شەڕی باڵەكان كۆنگرەش ئیفلیج دەكات
10/8/2019 10:52:00 AM
موعتەسەم نەجمەدین
پرۆسەی دروستكردنی بریار و چۆنێتی بریاردان لەناو یەكێتیدا بە پێی هیچ پرانسیپ و رێبازێكی سیاسی دروست نابێت، بەڵكو بەرژەوەندی تاكەكەسی و لەسەر بنەمای عەقڵیەتێكی تاكرەوانە و پراگماتیانە، كە سروشی لە سروشتی خێڵەكیانەی كۆمەڵگای كوردیەوە وەرگرتوە بەرجەستە دەبێت. دابەشبونی بریار لە نێوان سێ كارەكتەری سەرەكی و چەند هێزێكی گەورەی سەربازی و سیاسی وایكردوە سروشتی بریارەكان نەك هەر لۆكاڵی بێت و توانای برینی سنوری سلێمانی نەبێتـ، بگرە بریارەكان ئەوەندە بەلاوازی دروست دەبن كەمجار ئامانج دەپێكن.
دابەشبوونی یەكێتی بەسەر دوو باڵی سەرەكی و چەند گروپ و ئاراستەیەكدا، باڵی ماڵی مام و باڵی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی و ئاراستەی لاهور تاڵەبانی و جوڵانەوەكانی مەلا بەختیار، و بوونی چەند گروپ و هێزێكیتر، كە هەریەكەیان ئەجندای تایبەت و سەنگ و هێزی سەربازی و دارای تایبەت بەخۆیان هەیە. ئەم واقعەی تەواو دژوار كردوە و پرۆسەی بریاردانی توشی ئیفلیجبوون كردوە.
لە دوای نەخۆشكەوتنی هێرۆخانەوە ماڵی مام توشی شێوە پەرتەوازەیەك بوونە، هێرۆخان هاوسەری تاڵەبانی و كچی برایم ئەحمەد كەسایەتیەكی بەهێز و شارەزا لە كاری رێكخراوەی و كەلتوری كۆمەڵگای كوردی، تا ئەو رۆڵ كاریگەری هەبوو، ماڵی مام بەهێزترین باڵ و زۆرینەی یەكێتی بوون، كە باس باڵەكان دەكرا دەوترا باڵی زۆرینە و ناوەندی بریار، دووەم وەك باڵێكی كەمینە باس و قسەی لە سەر دەكرا، ئەو دەمە هەلێكی زێرین بۆ ماڵی مام رەخسابوو، كە بتوانن تەواوی یەكێتی بخەنەوە ژێر ركێفی خۆیان. لە راستیشدا زۆربەی تێكۆشەرە دێرینەكان هێرۆخانیان وە ك خوشكی گەورەی خۆیان قبوڵ بوو. هێرۆخان كەسایەتیەك بە سروشت عیناد و بەزمون شارەزا لە بواری گەمەی سیاسیدا، بەڵام بە پێچەوانەی تاڵەبانیەوە هیچكات سیاسەتی ئیحتیواكردنی نەدەگرتە بەر، لەم فۆرمەدا زیاتر بە شێوازی نەوشیروان مستەفا كاری دەكرد، هەرچەندە من بۆخۆم پێموایە كاك نەوشیروانی دوای دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕان تەواو جیاواز بوو لە نەوشیروان مستەفای ناو یەكێتی، لەم قۆناغەدا زیاتر بە فۆرمی تاڵەبانی سیاسەتی دەكرد و كاری لە سەر گرتنەبەری سیاسەتی ئیحتیواكردن دەكرد. بە دووركەوتنەوەی هێرۆخان ماڵی مام بوون بە سێ بەشەوە و سێ ئاراستە و ئەجندای سیاسی جیاوازیان گرتوەتەبەر، ئاراستەی باڤێل تاڵەبانی وەك كورە گەورەی تاڵەبانی، كە خۆی بەمیراتگەری تاڵەبانی دەزانێت و هەوڵدەدات لاسای باوكی بكاتەوە. لە ئیدارە و بەرێوەبردن و سیاسەتكردن و ئاراستەكردنی یەكێتیدا تا ئەمرۆ سیما و رواڵەتی هیچ فۆرم و رێبازێكی تایبەت بەخۆی دەرنەكەوتوە. باڤێڵ تاڵەبانی پیاوێكی بەهێز لە رووی كەسایەتیەوە، بەڵام تا ئاستێك زۆربەی كەسە نزیكەكانیشی باس لە سروشتی تورەی و هەڵچون و ناجێگیری لەبریار و هەڵسوكەوتی سیاسیدا دەكەن، كەسایەتیەك بە سروشت تورە وایكردوە لەناو بنەماڵەكەیدا قسەو بریارەكانی بە زۆر بسەپێنێت، بەڵام بە دیوێكیتردا زۆرێك لە كادرانی باڵا و سەركردە سیاسیەكان و تەنانەت بەشێك لە روناكبیرانیش دوور دەكەونەوە لێی. وەك ئەجندای سیاسی كار لە سەر جێگیركردنی بەرهەم ساڵح بۆ سكرتێری داهاتوی یەكێتی دەكات. لەم پرۆسەیەدا لەناو ماڵی خۆیان نەیاری زۆرترە لە دەرەوەی باڵەكەیان. نەخشەرێگای باڤێڵ تاڵەبانی لەم پرۆسەیەدا پێدەچێت هەمان سیناریۆی كورانی نەوشیروان مستەفای هەبێت. لە ئەمرۆدا دانانی كەسایەتیەكی لاواز لە رووی جەماوەری و هێزی سەربازیەوە زامنی گێرانەوەی ئەو پۆستەیە لە ئایندەدا بۆ دەستی خۆی. لە ئەمرۆدا بەرهەم ساڵەح نەك هەر خاوەن هیچ هێزێكی سەربازی نیە، بگرە لە رووی جەماوەریشەوە لە ناو حزبدا پێگەیەكی لاوازی هەیە. لەم پرۆسەیەدا ئەوەی دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی مەترسی بۆ سەر نەخشەرێگاكەی تاڵەبانی كور ئەوەیە كورەكەی بەرهەم ساڵەح هێشتا منداڵە و زەمینەی دروستكردنی وەك سیاسەتمەدار و هێز نیە تا لە ئایندەدا دكتۆر بەرهەم لە پێناو كورەكەیدا خیانەت لە ماڵی تاڵەبانی بكات.
ئاراستەی ماڵی مامۆستا برایم ئەحمەد، كەسایەتیە دیار و بەهێزەكانی ئەم ماڵە زیاتر لە شانازخان دا چڕ بوەتەوە، هاوكات ئاوەڵزاوەكانی مام هەردوو كەسایەتی ناسراو شارەزا لە بواری سیاسی و ئەكادیمی دكتۆر محمەد سابیر و دكتۆر لەتیف رەشید پشتگیری ئەم ئاراستەیە دەكەن. شانازخان كەسایەتیەكی بەهێز و عیناد زۆر لە خاسیەتەكانی هێرۆخانی تیادایە ئەم ئاراستەیە لە هەموان زیاتر جەغت لە سەر گرتنەبەری رێبازی مام جەلال دەكەنەوە. بانگەشەی سیاسیان زیاتر لە سەر بنەمای وەستانەوەیە لە بەرامبەر سیاسەتی پاوانخوازی پارتی و بارزانی، بە هەمان شێوەی سەردەمەكانی سەرەتای دامەزراندنی یەكێتی و وردتریش ماوەی ساڵاكانی كۆتای شەستەكانی سەدەی بیستەمە، كە ئەو دەمە باڵی مەكتەبی سیاسی زۆر نەیار و دوژمن بوون لە گەڵ باڵی بارزانیدا، تا ئەمرۆ ئەم ئاراستەیە وەك درێژەپێدەری ئەو رێبازە و بیردەكەنەوەو سیاسەتە و بە هەمان فۆرم و ستایل كار دەكەن. ئەم ئاراستەیە بەگشتی زۆر دژی رێكەوتنی پێشوەختە و ئەنجامدانی كۆنگرەن بە تەوافق. لە بەرامبەردا تەواوی باڵەكانیتر ئەم ئاراستەیان بەدڵ نیە، بەتایبەتی باڵی كۆسرەت رەسول و كورەكانی، كە زۆر دژی ئەم گروپەن و بەهەموو شیوەیەك هەوڵی پەراوێزخستن و بێدەنگكردنیان دەدەن. ئەگەر بۆیان بلوێت ئەوە بریاری دەركردنی شانازخان لە یەكێتی دەدەن.
ئاراستەی سێیەم ماڵی شێخ جەنگیە، ئەم ئاراستەیە زیاتر كورەكانی شێخ جەنگی نوێنەرایەتی دەكەن، لاهور تاڵەبانی و شێخ ئاراس دوو كارەكتەر و سەركردەی بەهێزی ئەم ئاراستەیەن. شێخ لاهور پیاوێكی ئەمنی بەهێز، لێهاتوو لە گەمەی سیاسیدا، زۆرێك گەمە سیاسەكانی بەراورد دەكەنەوە بە گەمەكانی تاڵەبانی و بە خوێندكار و درێژەپێدەری ئەو رێبازە لە قەڵەمی دەدەن، كەسایەتیەكی بەهێز خاوەن بۆچون و بریاری خۆیەتی، لە گەڵ ئەوەی تا ئەمرۆ پلەی سەركردایەتی نیە، بەڵام رابەرایەتی گروپێكی گەورە لە ئەندامانی سەركردایەتی دەكات، شارەزایەكی باشێ لە گوتاری سیاسی هەیە، گوتارە سیاسیەكانی لە گەڵ ئەوەی خاسیەتی گوتاری پۆپۆلیستی هەیە، بەڵام زۆر بە باشی دەزانێت كاریگەری لە سەر جەماوەر و هەوادارانی دروست بكات، بۆیە زۆرجار وەك پاڵاوانێك و كەسایەتیەكی بەهێز و جێگای متمانەی بەشێكی زۆر لە لاوانیش دەردەكەوێت. سەردانەكانی بۆ كەركوك و بەرگریكردن و تەحداكردنی لە ناو كەركوكدا جەماوەرێكی باشی لەو شارەدا بۆ خۆی دروستكردوە. بەربەستی گەورە و سەرەكی بەردەم گەشەكردنی شێخ لاهور و نزیكبونەوە لە پۆستی سكرتیئَری پاڤێڵ تاڵەبانیە، بۆیە لە ئەمرۆدا نزیكبونەوەیەك لە نێوان ئەم ئاراستەیە و باڵی كۆسرەت رەسوڵ و كورەكانی هەست پێدەكرێت.
ئاراسی شێخ جەنگی، سندوقە رەشەكەی تاڵەبانی، پیاوی گەمە سیایەكانی پشت پەردە. ئەم پیاوە بەوەی ماوەیەكی زۆر لە گەڵ تاڵەبانیدا بووە، سودی لە پەیوەندیەكانی تاڵەبانی لە گەڵ ناوەند و وڵاتانی دەوروبەر و بەتایبەتی ئێرانیەكان پەیداكردوە. كاك ئاراس هێڵی پەیوەندی و گرێدانی یەكێتیە لە گەڵ شیعەكان و ئێرانیەكانە، ئەم خاسیەت و سروشتە وایكردوە هەم كورانی شێخ جەنگی جێگای متمانەی شیعەكان و ئێرانیەكان بن و هەم ماڵی تاڵەبانی تا ئەمرۆ تەنیا هەڵبژاردەی ئێرانیەكان بن بۆ ئیدارەدانی ئەم دەڤەرە.
لە ئەگەری یەكگرتنەوەی ئەم سێ ئاراستەیە هاوكێشەی سیاسی ناوخۆی یەكێتی و هاوسەنگی هێز بە تەواوەتی دەگۆرێت. لە گەڵ قوڵبونەوەی ناكۆكیەكانی ناو ماڵی مام ئەم باڵە پێگەی جەماوەری رۆژ بە رۆژ لاوازتر دەبێت و متمانەی لای زۆرێك لە كادران لە دەست دەدات. تەنیارێگایش بۆ یەكگرتنەوە و یەكبوونی ئەم باڵە ئەوەیە لە ئەمرۆدا پاڤێڵ تاڵەبانی دەستپێشخەریەكی فرە لایەنە بكات، نەك كار لە سەر ئاشتكردنەوەی ئاراستەكان لە گەڵ یەكدا بكات، رەنگە ئەمە كارێكی باش بێت، بەڵام كێشەكان چارەسەر ناكات، بەڵكو پێویستە كار لە سەر بەیەكبەستنەوەی هێڵەكان بكات و ئاراستەكان لە گەڵ خودی خۆیدا ئاشتكاتەوە و ئەجندایەكی هاوبەش و نوێ و دنیابینیەكی سیاسی تازە بونیاد بنێت.
