6وتار

کۆیلایەتی لە سەردەمی دیجتاڵیدا

4/9/2026 12:32:00 PM
موعتەسەم نەجمەدین

لە دەم و دۆخێکدا، لە ناو گەشەی چڕی پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیای دیجیتاڵیدا، لە ساتێکدا مرۆڤایەتی لە چاوەروانی هاتنی بەهەشتی داهێنان و خزمەتگوزاری زانست و تەکنۆلۆژییای نوێدا خەون و خەیاڵدانی مەستی هاتنی خۆشگوزەرانی و زەمینەیەکی پڕ لە هیوایە، هەر لەم دەمەدا ئاوازەی لە قوڵای نەستیدا ترسێک دەروێنێت، ناروونی خیاڵ و سەرابی ئایندەی دێوەزمەی برسێتی و نەهامەتی دەروێنێت. گومانکردن لە دەرهاویشتەکانی گۆڕان و نوێبوونەوەدا پرسێک، شتیک وونە. دەرهاویشتەکانی پێشکەوتن و گۆران لە کاکەڵەیدا چ با ڕەشێکی حەشار داوە، نەخشەی چ چارەنوسێکیی بۆ ژیانی داهاتوومان کێشاوە، لایەنی نەرێنی ئەم گۆرانکاری و دەمە نوێیە ئاوازەی مرۆڤی ژیر سڕ دەکات. رێگا نادات ئەسپی هۆشی هەڵمەت بەرەو ئایندەیەکی روون تاو بدات. لە هاناوی زانست و تەکنۆلۆژیای دیجیتاڵیدا مۆدێلێکی نوێی کۆیلایەتی چەکەرە دەکات، ئامراز و پایەکانی بە کۆیلەکردن لە خولکە و کاکەڵەی جەستە دەردەچێت و لە ناو هزر و هۆش و ئەقڵدا چوار مشقی لێی دادەنیشیت. 

لە رابردوودا کۆیلایەتی لە رووناکیدا دەزیی و لە ئامێزی ستەمکاری و تاریکیدا گەورە دەبوو، تا تەواو پەروازە دەبوو، ئامرازەکانی کۆیلەکردن لە زیندان و ئەشکەنجەدان لە شەڕی شکاندنی شکۆی مرۆڤدا چلوورەی دەبەست، بۆیە پرسی رزگاربوونیش لە رووناکیدا و لە شکاندنی زیندان و بچرانی کۆت و زنجیردا هێمای وەردەگرت، لە ئەورۆدا تەکنۆلۆژیای دیجیتاڵی و ژیری دەستکرد مۆدێل و فۆرمێک لە کۆیلایەتی وەبەردێنن و دەیسەپێنن، مرۆ لە مێژووی دوور و درێژیدا و لە هیچ سەردەم و زەمانێکدا نەیدیوە و نەی چەشتووە. کارکردن لە سەر کۆیلەکردنی ئەقڵ و هۆش و ئاوەزەی مرۆ، بە بەرنایەکی زۆڕ ورد و دڕشت و بەبڕشت بونیاد دەنرێتەوە. لەم کەتوارەدا لیبرالیزمی نوێ لە جوغزی قەیرانە ئابووری و هزریەکانیەوە، لە ڕێگای چەند کۆمپانیەیەکی زەبەلاحەوە، ئەقڵ و ئاوەز و بیری ئادەمیزاد گاڵی نەزانی گەمژەی و گەوجی دەدات. 

سەکۆ و پێگە ئەلکترۆنیە دیجیتاڵیەکان، نەک تەنیا مرۆڤ لە نهێنی رووت دەکەنەوە، چاودێری هەموو هەڵسوکەوت و بیرکردنەوەکانیشی دەکەن، تەواوی ژیانی ئێمە دەکەنە فلمێکی دیکیۆمینتاری، لە خودی خۆمان زیاتر دەمان ناسن، شێوازی بیرکردنەوەو دنیابینیمان تا دەگاتە بریار و کردەوەو ئارەزو و هەڵسوکەوتەکانمان لای ئەوان ئاشکرا و روونە. کۆت و بەندەکان لە ئەقڵ و ئاوازەمان دەدەن، کۆیلایەتی وەک ئەرک و بەرپرسیارێتی لە ناخماندا دەروێنن. 

