فاڵتۆدائیراسیەكانی سلێمانی راگرن با سەرتان نەخوات
11/20/2022 11:12:00 AM
موعتەسەم نەجمەدین
لەم وڵاتەی ئێمەدا گەندەڵی و خراپی بەرێوەبردن و نەشارەزای لە سیاسەت و فەرمانرەوای نەخۆشیەكی گەلێك كوشندەیە و وەك گەرگەری تەواوی جومگەكانی ژیانی خەڵكی ئەم هەرێمەی گرتوەتەوە. كاتێك باس لە هەر برس و كەرتێكی بەریوەبردن دەكەیت لێشاوێك چڵكاوی گەندەڵی بەرووتدا دەپرژێت و نازانیت چۆن خۆتی لێقوتار كەیت، هەندێك جار بە ناچاری پەنا بۆ خۆدوورخستنەوەو و پشتگویخستن دەبەیت. لەم وتارە قنجۆكەیەدا زۆر ئەستەمە بتوانرێت تەنیا سەرەباسەكانی گەندەڵی فەرمانرەوای خراپ باس بكەیت، ئەم باسە چەندین بەرگ كتێبی دەوێت، بەڵام هەندێك خەمی خۆم لەمەر ئەم پرسە وەك نمونەی دەیان خەروار لیتاوی گەندەڵی و خراپی فەرمانرەوای ئەم هەرێمە دەوروژێنم.
من بۆخۆم كەسێكی كەمتەرخەمم، تا ئەو ئاستەی بۆم بلوێت زۆر خۆم لە كاری رۆتین و چون بۆ فەرمانگەكانی حكومەت بەدوور دەگرم. لە ماوەی پێشوودا بۆ كارێكی ناچاری رێگام كەوتە چەند فەرمانگەیەكی حكومەت لە سلێمانی، پێشتر زۆر قسەوباسم لە سەر رۆتینات و كەمتەرخەمی و فاڵتۆی لە فەرمانگەكانی حكومەتدا بیستبوو، بەڵام ئەمجارەیان بۆخۆم رێمكەوتە چەند فەرمانگەیەكی حكومەت. بە داخەوە ئەم مامەڵەیەی من زیاتر لە دوو مانگی خایاند، رۆژانە بە دوای مامەڵەیەكی زۆر سادەوە بووم و رۆژانە دیاردە و روداوی سەیرو سەمەرەم دەبينی، كە هەندێكیان قابیلی باسكردن نیە، هەندێكیشیانم لە بیر نەماوە، ئەوەی لە زیهنمدا زۆر داچۆریوە، بەراستی سیمای هەموو ئەو خەڵكانیە، كە رێگایان دەكەوێتە فەرمانگەكان و هاوكات ئەو سوكایەتی و بێ رێزیەیە بە زۆر كەس دەكرێت. ئەمە جگە لە نەبوونی كەلتورێك بۆ رێكخستنەوەی پەیوەندی نێوان فەرمانبەر و موراجع، كەم شارەزای هەندێك فەرمانبەر و دانانی كەسانی ناشیاو لە پۆست و پلەی ئیداری زۆر هەستیاردا، هەڵبەت مەبەستم ئەو پلانەیە، كە راستەوخۆ لە گەڵ هاوڵاتیدا پێكدادانی دەبێت، رەوشێكی زۆر خراپی لە بەرێوەبردنی كار و ئەركەكان خوڵقاندوەو هاوكات بوەتە خۆركەی حورمەتی حكومەت و فەرمانرەوای لەم دەڤەرەی ئێمەدا. من بۆخۆم بۆ ماوەی زیاتر لە دەساڵ بەریوەبەر و جێگری سەرنوسەری هەفتەنامەی هەواڵ بوومە، سەدان كەیس و باسی سەیرو سەمەرەمان بەرچاو دەكەوت و بڵاومان دەكردەوە، بەڵام ئەو كات كاربەدەستانی حكومەت و حزب لە راگەیاندن دەترسان، چونكە دەیانزانی بە بڵاوبنەوەی هەر كەیسێك، كەسانێك هەن بەدواداچونی بۆ دەكەن و لێپرسینەوە لە كەمتەرخەمی و گەندەڵی دەكەن، هەر بۆیەش سەدان كەس، كە كێشە و گرفتی دەبوو رووی دەكردە ئێمە تا باسەكەی بۆ بورژێنین، بەڵام ئەوەی سەیرە لە ئەمرۆدا كەس نە لە رۆژنامە و بڵاوكردنەوەی كەمتەرخەمی و گەندەڵی دەترسێت و نەكەسیش ماوە لێپێچینەوە لە گەڵ ئەو كەسانەدا بكات، كە خوار و خێچ مامەڵە دەكەن.
بگەرێمەوە سەر باسی مەقسەد، یەكێك لەو دیاردانەی لە فەرمانگەیەكی سلێمانی هەر لە سەرەتاوە رووبەرووم بوەوە، ئەو دیاردەیە بوو جگە لەوەی كەس رەوت و ئاراستەی موعامەلەكان نازانێت و هەمووی هەر بەرێت دەخات، لە ژورێكیی فەرمانگەدا چەند فەرمانبەرێك دانیشتون، تەنیا یەكێكیان سەرقاڵە ئەوانیتر خەریكی قسەوباس و یاریكردنن بە مۆبایلەكانیان، ئەگەر بەختی تۆ وەك بەختی من لار بێت ئەوە ئەو فەرمانبەرە مەوڵەتی هەیە تۆیش دەبێت مامەڵەكەت راگریت تا ئەو كاتەی ئەو دەگەرێتەوە بۆ دەوام، چونكە كەسیتر ئامادە نیە كارەكەی ئەو بكات. لەمەیش خۆشتر من دوای سێ رۆژ گەرامەوە ئەو فەرمانگەیە، ئەو فەرمانبەرە بەرێزە مامەڵەكەی لێم وەرگرت و وتی برۆ دە رۆژیتر وەرەوە، من بۆخۆم ئەم وڵامەم زۆر بەلاوە گران بوو، بۆیە پێموت زۆر نیە دە رۆژ بۆ مامەڵەیەكی وا سادە. ووتی كارم زۆر بەسەردا كەوتووەو ناتوانم بۆت تەواو بكەم. منیش بە ناچاری چومە لای بەرێوبەری فەرمانگەكە، ئەویش فەرمانبەرەكەی بانگكرد و پێیوت: بۆ دە رۆژ لەویشدا تۆزیك مودەكەی كەمكردەوە، بەڵام بەویشی ووت، سەرقاڵم و ناتوانم بە خێرایی بۆی تەواو بكەم، بەرێوەبەر پێی ووت برۆ بە دوو رۆژ بۆی تەواو بكە، بەڵام فرەمانبەری بەرێز دواتر قسەی خۆی بردە سەر تا دە رۆژەكە تەواو نەبوو بۆی تەواو نەكردم. دواتر كتابی بۆ كردم بۆ فەرمانگەیەكیتر لەوێ كارەكانیان بۆ تەواو كردم ووتیان دەبێ بیبەیت بۆ وزارەت لە هەولێر، وتم ئەی ئێوە بۆخۆتان بەریدتان نیە، وتیان هەمانە، بەڵام جگە لەوەی دوا دەكەوێت، هاوكات زۆر لە مامەڵەكانیش وون دەبن. لە كاتی ونبوونی مامەڵەكەتدا ئێمە بەرپرس نین، بۆیە باشتر وایە خۆت بە دەستی بیبەیت بۆ وزارەت. من تا ئەو كات پێموابوو ئەو مامەڵانە بە ئیمێل دەچێت بۆ وزارەت و وڵامەكەیشی هەر بە ئیمێڵ دەگەرێتەوە، چونكە چەندین ساڵە سەرۆك و جێگرەكەی باسی سەرەكی سەر زاریان بە ئەلیكترۆنیكردنی حكومەتە. ئەمە ئەگەر كارت بكەوێتە دادگا و شەق و تێهەڵدان نەخۆیت باش بەختیە. ئەگەر بتەوێت كارتی زانیاری دەربهێنیت یان كارتەكەت نوێكەیتەوە، ئەوە خزمی ئالی عوسمانیش بیت، جەڵدە لێت نەدات، مەولید پێغەمبەری دەوێت، ئەگەر كارت بكەوێتە پەروەردەی رۆژهەڵات كارەكەت بە پشتی كیسەڵیش نارواتە پێشەوە .
بەرێزان لە سەرۆك و جێگرەكەی و تەواوی دارودەستەكەی فەرمانرەوای فاڵتۆدائیراسی كوردی، دەبێت ئێوە بزانن، تەنیا بچراندنی پەتی نادادی و زوڵم و گەندەڵی نابێتە هۆی راپەرینی خەڵك، هەندێكجار لە كارەساتێكی بچوكەوە دۆخەكە دەشڵقێت و تەرو شك پێكەوە دەسوتێت. راپەرینی گەلانی میسر لە دژی حوسنی موبارەك و روخانی رژێمەكەی لە دەمەبۆڵە و شەری نێوا پۆلیسێك و وردە فرۆشێكەوە گری گرت، راپەرینی ئەمرۆی گەلانی ئێران لە سەر سەرپۆشێك تەقیەوە. لە كوردستان ئێوە بێ ئاگان لە خەڵك و ئازارەكانی، بەڵام دڵنیابن رۆژێك لە فەرمانگەیەكەوە یان لە لاكۆڵانێكەوە رەوشەكە بە شێوەیەك دەتەقێتەوە تا سەرتان نەخوات نانیشێتەوە.