باڵی كۆسرەت رەسوڵ و كورەكانی، ئەم باڵە كە كاك كۆسرەت رابەرایەتی دەكات و كورەكانیشی بەشێكی بەهێزن لە پرۆسەی سەركردایەتیكردن و ئیدارەدانی، لە ئەمرۆدا باڵێكی بەهێز و سەرەكی گۆرەپانی ململانێی سیاسی ناو یەكێتیە. لە هاوشانی ئەوەی كە كاك كۆسرەت وەك جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی خاوەن ئیمزا و بریاری بەهێزە و دەتوانێت چەندیین پلە و پۆست ببەخشێنێتەوەو ئەجندا و بۆچونەكانی تا ئاستێكی زۆر بە سەر ئەوانیتردا بسەپێنێت و هاوكات بەوەی لە ئەمرۆدا رێكخراوترین و یەكگرتوترین باڵە، بۆیە زۆرێك لە كادرانی روو لەم باڵە دەكەن و دەیانەوێت لە سێبەری ئەمدا ئایندەی خۆیان مسۆگەر بكەن. ئەجندای سیاسی كۆسرەت رەسوڵ بەو ئاراستیەیە، كە پێش كۆنگرە تەوافق و رێكەوتنێك ئەنجام بدرێت و كۆنگرەیەكی رواڵەتی بكرێت، لەم ئەجندایەدا و لە سەر بنەمای شەرعیەتی شۆرشگێری دەسەڵاتی سكرتێی گشتی بدرێت بە ئەم.
لەم پرۆسەیەدا هەرچی باڵەكەی كاك كۆسرەتە زیاتر یەكگرتوو و بە بەرنامە كار دەكەن، كۆسرەت رەسول پێاوێكی خاوەن مێژوو لە بواری شەڕی پارتیزانی و شەرێ دژ بە پارتی، بەتایبەتی لە رووداوی 31ی ئابدا رۆڵ و كاریگەریەكانی بەشێوەیەك دەركەوت بوە جێگای متمانەی تەواوی یەكێتی و ئەندامانی، لەو رۆژە سەختەدا، حورمەت و رێزێكی وای پەیداكرد تا ئەمرۆش لە یادەوەریەكانی كادرانی یەكێتیدا ماوەتەوە، ئەمە جگە لەوەی ئەو دەمەی بوو بە سەرۆك وەزیرانی دەڤەری سلێمانی، كەوتە بەخشینوەی ماڵ و پارە و سامانی یەكێتی بەسەر كادران و ئەندامانی یەكێتیدا، نەیارانی دەیانوت ئەم پیاوە پارە و سامانی یەكێتی بۆ بەرژەوەندی تایەتی خۆی تەخشان و پەخشان دەكات، وڵامی ئەمیش بەردەوام ئەوە بوو، كە بارودۆخی كادرانی یەكێتی زۆر خراپ و دژوارە، بەتایبەتی ئەوانەی دەرئەنجامی 31ی ئاب لە هەولێرەوە ئاوارەی سلێمانی بوون، دەیوت ماڵ و سامانی یەكێتیم داوە بە یەكێتیەكان، نەمداوە بە كەسیتر. بەڵاًم لە رابردودا ئەوەی پێگەی سیاسی و جەماوەری حزبی ئەم سەركردەیەی لاواز كرد زۆر بە ئاشكرا كاری بۆ بردنە پێشەوەی كورەكانی كرد، بۆ ئەم مەبەستەیش هەندێك غەدری لە هاورێ و دۆستانی نزیك لە خۆی كرد. كۆسرەت رەسوڵ لە ئەمرۆدا وەك جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی زۆر بە ئاگایی و وردی سود لە پێگە و پلەی حزبایەتی خۆی دەبینێت. تەنیا بە ئیمزاكەی فەزایەك لە گۆڕانكاری بە ئاراستەی بەرژەوەندیە باڵەكەی خۆیدا خوڵقاندوە.