لێرەدا نهێنی فاکتی جیاوازیەکە لەوەدایە، ئادەمیزاد لە مەنزڵی کۆیلایەتی جەستەدا هەستی بە کۆیلەبوون و ئازارەکانی چەوسانەوەو کۆت و بەندەکانی ستەمکاری خۆی دەکرد، ئاوەز و بیری لای ئەوە بووە، کە چۆن خۆی لەو کۆیلایەتیو ستەمکاریە رزگار بکات، بە بەردەوامی لە چاوەروانی ئەوەدا بووە، کە هەلێک برەخسێت، رۆژێک هەڵبێت، هێز و وزەی بگاتە ئاستێک، بتوانێت کۆت کەلەپچەی بپسێنێت و رزگاری بێت، بەڵام لە زیندانی ئەقڵ دا، لە بەندیخانەی هۆشدا، کارەسات لەوەدایە کۆیلە خۆی وەک مرۆڤێکی ئازاد و سەربەست دەبینێت، هەست بە کۆیلەبوونی خۆی ناکات، هەر بۆیەش هەوڵی رزگار بوون و ئازادی لە هۆش و بیریدا نیە. لەم بارو کەتوارەدا، ئادەمی کۆیلە، کۆت و زنجیرەکانی ئەقڵی خۆی نابینێت، خۆی کۆت و کەلەپچەکانی دروست دەکاتەوەو کۆیلایەتی خۆی بەرهەم دێنێتەوە.  بە بەردەوامی کار لە سەر خۆگونجاندن لە گەڵ ستەم و کۆیلایەتی دا دەکات. لە مەڕ کۆیلایەتی دیجیتاڵی فۆکۆ گوزارشتێکی هەیە، دەڵێت؛ دەسەڵاتدارانی ئەورۆ پێویستیان بە زیندان و کەلەپچە و زنجیر نیە، بەڵکو زۆر ژیرانەتر دەرواننە پڕسەکە، دۆخێک دەرەخسێنن، وا لە تاک دەکەن بۆخۆی چاودێری خۆی بکات، خۆی ئامرازەکانی کۆیلەکردنی خۆی داهێنێت. لە فۆرمی کۆیلایەتی جەستەدا لە تەواوی مێژووی ستەمکاریدا، کۆیلەکردنی ئادەمیزاد پێویستی بە بەندیخانە و جەلاد و هەندێک جار ئایدیۆلۆژیا بووە، لە ئەورۆدا تەنیا پێویستی بە شێواندنی سیستمی بیرکردنەوەی مرۆیە، لێرەدایە ستەمکار زۆر ژیرانە و زۆر بە ئاسانی ئەقڵ و هۆش و ژیری و بیرکردنەوە لە تاکی ئاسای وەردەگرێتەوە. ئەم کەتوارە ئەو بارە دەخوڵقێنیت، کە قەبارەی کۆیلایەتی بە شیوەیەکی زۆر مەزن زیاد بکات، هاوکات زیادبوونەکەیشی بە بارێکیتردا باوەری گشتاندن دەسەپێنێت، بە واتە ئەو دەمەی کۆیلایەتی دەبێتە دیاردەیەکی زۆر بڵاو ئەو باوەرە دەخوڵقێت، کە ئەم فۆرمە رەوایەتی هەیە و دۆخێکە بۆ هەموان، بۆیە پیویستە لە دژی نەوەستنەوە. 

لە سەر ئەقڵ و دنیابینی و ئاوەزەی کۆیلە نیچە تێگەیشتنێکی زۆر گرنگ و روون دەخاتە روو، کاتێک دەڵیت؛ مرۆڤ لە دەمێکدا توانای بەرگریکردنی لە ستەمکاری لەدەست دەدات و توانای ئازادبوونی نامێنێت، ڕاناپەرێت، بەڵکو لاوازیەکەی دەکاتە فەزیلە و پیرۆزی. لەم ئاوازەیەدا مەترسیدارترین دۆخ دەخوڵقیت، فۆرمی کۆیلەبوونی ئارەزوومەندانە دروست دەبێت، تاکی کۆیلە لەم مەنزیلەدا ئەو باوەرە لای خۆی دەسەپێنێت، کە کۆیلەبوونی ئارەزوومەندانە جۆرێک لە مۆراڵ و ئازادیە، دۆخی تایبەتی ئەو دەیخوازێت.  کۆیلایەتی دیجتاڵی لە واتایی کۆیلایەتی هزر و ئەقڵ، شووناس وەردەگرێت، لەم بار و کەتوارەدا کەسی کۆیلە نەک هەر هێز و توانای یاخیبوون و هەوڵەکانی بۆ رزگاربوون نامێنێت، بەڵکو دەرئەنجام ئەم بیرکردنەوەیە دەبێتە پابەندبوون بەکۆیلایەتی بۆ ستەمکار. لە سەردەمی دیجیتاڵیدا زۆرینەی رەهای خەڵک وا هەست دەکەن ئازادن، بەڵام لە هەقیقەتدا ئەوان بەبێ ئاگای خۆیان بەرمەجەکراون، وەک مێگەل بە بێ هۆش دەجوڵێن و هەڵسوکەوت دەکەن.  لە ئەورۆدا سۆشیال میدیا مەزنترین مێگەل لە مێژووی مرۆڤدا دروست دەکات، بە ملیۆنا کەس دەخاتە دوای خەرەکێکی زۆر بە تال و بێ ماناوە. لە ئەورۆدا ئەوەی ئادەمیەکان وڕوکاس و بێ هۆش دەکات، زیاتر لە ستەم، نەزانی و گەمژەیە، مرۆڤی جافاکێش وەختێک ژیانی تاڵتر دەکرێت، دەکەوێتە ناو گێژاوی پێچەبەدەورەی ئاوەزەیەکی گاڵدراوی ترس و ناهومێدیەوە، وەک ئەسپی قاچاغچی تلیاکی نەزانی دەبێتە شەرابی خۆشگوزەرانی و سواخی هۆش و بیرکردنەوەی دەدات.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن