سەردەمی نائومێدی... ( بە بۆنەی سەری ساڵی 2020)
12/29/2020 11:03:00 AM
بابەكر دڕەیی
کۆتایی
هەفتاکان زەمەنێکی چارەنوسساز بو بۆ باشوری کوردستان.
ئێمە، واتە ئەوانەی
لەوکاتەدا تازەلاو بوین و تەمەنمان 14 و 15 بو، شایەدبوین لەسەر هاتن و دەسپێکی قۆناغێک
لە ژیانی سیاسی کە لە دو ئاراستەی تەواو جیاوازدا خۆی دەبینیەوە و گۆڕانکاری
دروستدەکرد.
لە لایەکەوە بەعسیەکان
لە لوتکەی توندوتیژی و زەبرو زەنگی خۆیاندا بون چونکە دوای شکستی 1975 خۆیان لێ
ببوە خوای ئەرزو ئاسمان و حسابیان بۆ هیچ هێزو جولانەوەو نارەزایەتیەک نەدەکرد،
کوردستانیان کردبوە تاریکستانێکی پڕ لە نەهامەتی و ستەم و زۆرداری، بە کەیفی خۆیان
خەڵکیان دەکوشت.. کورد و عەرەب بەلایانەوە یەکسان بو. لەو دو سالەی دوای دەسپێکی خەباتی
چەکداری ینک، جگە لە شەری پێشمەرگە، سەدان کەسیان بە تۆمەتی جیاجیا خستە زیندانەکانی
موسل و کەرکوک و ئیعدامیان کردن.
لە ئاستی عراقیشدا
سەدام و بەعس زۆرینەی پیاوە بەهێزو ئێسقاندارەکانی ناو خودی بەعس و دەرەوەی پاکتاو
کردو کوشتنی، یان لە مەیدان وەدەری نان و زەمینەی فەوتاندنیانی رەخساند.
لە لایەکی ترەوە،
دەنگ و رەنگی شۆرش و سەرهەلدانەوەی پێشمەرگە رۆژبەرۆژ دڵ و دەرونی خەلکی رۆشندەکردەوەو
گیانی بەرگری و بەگژاچونەوەی ستەم و زۆرداری لە هەمواندا بەهێز دەکردەوە.
روداوەکانی
سالی 1978، واتە دو ساڵ دوای دەسپێکی خەباتی چەکداری لەلایەن یەکێتی نیشتیمانی
کوردستان و ژمارەیەک رێکخراوی ترەوە، ریزبەندی پێشکەوتنەکان باشتر دەرئەخات.
راستە سالی 78 بۆ
یەکێتی نیشتمانی کوردستان ساڵێکی تا بڵێی شوم و پڕکارەسات بو، بەڵام لە هەمان
کاتدا، بە هۆکاری وەک سەرهەلدانی شۆرشی ئێران و تورەیی خەلک و لێبڕاوی
سەرکردایەتیەوە ، سالی هەستانەوەو خۆگرتنەوەش بو.
هەر لەو سالەدا
دەیان و سەدان چالاکی بچوک و گەورە دژی بەعس ئەنجامدران.
لە سالی 78 دا یەکێتی
سەدان کادری بنچینەیی، چ سەربازی یان سیاسی، لێ کوژراو شەهید بو.
زیانی ئێجگار گەورە
بە جەستەو روحی کەوت بە ئەندازەیەک کە لە فەوتان نزیک بوەوە ( وەک کاک نەوشیروان
مستەفا لە بەرگی یەکەمی بیروەریەکانیدا باس دەکات ل 312)، بە وتەی ئەو، کە لە رابەرە
هەرە دیارەکانی شۆرش بو، دۆخەکە گەیشتبوە ئاستێکی ترسناک.