جوڵانەوەكەی مەلا بەختیار، هەرچەندە تا ئەمرۆ زۆرێك لە سەركردایەتی و كادرانی یەكێتی ئاراستەكەی مەلا بەختیار وەك باڵێكی سەربەخۆ ناخوێندنەوە، هۆی سەرەكی ئەمەش ئەوەیە ئەم پیاوە لە گەڵ ئەوەی تا ئەمرۆش بەرپرسی دەستەی كارگێریە، خاوەن هیچ هێزێكی سەربازی نیە، لە كاتی هێرشكردنە سەری لە رێگای هێزەوە، لە لایەن باڵ و ئاراستەكانیترەوە ناتوانێت بەرگری لە خۆی بكات، هاوكات خاوەنی سامان و داهاتێكی وانیە بتوانێت ئیدارەی باڵێكی سیاسی گەورەی پێبدات. هەڵەی سیاسی كاك بەختیار ئەوە بوو، كە مەكتەبی سیاسی و پۆستی بەرپرسی دەستەی كارگێری بەجێهێشت. بەواتە بەهەمان شێوەی كاك كۆسرەت دەیتوانی ئیمزاكەی خۆی بەكار بێنێت بۆ كۆكردنەوەی چەندین كادر و ئەندام لە دەوری خۆی، لە رێگای ئەو دەسەڵاتەی، كە هەیبوو دەیتوانی چەندین پلە و پۆست بۆ برادەر و هابیرانی ببەخشێنێتەوە و لە ئەمرۆدا لەناو ئۆرگانەكانی یەكێتی بەهەمان شێوەی كاك كۆسرەت چەندین دۆست و پیاوی دەبوو.
لەم نێوەندەدا، مەلا بەختیار وەك روناكبیر و عەقڵ و هزری یەكێتی، كە بۆ ماوەیەكی زۆر جێگای سەرنج و ئیعجابی تەواوی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەكێتی بوو، لە ئەمرۆدا تا ئاستێك هەوڵی پەراوێزخستنی دەدرێت، لە رووی بریار و كاری رێكخراوەیە بەتەواوەتی بێ دەسەڵات كراوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی خۆی بە بریارێكی شەخسی لە مەكتەبی سیاسی و دەستەی كارگێری كشایەوە.
مەلا بەختیار لە ئەمرۆدا بە رێگایەكیتر كار لە سەر خۆكۆكردنەوەو دەستپێكردنەوەی كاری حزبایەتی دەكات، لە رێگای چەند نوسین و بڵاوكردنەوەیەك بۆچون و دنیابینی تایبەتی خۆی دەخاتە روو، هاوكات بە هەمان ستایلی كۆن و فۆرمی كاری رێكخراوەی حزبایەتی كەوتوەتە گەڕان و جوڵە بۆ كۆكردنەوەی هاوبیران و خەڵی نارازی لە ناو كادران و ئەندامانی خوارەوەی یەكێتیدا. لەم پرۆسەیەدا مەلا بەختیار كار لە سەر كۆكردنەوەی دەنگ بۆ كۆنگرە ناكات، بەڵكو زیاتر كار بۆ خوڵقاندنی هێزێكی گەورە و كاریگەری جەماوەری حزبی یەكێتی دەكات ، بۆ ئەم مەبەستە لە هەندێك ئۆرگانەكان و پلە حزبیەكانی خوارەوە دەست پێدەكات. مەلا بەختیار پیاوێكی بە ئەزمون و شارەزا لە كاری رێكخراوەی، گەمە لە سەر هێلێك دەكات تەواوی باڵ و هێزەكانیتر پشتگوێیان خستوە. جموجۆڵەكانی مەلا بەختیار زیاتر باڵەكەی كاك كۆسرەتی تورە و نیگەران كردوە، فراوانبوونی چالاكیەكانی لەم ماوەی دوایدا وایكردوە هەردوو باڵی كۆسرەت رەسوڵ و كورەكانی و ئاراستەكەی لاهور تاڵەبانی راستەوخۆ بكەونە دژایەتیكردنی و هەوڵی تەجمیدكردنی بدەن.
جگە لەم باڵ و ئاراستە و جوڵانەوانەی باسمان كرد لە ئەمرۆدا لەناو یەكێتیدا چەند گروپ و كەسایەتی بەهێزی سەربازی و ئەمنی هەن. لەوانە گروپی حاكم قادر و هاورێكانی، گروپی سامان گەرمیانی چەند سەركردە و كادرێكیتر، كەسایەتی بەهێزی وەك مەحمود سەنگاوی، كە خاوەن هێزی سەربازی خۆیەتی و توانای دروستكردنی گوشاری لە سەر ئاراستەی رووداوەكان هەیە، بەگشتی ئەم كەسایەتی و گروپانە لە بەرەی نەیارانی پارتین. ئەمانە بەگشتی تا ئەمرۆ بە ئاشكرا خۆیان لە سەر هیچ باڵێكی سەرەكی ساغ نەكردوەتەوە.
لەم ساتەدا، كە نزیكی دوو مانگ ماوە بۆ وادەی بەستنی كۆنگرە بارودۆخی بەرێوەچونی كارەكانی ئامادەكاری ئاماژەی ئەوە دەدەن بە دەستەوە، كە رەنگە كۆنگرە لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا ئەنجام نەدرێت. دیارترین كێشە و بەربەستەكان یەكلانەبونەوە لە سەر چۆنێتی ئەنجامدانی كۆنگرەیە، پرسیارە جەوهەریەكە ئەوەیە ئایا كۆنگرە چۆن و بەچ میكانزمێك ئەنجام دەدرێت، بە تەوافق یان بە بێ تەوافق. من بۆخم پێموایە لە راستیدا تەواوی باڵ و گروپەكان تەوافقیان دەوێت، چونكە ئەنجامدانی كۆنگرە بە بێ تەوافق زامنی مانەوەی هیچ لەو باڵ و گروپانە ناكات لە دەسەڵات. ئەمە جگە لەوەی تا ئەمرۆ رێكەوتنێكی كۆنكریتی و یەكلاكەرەوە لەسەر دانانی میكانیزمی ئەنجامدان و بەرێوەبردنی كۆنگرە نیە، تا ئەمرۆ رێكەوتنێكی یەكلاكەرەوە لە سەر دانانی ئەندامانی كۆنگرە نیە.
بە شێوەیەكی گشتی لە ئەمرۆدا شەرێكی بەهێز لە نێوان ئەم دوو باڵەدا هەیە. هەریەكەیان خۆی بە خاوەنی شەرعی یەكێتی دەزانێت، هەر یەكەیەنیش پشت بە كۆمەڵێك فاكت دەبەستێت، كورانی مام جەلال لە سەر بناغەی میراتی و فاكتی هێز و وەك نەوەیەكی نوێ لە ناو یەكێتیدا ئەجندایەكی تایبەتیان هەیە، هەرچی كۆسرەت رەسولە كار لە سەر بنەمای شەرعیەتی شۆشگێری دەكات و پێیوایە شەرعیەت و ماف لای ئەمە، لەم چوارچێوەیەشدا كار بۆ هێنانە پێشەوەی كورەكانی دەكات وەك دیفاكتۆ. لە راستیدا ئەم شەڕو ناكۆكیانە لە گەڵ ئەوەی تا ئەمرۆ بە هێمنی و لە پشت پەردەوە ئەنجامدەدرێت و نەگەیشتوەتە ئاستی رووبەرووبونەوەی كارەكتەرە سەرەكیەكان، بەڵام لە بناغە و واقعدا شەڕكی توند و قورسە و تەواوی جەستە و گیانی یەكێتی توشی دارزان و لاوازی كردوە، ئەوبارەی خوڵقاندوە نەك تەنیا نەیارانی یەكێتی بگرە زۆرێك لە ئەندامانی خۆیشی بە ئازار و پەژارەوە چاوەروانی مەرگ و كۆتای حزبەكەیان بكەن. لەم نێوەندادا راستیەكی مەترسیدار هەیە، بەڵام تەواوی سەركردەكان بە هۆی مەستبونیان لە گەیشتن بە دەسەڵات و مەناوە لە سەر كورسی بەختەوەری شەخسی بێ ئاگان لەوەی، كە لێدانی زەنگی ماتەمەینی بۆ بوژانەوەو بەختەوەری لە جەوهەردا ئاماژەیە بۆ هاتنە پێشەوەی سەردەمێكی نوێ، كە تێیدا چیتر ئەم فۆرم و عەقڵیەتی ئەوان كاری پێدەكەن مایەی قبوڵكردن نیە و لە ئەمرۆ بەدواوە بە ئاگری نوێبونەوەو گۆڕانكاریەكان دەسوتێن و قۆناغ بە قۆناغ بەرەو كۆتای دەچن. لە روویەكیترەوە سەرقاڵبونیان بەم شەرەوە نەك تەنیا جیساباتە راستەكەی لێیان تێكداوە و توشی كورتبینیانی كردوە، بەڵكو ئەو واقعەیشی خوڵقاندوە، كە لەناو ریزەكانی خوارەوەی یەكێتی، لە ناو كادران و ئەندامانی حزبدا رێزی شۆرشگێری و رەوای و شەرعیەتی سەركردایەتیكردن لە دەست بدەن.