێ و گیرفانیان رێژەیەکی لێ کەمبێتەوە..
ئەمان لێرە لە ماوەی ٢٨ ساڵدا نەیانتوانیوە بەرنامەیەکی یەکساڵی داڕێژن بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا.. کارەبایەک کە هی چاخی پێش ئەلکترۆن و عەقڵی هۆشمەندەو بە هەموو پێوەرەکان هی قۆناغی سەرمایەداری پیشەسازی و بەسەرچووی سەدەی بیستە..
ئەمان لێرە عەقڵی هۆشمەندیان لا گرنگ نییە چونکە هۆشی خۆیان لای کۆی کۆمەڵگە نییە بەڵکو لای تاقمی حزبی و بنەماڵەو لە باشترین حاڵەتدا لای ئەو حزبەیە کە بەشێکی بچوک لە میللەت پێکدەهێنێ و خۆی لەناو خۆیدا هەلاهەلا بوەو بە سەد پینەش نابێتەوە بە حزبێک بۆ سەردەمی سەرمایەداری چ جای بۆ قۆناغی هۆشمەندی زیرەک و دەستکرد.