لە سالی 1978 دا
:
لە قەرەداغ کاک
شاسوار جەلال شەهید بو،(کانونی دوەم)
لە دڕیی شینکایەتی
ئەحمەد فتحاللە و خانەی موعینی و پۆلێک پێشمەرگە شەهید بون. (20ی حوزەیران)
لە هەکاری و شەمزینان
عەلی عەسکەری و خالید سەعید و حەوسەت پێشمەرگە شەهید بون یان فەوتان و پەرتەوازەبون..
..( 20 ی حوزەیران و دواتر.. )
ئەم شکست و هەرەشە
گەورانە بۆ سەر جەستەی یەکێتی لە کاتێکدا بو کە دەیویست زیاتر خەریکی خۆئامادەکردن
بێت و خۆی لە شەری هەموان لابدات، سەرباری ئەوەش سەرەتای هەمان ساڵ، بە ناچاری،
توشی شەری زۆر قورس ببو لەگەل رژێمدا .
شەری دەشتێو ی
نزیک قەڵادزە( مارتی 1978) یەکێک بو لەو پێکادانە
گەورانەی کە دواتر فەرماندەی یەکەمی بەعس دانی پیانا زیاد لە پێنج هیلکۆپتەریان
توشی زیان بوە و چەندین کەسیان لێکوژراوە.
دوای کارەساتی هەکاری،
شۆرش نەشکا و هەستایەوە. نەوشیروان مستەفا لە چەند پەرەگرافێکدا چۆنیەتی ئەو هەستانەوەو
خۆرێکخستنەوەیەی دیکۆمنت کردوە:
"لەگەل مام جەلال سەدان نامەمان نوسی بۆ رێکخراوەکانی یەکێتی، فەرماندەکانی پێشمەرگەو،
کەسایەتی و پیاوە ناسراوەکانی کورد، سەرانی ئێل و ریش سپی و پیاوماقولانی ناوچەکان،
روداوەکانی هەکاریمان بۆ رونکردنەوە، داوامان لێکردبون: هەرکەسە بە گوێرەی توانای
خۆی بەشداری بکا لە ژیاندنەوەی شۆرشەکەدا. بە پارە، بە چەک، بە چەکهەلگرتن و پێشمەرگایەتی،
بە قسەی باش و رێکخستن.
کارەکەمان لە
ماوەیەکی کورتدا ئەنجامی زۆر گەورەی بەدەستەوەدا. خەلک بەدەنگمانەوە هاتن بەسەدان
کەس بە چەکی خۆیانەوە لەسەرانسەری کوردستاندا بون بە پێشمەرگە. هێزێکی تایبەتیمان
بۆ مەکتەبی سیاسی دروستکرد. ناومان نا "هەرێمی پارێزگاری"، لە ماوەی چەند
هەفتەیەکدا 14 کەرتمان پێکهێناو، ژمارەیان لە 700 پێشمەرگە تێپەری. زۆری هەرێمەکانی
تریشمان بوژاندەوە.
هێزەکانمان لە گەشەکردندا
بون و تا ئەهات ژمارەیان زۆرتر ئەبو... "
دۆخی ناو شارەکانیش
قوڵپی ئەدا دژ بە بەعس، هەر شوێنێک ئەچوی باس باسی پێشمەرگە بو.
خەلک وردە وردە
ترسیان لە حکومەت ئەرەویەو بە هەر شێوەیەک بۆیان بگونجایە هەولیان ئەدا نارەزایەتی
خۆیان دەربخەن.
سیانزە سال دوای
کۆبوونەوەی خەلک لەدەوری یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەو چەندایەتی و چلۆنایەتیەوە،
راپەرینی بەهاری 1991 رویدا.
لەم راپەرینە جەماوەری
و سەرتاسەریەدا هیواکانی خەلک بۆ ژیانێکی ئازادانەترو عادیلانەتر خرانە بەر محەکی
تاقیکردنەوەی قورس.
یەکێتی و پارتی
فرسەتی زێرینیان دەسکەوت بۆ ئەوەی هەرێمێکی دەوڵەمەندو خوێندەوار و خاوەن سەرچاوەی
ژێرزەوی و سەرزەوی بگەیەننە ئاستی ولاتە پێسکەوتوەکانی ناوچەکە.
بەداخەوە ئەوە
روی نەداو دوای ساڵ و نێوێک لە دامەزرانی حکومەت، شەری ناوخۆیی سەریهەڵدا کە
زیانی سیاسی و
ئابوری و مرۆیی زۆری لە خەلک دا.
یەکێتی و پارتی
دوای رێکەوتنیان لەسەردەستی ئەمریکاو فرەنسە، دیسانەوە نەیانتوانی لە ئاستی حکومەتێکی
یەکگرتودا کاربکەن و رویان لە دوئیدارەیی و ناکۆکی ساردی ناوخۆیی کرد.
دەسەلاتدارانی
کوردستان دوای 2003 و روخانی تەواوی بەعس لە بەغدا، لە بری بنیاتنانی سیستمێکی
ئابوری بەهێزو دەزگاو دامەزراوەی توکمەی سیاسی و کارگێری، خەریکی بەشکردنی داهات و
دەسکەوتی ناچیزی حزبی و شەخسی بون.
یەکێتی و پارتی
لە دوای هاتنەمەیدانی ئۆپۆزیسێون و کرانەوەیکی دیموکراتی و رەخسانی بوار بۆ گفتوگۆی
سودبەخش و چاکسازی مەدەنیانە، کەوتنە گزی و فزی لەدەنگی خەلک و فشاردانان لەسەر ئۆپۆزیسیۆنی
نارازی و سەرەنجام دەرکردنیان لە پەرلەمان و حکومەت بە شێوازی پاشا ستەمکارو زۆردارەکان...
یەکێتی
و پارتی خراپترین و کارەساتبارترین مامەڵەیان لەگەل نەوت کرد کە سەرچاوەی سەرەکی
داهاتی هەرێمی کوردستان بو.
رێگەیان
دا ترسناکترین پەیماننامە بۆ فروش و بەرهەمهێنانی نەوت ئیمزا بکرێ و ئەمەشیان لەخەڵکی
وڵاتەکە شاردەوە.
رێیان دا و نەرمیان
نواند دەیان و سەدان کۆمپانیای وەهمی و ناوەهمی بەرهەمهینانی نەوت لەدەستی حکومەت
و دەزگا رەسمیەکان دەربێنن و داهاتی تاقە سەرچاوەی وڵات بۆخۆیان ببەن.
دەسەڵاتدارە ئەسڵیەکانی
کوردستان 29 ساڵی رێکە هەر خۆیان و گروپێکی ملکەچی خۆیان دەسەلاتدارن و نە ئامادەن
دەزگایەکی دەوڵەتداری مەدەنی دابمەزرێنن و نە رێگاخۆشدەکەن پارت و رێکخراوە ئۆپۆزیسیۆنەکان
بەرنامەکانیان جێبەجێبکەن و پێسنیارەکانیان بکرێنە کردار.
یەکێتی و پارتی
دوای هاتنی پەتای کۆرۆناو سەختبونی قەیرانی ئابوری کە بەرهەمی سیاسەتی درێژماوەی خۆیانە،
هیچ بەرنامەیەکی چاکسازی و مرۆڤدۆستانە و مەدەنیان لە جانتادا نەماوەو، بە حوکمی
دارشتنی بناغەیەکی خواروخێچی دەسەڵات و سیستمی گەندەڵی و خزمخزمێنەی دواکەوتو، لەباریاندا
نیە کە دۆخی کارەساتباری وڵات راستبکەنەوەو لەم قەیرانە ترسناکە دەربازی بکەن.
یەکێتی و پارتی
بونە دو دەزگای بوغرا و نابەرپرس، کە جگە لە تاقمی سەرمایەدارو گەندەخۆرەکانی نزیکی
دەسەڵات، هیچکەس دەستی پێیان ناگات و گوێ لە هیچکەس ناگرن.
