605وتار

بۆنی فاشیزم یان بۆنی غرور و چەواشەکاری؟ .. (سەرنجێکی تر لە "مێژونوسی" مەلا بختیار )

9/21/2020 7:23:00 PM
بابەكر دڕەیی

گفتوگۆی مەلا بەختیار لە کەناڵی "روداو" کاردانەوەی زۆری لێکەوتنەوە. کاردانەوەی توندو جۆراوجۆر ئەوەش - بێگومان - هۆکاری زۆری لە پشتەوەن.
دلنیام تاماوەیەکی زۆر ئەم بابەتە کەسانێک سەرقاڵ دەکات، بەو حوکمەی پەیوەندی راستەوخۆی بە خەبات و مێژوی ئەوانەوە هەیە و روداوی ئالۆز و مانادار تیایدا رویاندا و کەسانی هوشیارو بە ئاگاش لە هەردو بەرەکە لەژیندا ماون کە زۆربەیان ئەهلی سەرنج و قەلەم و گێرانەوەن. کاردانەوەکان زۆرو جۆراوجۆرن.. مەسەلەکە تەواو ئالۆزو هەمەلایەنەیە و قسەکردن تیایدا جیاوازیەکی وای نیە لە رۆشتن بە ناو کێلگەی میندا... بێگومان هۆکاری ئەوەی زۆربەمان بێدەنگەمان لەو مێژوە تاریک و پڕلەستەم و فیتنەوروژێنە کردوە ئەوەیە کە بەرژەوەندی باڵاتری گەل بپارێزین و لەسەر مێژویەکی پڕململانێ و چەوتی و هەڵە و بێوەفایی و خۆپەرستی دیسان پەلاماری یەکتر نەدەینەوە و سەرەنجام بەوەندە رازین کە بە شێوەی ئەدەبی یان ئەکادیمی و " زانستیانە" لە بارەیەوە شت بنوسرێت و کەسانی ناو روداوەکان یان دەرەوەی، بە زمانێکی ئارام و " مێژونوسانە" تۆماربکەن..
بەلام کاک مەلا بختیار لەمەشدا سەرپەڕەو دەیەوێ وەک سیاسیەک و کاراکتەرێکی ناو روداوەکانی ئەمرۆ، وەک کەسێک کە خۆی پشکی شێری لە ململانێکان و کەرتبونەکان و هەلوێستگیریەکان بەردەکەوێت، خوێندنەوەی مێژوو بکات و تەرازوی خێرو شەری بۆ دانێ و هەر ئەمەش وایکردوە کە بێدەنگترین کەسەکانیش بێنەقسە و، بەو حوکمەی کەوتونەتە بەر شالاوی چەواشەکاری لە مێژونوسینەوەدا، داکۆکی لە مێژووی ئێستاو رابوردویان بکەن.
کاک بختیار بەلایەوە ئاساییە ناو کێلگەی مین بکەوێت. چونکە دۆخی ئێستای وادەخوازێت، ئەمەش بابەتێکی جیاوازە و لێرەدا بواری باسکردنی نیە... بەلام با بزانین ئێمە بۆ ئەڵێین کێلگەی مین؟ چونکە روداوەکان بە ئەندازەیەک تێکچرژاون کەناشێ هەمو کەس تخونی بکەوێ بەم جۆرە:
یەک. کۆمەلەو یەکێی کەرتکرا و بوە دوبەش، بەشێک بە رێبەرێ کاک نەوشیروان و مام جەلال لەگەل کۆمەلەو بەشێک لەگەل ئالای شۆرش بە لێپرسراوەتی مەلا بختیار ( 1985_1992).
دو. سەرلەنوێ زۆرینەی کەسەکانی ئالای شۆرش لەگەل یەکێتی یەکیان گرتەوە و هەنێکیان لە بابەتی مەلا بەختیار تیایا بونەوە بە بریاردەر و لێپرسراو( 1992_ 2007).
سێ. جارێکی تر بەشێکی زۆر لە کادرو ئەندام و فەرماندەکان بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەی نەوشیروان مستەفا یەکێتیان جێهێشت و کۆمپانیای وشەو بزوتنەوەی گۆران یان دروستکرد(2007 _...) ئاشکرایە ئەم پرۆسەو هاوکێشەیە سادە نیەو هیچ کەسێکی سیاسی ناو ئەو دۆخە پر لە ناکۆکیە ناتوانێ، لەهەلسەنگاندنی روداوەکاندا ئیدیعای بێلایەنی بکات.. ئەمە جگە لەو سەرنجە جدیەش کە دەشێ سەبارەت بە کۆی روداوەکان هەمانبێ و بزانین ئاخۆ تا چەند هەلسوکەوت و ململانێکانمان ئاقارێکی مانادار و مێژوییان هەبوە و تا چەن لە حەقیقەتدا توانیویانە خزمەتی خەلکی کوردستان بکەن..
بەلام پێئەچێ کاک بختیار ئامادەنەبێ باجی ئەو ناوکەوتنە بدات و لەشانی قورس بێ وەلامی جددی رەخنەگرانی بداتەوە کە زۆرینەیان هاورێی سالانی شاخ و شاری خۆی بون.
بۆ بەرچاو رونی نەوەی نوێی کورد و ئەوانەی مەبەستیانە، لە خوارەوە چەند سەرنجێک ئەنوسم بەلکو بتوانم هەم زانیاری بدەمە ئەوانەی ئاگاداری مێژوو نین، هەم چەن سەرنجێک لە بارەی کۆی کێشەکەوە بخەمە بەرچاو لە وەلامی ئەو چەن هاورێیەی ئالای شۆرش ی ( کۆن) کە قسەکانی من لە سایتی" پەرەگراف" تورەی کردون و، ڕاستەوخۆو ناراستەوخۆ وەلامیان دامەوە و تۆمەتیان خستەپالم... ، بەرێزێکیان بە بێوەفا بۆ خوێنی شەهیدانی ئالای شۆرش، ئەویتریان بە هەولدان بۆ جێگە خۆشکردن و پۆستپەرستی و شتی لەو بابەتە وەلامیان دامەوە، هەلبەت بەو پاشکۆیەشەوە کە پێی وایە لە هەردو حالدا ئێمە لە توندەکان و بە حساب لە "هەڵۆکان" بوین جا چ لە ئالادا بوبێ یان لە گۆڕان دا. لەم نوسینەدا وەلامی سێ بابەت ئەدەمەوە کە کۆی بەرێزان مەلا بختیار، پشکۆ نەجمەدین، بورهان محمد فرج و چەن کەسێکی تر لە وەلامی قسەکانی من یان هاوڕێی تری گۆراندا خستیاننە ڕوو. بابەتەکان بریتین لە:
یەکەم : ئایا رەوایە دوای کۆچکردوان مێژویان بنوسرێتەوە؟( کاک بختیار بەدرئژی لە کۆنگرە رۆژنامەییەکە لەوبارەوە قسەی کرد.)
دوەم : کێ داکۆکی لە قوربانیەکان و شەهیدەکانی ئالای شۆرش کرد؟ ( کاک پشکۆ نەجمەدین زۆر بە تورەیی لە پەراوێزی وتارەکەیا بە گژ منا هات کە گوایە پشتم لە خوێنی شەهیدەکان کردوە)
سێهەم : گوایە هەر هەلۆکانی ئالای شۆڕش ن ئێستە بونەتە هەڵۆکانی بزوتنەوەی گۆڕان و داکۆکی لە میراتی نەوشیروان مستەفا دەکەن. ( مامۆستا بورهان محمد - پەرلەمانتاری پێشوی عراق - وتارێکی درێژی لە بارەی ئێمەوە نوسیوە)
بۆ مەسەلەی یەکەم کە ئایا دەکرێ مێژووی کۆچکردوان و سیاسەتمەدارە کاریگەرەکان بنوسرێتەوە و لە یادوەریەکاندا باس بکرێ بێگومان وەلامەکە روونە کە دەکرێ و پێویستە بکرێ... وتەکانی ئێمەو هاورێکانی تریش لەوبارەوە کە نابێ شمشێر لە مردوەکان راستبکرێتەوە مەبەستمان حالەتی تایبەتی ناو کۆمەلەو ئالای شۆرش و یەکێتی و گۆرانە، واتە بەو مانایە نیە کە نابێ کەس مێژوو بنوسێتەوە بەلکو، لە حالەتی مەلا بەختیاردا، بەم جۆرەیە، یان ناچارین رونتر و زەقتر راستیەکان بڵێین بەم جۆرەیە:
1. کاک مەلا بەختیار د کەمال مەزهەر یان د کاوس قەفتان یان د تەها باقر یاخود د عەلی وەردی نیە بێت و مێژووی کوردستان و روداوەکانی بە بێلایەنی یان تا رادەێەک بە بێلایەنی بنوسێتەوە، ئەو خۆی لایەنێکی ئەسلی روداوەکان بوەو بە پێی دیدگای ئێستای من، ( سەرباری ئەوەی کە هەرجۆرە ئازاردانیکی خۆی و هاورێکانیم هەمیشە مەحکوم کردوە و کاتی خۆیشی 2008 لە لڤین ئەوە تۆمارکراوە) جۆری سیاسەتکردن و شێوازی جیابونەوەو تاکتیکی سیاسی ئەو زۆر پر لە خەوش و هەلەبوە و ناتوانێ ببێتە دادوەرێکی ئاسایی بۆ کئشەیەکی ئالۆزی سەردەمی شاخ. مەلا بختیار ناتوانێ و نابێ ببێتە مێژونوسی سەردەمێک کە تیایدا ئینشقاقی کردوە و لەسەر ئەوەش سزادراوە، لەبەر هیچ هۆیەکیش نەبێ لەبەر یەک هۆ: چونکە ئەو دوای راپەرین و سەرکەوتنی یەکێتی بە رێبەری کاک نەوشیروان و مام جەلال تێکەڵیان بۆتەوە و هاوکاری کردون.. دەپرسین ئایا ئەو هاوکاری و ئاوێتەبونەوەیە بە مانای رەزامەندی لەسەر سزاکەی شاخ نیە؟ ئەگەر بەڵێ ئیتر هەلدانەوەی لاپەرەکانی شاخ و ئینشقاق مانای چی، ئەگەر نا، کەواتە بە چ پێوەرێک کاک بختیار خۆی بە خاوەنی یەکێتی و میراتەکەی دەزانێ لە کاتێکا هەمو خەلکی گۆی زەوی دەزانن کە مام جەلال و نەوشیروان مستەفا دامەزێنەرو رێکخەرو مەکینەو مێشکی سەرەتا تا کۆتایی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بون؟
2. کاک مەلا بختیار لە نوسینەوەی بیروەری و گفتۆگۆی "روداو" یش دا دەربارەی ململانێکان و و روداوەکان، سەرباری لایەنداری تا ئاستی غرورو و سوکایەتی بە کاراکتەرە کۆن و تازەکان، ناڕاست بوە و دور لە واقیع شتەکانی تۆمارکردوەو گێراوەتەوە. بۆیە، کاتێک ئینسان دلنیابێ کەسێک خەریکی مێژونوسینەو لەهەسێ بەهرەی راستبێژی و بێلایەنی وعەدالەت بێبەشە، بێگومان هەولدەدات کە رای خۆی بە هاورێکانی و کۆمەلگا بلێت کە بابەتەکە بەو جۆرەیە... دیداری رۆژنامەوانی و نوسینی دەیان کەسی بەشدار لە روداوەکان سەبارەت بە کتێب و دیدارەکەی ملا بختیار، ئەو حوکمەی ئێمە دەسەلمێنێ کە نابێ هەنێ کەس پەلاماری مێژوو بدات..چونکە ئەم جۆرە مئژونوسیە زۆرتر لە بابەتی ئەو کتێبنوسینەیە کە ژەنراڵێکی بۆناپارت دوای شەری واترلۆ تۆماری بکات بەو مەرجەی خۆی چوبێتە پال لەشکری سەرکەوتوی بلۆخەر یان ولینگتن..
3. هۆیەکی تری نارازیبونی من و دەیان و سەدانی تر لەم مێژو نوسی و تۆماری بیرەوەریە، سەرباری ناراستی و لایەنداری مەغرورانە، ناعادل بون و دورکەوتنەوەیە لە رێز و حورمەتی هاورێکان. کاک بەختیار بە دەنگی بەرز لە چەند شوێنێ وتویە کاک نەوشیروان یەکێکە لە پیاوە مێژوییەکانی کورد و لە رەهبەرە دەگمەنەکان، گەروایە ئەپرسین بۆچی تاوانی تەقاندنەوەی بەنداوی دەربەندیخان و دەیان تاوانی تر ئەخەیتە پاڵی؟ گەر وایە و پێت وایە کاک نەوشیروان دیاردەیەکی بێوێنەی مێژووی ئێمەیە چیت داوە لەم سەرئێشەیەی بۆ خۆت و هەمومانت دروستکردوە و بەراست و چەپدا فیگەرەکان دەشکێنی و سەنای خۆت دەکەی؟ خێرەکەی چیە بۆمان رونبکەرەوە... سەرباری ئەوە، کاک بەختیار هاورێکانی خۆی بە منال و مەزن حساب دەکات: لەسەر گۆرەکەی و لە مەراسمی ناشتندا بە تێکۆشەرێکی ماندوی وەک حەمە ئاواتی ئەوت "خۆم پێم گەیاندوە"... بە هاورێکانی ئێستای سەرکردایەتی یەکێتی ئەلێ "زەلاتە".. پێیان ئەلێ سەدی نەوەتیان نەخوێندەوارن و لە تاقیکردنەوەی مێژوی یەکێتیا دەرناچن.. بە بروای من گەر ئینسان عەبقەریەتی ئەنشتاینی لە فیزیک دا هەبێ ، و زیرەکی ناپلیۆن یشی هەبێ لە زانستی سەربازیا، دیسان ئەو قسانە دورن لە ئەتەکێت و ئوسولی هاورێیەتی و حزبایەتی و کاری هاوبەش و پڕلە متمانە...

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن