12وتار

لە ترۆپکی ئومێدەوە بۆ خاڵی سفر

7/25/2026 11:08:00 AM
عیماد حەمید عەلی

خوێندنەوەیەک بۆ هۆکارەکانی هەرەس و داڕمانی مۆدێلی بزووتنەوەی گۆڕان

"ئاژەڵەکانی دەرەوە سەیری بەرازەکانیان کرد، پاشان سەیری مرۆڤەکانیان کرد، و دووبارە سەیری بەرازەکانیان کردەوە؛ بەڵام ئیتر مەحاڵ بوو لێک جیا بکرێنەوە و بزانرێت کامیان کامەیە."
جۆرج ئۆریۆڵ

لە مێژووی هاوچەرخی سیاسەتی هەرێمی کوردستاندا، کەم ڕووداو هەن هێندەی دەرکەوتنی بزووتنەوەی گۆڕان لە ساڵی ٢٠٠٩دا کاریگەر و جیاواز بن. لەو سەردەمەدا، گۆڕەپانی سیاسیی هەرێم لەژێر هەژموونی قۆرخکارییەکی توندی دووجەمسەریدا چەقبەستوو بوو، تا ئەو کاتەی بزووتنەوەی گۆڕان بە ڕابەرایەتیی نەوشیروان مستەفا، وەک زەنگێکی بەئاگاهێنانەوە و بوومەلەرزەیەکی جەماوەریی گەورە دەرکەوت. ئەم بزووتنەوەیە تەنها حیزبێکی نوێ نەبوو، بەڵکو وەڵامێکی مێژوویی بوو بۆ تووڕەیی کەڵەکەبووی شەقام؛ دەنگێکی دلێری ئۆپۆزسیۆن بوو کە توانی ڕێڕەوی تەقلیدیی حیزبی بشکێنێت و ئەو ئومێدە لای تاک بە تاکی هاووڵاتییان دروست بکات کە گۆڕانکاریی ڕیشەیی، ئاشتییانە، و مەدەنی لە ڕێگەی سندوقەکانی دەنگدانەوە نەک تەنها خەون نییە، بەڵکو کارێکی مومکینه.
بەڵام ئەمڕۆ، کاتێک سەیری پاشماوەی ئەو هێزە جەماوەرییە گەورەیە دەکەین، دیمەنێکی تراژیدی دەبینین. ئەو قەڵایەی کە لەسەر شانی ناڕەزایەتییەکان، ئومێدی گەنجان ، خەونی سەدان هەزار هاونیشتیمانی بونیادنرا ، ئێستا لەناو گێژاوی قەیرانی ناوخۆیی و بەرژەوەندیی گروپ و کەسیدا بە تەواوی داڕماوە.

مەرگی سەرکردە و سەرەتای وێرانبوونە گەورەکە
کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا لە ساڵی ٢٠١٧، تەنها لەدەستدانی سەرکردە و دامەزرێنەرێک نەبوو، بەڵکو ونبوونی ئەو چەترە کاریزماییە بوو کە تەواوی جیاوازییە ئایدۆلۆژی و کەسییەکانی ناو بزووتنەوەکەی کۆکردبووەوە. پاش ئەو، دەرکەوت کە بزووتنەوەکە نەیتوانیوە پەیکەرێکی دامەزراوەیی وا دروست بکات کە بەرگەی نەبوونی ڕابەرەکەی بگرێت. سەرکردایەتیی نوێ کەوتە ناو گێژاوی بێبڕیاری، پەرشوبڵاویی، و ونکردنی ئاراستەی سیاسی، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی متمانەی پتەوی دەنگدەرانیان بە خێراییەکی سەرسوڕهێنەر بەرەو ئاستی سفر دابەزێت.