کورد
لە هەرێمی کوردستاندا کەوتوتە قورسترین قۆناغی نائومێدی بنبەستی سیاسی و دارمانی
ئابویەوە.
دەسەلاتدارانی
ئەم هەرێمە ئاگایان لە دۆخی خەڵک نەماوەو کوژرانی دەکەس یان سەد یان هەزار خۆنیشاندەر
لە جادەکاندا بەلایانەوە روداوێکی ئاساییەو هیچ مانایەکی سیاسی یان سۆسیۆلۆژی بۆ ئەوان
نیە.
ئێمە لە خراپترین
قۆناغی مێژووی خۆمانداین.
لێپرسراوی ئەم
کارەسات و تاریکیە چین و توێژە هەژارو کەمدەرامەتەکانی وڵات نین.
لێپرسراوی ئەم قەیرانە
موچەخۆرانی ئەسڵی و بندیواری کوردستان نین.
لێپرسراوانی ئەسڵی
ئەم کارەساتە سیاسی و ئابوریانە جگە لە دەسەڵاتدارو بریاربەدەستەکانی یەکێتی و
پارتی کەسی تر نیە.
دەبێ خۆیان چۆنیان
تێکداوە واش چاکی بکەنەوە.
چۆن بێئومێدیان
هێناوە بە هەمان شێوەش گوێ بۆ شارەزایان و دلسۆزان بگرن و ئومێد بگێڕنەوە بۆ خەلک.
چۆن نەوتی وڵاتیان
هەرزانفروش کردوە هەر خۆیان چارەسەر بۆ هەڵەکەیان بدۆزنەوە.
پێویستە دەسەڵاتدارانی
وڵات رێز لە ئۆپۆزیسۆن ی وڵات بگرن و لە دنیای غرور و فەنتازیای سوڵتانی بێنە دەرو
وەک ئینسانی راستەقینەی سەدەی 21 بیربکەنەوەو هەستبکەن خەڵکی کوێن و پێش راپەرین لە
کوێ بون و بەچی گەیشتون.
پێویستە وەک سەرکردە
تێکۆشەرەکانی زەمانی شاخ داوا لە هەمو چین و توێژەکانی کۆمەل بکەن پێشنیار و چارەسەریان
بۆ بنێرن و سود لەم پێشنیارانە وەربگرن..
پێویستە نائومێدی
بگۆرن بە هیوای جوان و قابیلی جێبەجێکردن..
کوردستان لە هەمو
رویەکەوە دەوڵەمەندو نمونەیە.. بەداخەوە تەنها لە نوخبەی دەسەڵات و کارگێری وڵاتا
هەژارو کەمدەست و دەستەپاچەیە..
ئێمە لەسەردەمی
بێهیوایی و تێکشکانی دەستەجەمعی روح و جەستەداین..
کێ دەتوانێ لەم
تاریکستانەدا چرایەک هەڵکا؟
کێن ئەوانەی گوێ
بۆ دڵسۆزان و خەمخۆرانی ولات دەگرن؟
ولات پێویستی بە
هیممەت و دیدگاو فکری داهێنەرانەیە...
کاتیەتی ئەو قسەو
پێشنیارانەی دەتوانن شتێک بگۆرن، ببیسرێن و بێنە بەر زەین و شاشەکان.
کاتیەتی هیوا بۆ
میللەت بگەرێتەوەو قەیرانە تاریک و ترسناکەکان
بگۆرێن بە هیواو پرۆژەی کرداری..
کاتیەتی...
کاتیەتی بە روحی
سەرەتای شۆرش، بە گیانی کۆتایی هەفتاکان و خەبات و گیانفیدایی پێشمەرگەوە جارێکی
تر دەنگی نوێ ببیستین و هەستینەوە.