تورکیا.. بەهۆی گوتنی وشەی 'کوردستان' منداڵانی تەمەن 12 بۆ 13 ساڵ دەستگیرکران
04:29 - 29/11/2026
زەمەن_هەواڵ
پەرلەمانتارێکی دەم پارتی ئاشکرای دەکات، لە پارێزگای کۆجاعەلیی تورکیا ژمارەیەک منداڵی تەمەن 12 بۆ 13 ساڵ لەلایەن تیمەکانی دژەتیرۆرەوە دەستگیرکراون، تەنیا لەبەر ئەوەی لەناو قوتابخانەکەیاندا وشەی "کوردستان"ـیان بەکارهێناوە.
عومەر فارووق گەرگەرلیئۆغڵو، پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە بازنەی کۆجاعەلی، ئەمڕۆ یەکشەممە 29ـی تشرینی دووەمی 2026، لە پۆستێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە پلاتفۆرمی "ئێکس" بڵاویکردەوە کە لە قوتابخانەی ناوەندیی "پۆلیسان" لە شارۆچکەی دیلۆڤاسی سەر بە پارێزگای کۆجاعەلی، منداڵانی تەمەن 12 بۆ 13 ساڵ بەهۆی گوتنی وشەی "کوردستان" دەستگیرکراون.
گەرگەر لیئۆغڵو ئاماژەی بەوە داوە کە پەیوەندیی بە خانەوادەی ئەو منداڵانەوە کردووە و زانیاریی لەبارەی رووداوەکەوە وەرگرتووە و دەڵێت: "لە قوتابخانەی ناوەندیی پۆلیسان لە دیلۆڤاسیی کۆجاعەلی، منداڵانی تەمەن 12 بۆ 13 ساڵ لە قوتابخانە گوتوویانە کوردستان."
ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی روونیشیکردەوە: "مامۆستاکانیشیان پۆلیسیان لەو بابەتە ئاگادار کردووەتەوە، دواتر تیمەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ئیزمیتەوە هاتوون و منداڵەکانیان دەستگیرکردووە و بردوونیان، پاشان ئازادیان کردوون."
عومەر فارووق گەرگەرلیئۆغڵو لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بە هەژماری فەرمیی پارێزگاری کۆجاعەلیش کردووە و داوای روونکردنەوەی فەرمیی لەبارەی ئەو رووداوەوە لێ کردووە.