دژی بێدەنگی
9/13/2025 1:14:00 PM
عیماد حەمید عەلی
هەرمێژوونوسێک لەداهاتوودا تەماشای ئەم
قۆناغە بکات، جگە لەوەی ناوی بنێت (سەردەمی زێڕینی خنکاندنی ئازادییەکان لەڕێگای
یاساوە) ناوێکیتر نادۆزێتەوە .
بەختیار عەلی
بە دروشمی ئازادی و دیموکراسی و ڕای جیاواز و
ڕادەربرین هاتن و ئەمڕۆش هەمو هەوڵ و هەنگاوێکیان بۆ بێدەنگکردنی هەمو ئەوانەیە کە
بە بای ئەوان شەن ناکەن و تەنها ئەوەیان قبوڵە کە زیانی بۆ پەزەکان نەبێت ، لەشەڕی
مەبادیئەوە گواستیانەوە بۆ شەڕی مەساڵیح ، خەریکی دروسکردنی زیندانی گەورە و کردنی
هەرێمی کوردستان بە کەمپێکی گەورەی نیشتەجێبونی زۆرە ملێ .
ئەو دۆخەی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستانی پێدا
تێدەپەڕێت ترسناک و پڕمەترسیی و ئاڵنگارییە بۆ ئەوانەی باس لە ئازادی و مافی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین دەکەن و بەگری
لێدەکەن.
ژینگەیەکی پڕترس و تۆقاندن و دروستکردنی
لەمپەر و هەڕەشە و هەوڵی کڕین و گرتن لەئارادایە ، ئەوەی دۆخەکەی مەترسیدارتر
کردوە بەکارهێنانی یاسایە بۆ کەنارخستن و بێدەنگکردن و پاکتاوی سیاسی و ڕقی شەخسی
.
کۆی هەوڵەکەش بۆ دروستکردنی ژینگەیەکی بێدەنگ
و گوێڕایەڵ و تۆخکردنەوەی دوزۆنییە لەهەرێمی کوردستان ، بە گەڕانەوە بۆئەو وتە
بەناوبانگەی کە ئەوە بێدەنگییە دیکتاتۆر دروست دەکات نەک دیکتاتۆر بێدەنگی دروست
بکات ، دەبێت هەموو ئەو کەس و دەستە و گروپ و ڕێکخراو و دامەزراوانەی لەکایە
جیاوازەکاندا کاردەکەن ڕێگربن لەوەی ئەو ویستەی دەسەڵات لەهەرێمی کوردستان
بچێتەسەر.
بە وتەکەی مارکس ئەگەر مێژوو جارێک بە
تراژیدیا ڕوبدات و جارێک بە کۆمیدیا دوبارە بێتەوە ، ئەمڕۆ بەشە
کۆمیدی-تراژیدییەکەی مێژووی ئێمەیە ، کە لەسایەی ئەو خەباتە دورودرێژەی ڕابردومان
گەیشتوینەتەوە ئەو ئاستەی دیسان شەڕ بۆ نان و ماف و ئازادی بکەین ، لەبەرامبەر کێ؟
بەرامبەر شۆڕشگێڕەکانی دوێنێمان ، دەسەڵاتە خۆماڵییەکەمان کە نازانین هەر ساوایە
یان بۆ گیانی میللەتەکەمان بوە بە خەبیری سەرکوتکردن و ماف خواردن و چەوساندنەوە.
بۆشایی بوونی ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینەو کاریگەر
ئەرکەکەی قورستر کردوە ، مەرج نییە هەموو ئەوانەی دەنوسن و ڕەخنەدەگرن و دەنگ هەڵدەبڕن
،ئۆپۆزسیۆنبن بەمانا سیاسییەکەی ، بەڵام بونی ئۆپۆزسیۆن پشتێنەیەکی گەورە و
کاریگەرە بۆ دەنگەئازاد و سەربەخۆکان .
ڕێگری لە هەموو هەوڵێک بۆ خۆپیشاندان و
دەستگیرکردنی ڕابەرانی خۆپیشاندانەکان لە پارێزگای سلێمانی و دوبارە سزدانەوەی
شێروان شێروانی لەزەقترین هەوڵەکان بون بۆ بێدەنگکردن و بەکارهێنانی یاسا بۆ
مەرامی سیاسی .
دوای ڕوداوەکەی لالەزار و داخستنی کەناڵی
زووم و فشارخستنە سەر سەنتەری میترۆ و تاڵانکردنی بارەگای ژمارەیەک ڕێکخراو
مەترسییەکان لەزیادبوندان کە ئەم ڕوداوانە تەنها لێکەوتەی شەرەکەی لالەزار نەبن ،
بەڵکو مەرامێکی سیاسیی بێت بۆ کپ کردن و بێدەنگکردنی هەردو زۆنەکە پێکەوە .
ئێمە وەک کورد کە بەقۆناغی خەباتی ڕزگاری
خوازیی نەتەوەییدا تێپەڕبوین ، بە جینۆسایدی ئەنفال و هەڵەبجەدا تێپەربوین ،
هەزاران شەهید و زیندانی سیاسیی باجی ڕزگاربون بوە لە سیستمێکی دیکتاتۆر ، دواتر
لەقۆناغی ڕزگاری نەتەوەییدا لەپێناو ئازادیدا و لەبەرامبەر شۆڕشگێرەکانی دوێنێ
دیسان بە قۆناغی ڕوبەڕوبونەوە و خوێندا ڕۆشتینەوە و لەبەرامبەر سڕینەوەی سیاسیی
ڕای جیاواز و بێدەنگکردن وەستاینەوە ، دەبیت
دەسەڵاتی ئەمڕۆ لەو ڕاستیە تێبگات بێدەنگکردنی نەتەوەیەک کە خوێنیان لەپێناوی
ئازادی داوە کارێکی نەکردەیە ، بەڵام دیارە وەک هیگڵ دەڵێت ( تاکە دەرسێک کە
لەمێژووی وەردەگرین ئەوەیە کە کەس دەرس لە مێژوو وەرناگرێت ).