هۆکارە ستراتیژییەکانی هەرەسهێنانی گۆڕان
ئەو داڕمانە خێرایەی بزووتنەوەی گۆڕان لە پڕێکدا و لە بۆشاییدا دروست نەبوو، بەڵکو دەرەنجامی حەتمیی کەڵەکەبوونی چەندین هەڵەی کوشندەی کارگێڕی، ئەخلاقی و سیاسی بوو. گرنگترین خاڵەکانی ئەم هەرەسە بریتین لە:
تەڵەی بەشداریکردن لە دەسەڵات (بەشداریکردن بێ ئامراز):
گۆڕان وەک هێزێکی ڕەخنەگر و یاخی دروست بوو، و شەرعییەتی خۆی لە دژایەتیکردنی گەندەڵیدا دەبینییەوە. بەڵام کاتێک بڕیاری بەشداریکردنی لە حکومەتدا دا بە بیانوی "چاکسازی لە ناوەوە"، بێ ئەوەی هیچ زەمینەیەکی واقیعی و هێزێکی جێبەجێکردنی بۆ بەرنامەکەی هەبێت، خۆی خستە ناو تەڵەیەکی مێژووییەوە. گۆڕان نەک نەیتوانی لە حکومەتدا گۆڕانکاری بکات، بەڵکو بەپێچەوانەوە، بووە شەریک و بەشێک لەو سیستەمەی کە پێشتر خۆی توندترین ڕەخنەی لێ دەگرت.

باڵباڵێن ، وێرانکەر لەناوخۆوە :
لەبری ئەوەی ململانێکان لەپێناو خزمەتی پرۆژە سیاسییە نیشتیمانییەکە و گەشەپێدانی ئۆپۆزسیۆن بن، گردی زەرگەتە بووە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی حیساباتی کەسی، دارایی و تەکەتولە جیاوازەکان. باڵباڵێنی ناوخۆیی و دابەشبوونی میراتگرانی سیاسی، وزەی بزووتنەوەکەی لە ململانێی دەرەکی (دژ بە گەندەڵی)یەوە گۆڕی بۆ شەڕێکی ناوخۆیی تاقەتپڕوکێن کە تەنها خۆخۆری لێ کەوتەوە.
شێواوی گوتاری سیاسی و ئیفلیجبوونی میدیا:
لە سەرەتادا، میدیای گۆڕان بزوێنەری شەقام، دروستکەری ڕای گشتی و ترسێنەری دەسەڵات بوو؛ زمانێکی ڕوون، ئازا و ئامانجێکی دیاریکراوی هەبوو. بەڵام لە قۆناغەکانی دواتردا، گوتاری سیاسیی بزووتنەوەکە شەرمنانە، لێڵ و تەمومژاوی بوو. میدیاکەشی لە سەکۆیەکی داکۆکیکار لە مافی هاووڵاتییانەوە، بچووک بووەوە بۆ ئامرازێک بۆ پاساوهێنانەوە بۆ شکستی نوێنەرەکانیان لە دەسەڵات و پەردەپۆشکردنی بێهەڵوێستییەکانیان.

هەلپەرستی و سەرهەڵدانی بەرژەوەندی :
زۆرێک لەو کەسانەی لە ناوی گۆڕانەوە گەیشتنە پۆستە باڵاکانی حکومەت و پەرلەمان، زۆر خێرا بەرژەوەندییە تایبەتەکانیان خستە سەروو پرەنسیپەکانی بزووتنەوەکەوە. ئەو جیاوازییە ئەخلاقییەی بە تەواوی سڕییەوە کە گۆڕان بانگەشەی بۆ دەکرد، و وایکرد لای هاووڵاتییان هیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ حیزبەکانی دەسەڵاتدا نەمێنێت.

خراپبەکارهێنانی بریکارنامەکە و داڕمانی ئەخلاقی-یاسایی:
بەپێی بڕیاری دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەکانی عێراق و کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ، ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا  پێش کۆچکردنی بریکارنامەیەکی (وەکالەتنامە) بەمەبەستی ڕایی کردنی کاروبارە ئیداری و سیاسییەکانی بزووتنەوەکە کردبووەوە، بەڵام دوای مەرگی خۆی، ئەو بریکارنامەیە بە بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی، باڵادەستی و دەستبەسەرداگرتنی موڵک و سامانی بزووتنەوەکە لەلایەن گرووپێکی دیاریکراوەوە بەکار هێنرا. ئەم کارە نەک تەنها خیانەتێک بوو لە ڕێباز و بەرنامەی  سەرکردەکەیان، بەڵکو ئەوپەڕی داڕمانی ئەخلاقی و یاسایی بوو کە متمانەی جەماوەری بە تەواوی ڕاماڵیی.
شکستی کۆنفرانسەکان و گواستنەوەی ململانێکان بۆ دادگا و کۆمسیۆن:

لەپێناو یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی بزووتنەوەکە و دەربازبوون لە گێژاوی شەرعییەت، سێ کۆنفرانسی جیاواز بەستران، بەڵام هیچ کۆنفرانسێکیان نەبووە وێستگەی چارەسەر و یەکڕیزی، بەڵکو هێندەی تر دابەشکارییەکانی قووڵتر کردەوە. شکستی ئەم هەوڵە ناوخۆییانە وایکرد کە ململانێکان سنوری دەستووری ناوخۆیی حیزب بەزێنن و ڕەوانەی ناو دادگاکانی عێراق و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بکرێن، کە تا هەنووکەش ئەو ململانێ یاسایی و سیاسییە بێئەنجامە یەکلا نەبووەتەوە. کارەساتی گەورە لەوەدایە، کێشمەکێشێکی یاسایی وا گەورە لەسەر بزووتنەوەیەک بەڕێوە دەچێت کە لە واقعدا تووشی بچووکبوونەوەی بێئەندازە و پەراوێزکەوتنی جەماوەری بووەتەوە، ئەمەش مێژووی پڕ لە خەباتی سەرەتای بزووتنەوەکەی هێندەی تر لەکەدار و ناشرین کردووە.

دوولەتبوون و مەرگی ڕۆحیەتی ئۆپۆزسیۆن
کارەساتی گەورە لە شکستی گۆڕاندا تەنها لەناوچوونی قەوارەیەکی سیاسی نییە، بەڵکو کوشتنی ڕۆحیەتی ئۆپۆزسیۆنبوون و لەباربردنی متمانەی تاک بە تاکی ئەم نیشتیمانەیە بە هەر هێزێکی نوێ.

شکستی گۆڕان وایکرد شەقامی کوردی تووشی بێئومێدییەکی قووڵی سایکۆلۆژی ببێت، بە جۆرێک کە ئیتر باوەڕی بە هیچ دروشمێکی چاکسازی نەماوە و سندوقەکانی دەنگدانی بایکۆت کردووە. ئەوەی ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی سیاسیدا دەگوزەرێت، بۆشاییەکی کوشندەیە بەهۆی نەبوونی ئۆپۆزسیۆنێکی ڕاستەقینەوە، کە بەشێکی زۆری باجی ئەم وێرانکارییە دەکەوێتە ئەستۆی ئەو هەلپەرستی و بێبەرنامەییەی کە بزووتنەوەی گۆڕانی کردە پاشکۆیەکی بێکاریگەر و پەراوێزخراو.

لە کۆتاییدا، مێژووی سەرهەڵدان و کەوتنی بزووتنەوەی گۆڕان وانەیەکی تاڵە بۆ هەموو هێزەکانی داهاتوو، کە پێیان دەڵێت: "ئەگەر ئامانجت گۆڕینی دەسەڵات بێت، دەبێت سەرەتا خۆت لە پەتاکانی دەسەڵات بپارێزیت، دەنا درەنگ یان زوو، دەبیتە کۆپییەکی ناشرینی هەمان ئەو شتەی کە ڕۆژێک بۆ ڕووخاندنی دروست بوویت."



























سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن