قەیرانی دادپەروەری
8/23/2025 3:06:00 PM
عیماد حەمید عەلی
پاسەوانی دادگاکە بە (جۆزیف ک.) ی وت :ئەم دادگایە تەنها بۆتۆ دانراوە و دوای تۆ دادەخرێت.
کافکا لە ڕۆمانی دادگا
سەروەری یاسا، وەک دروشم ئەگەر لێی وردبینەوە هەندێک بێمانا دەردەکەوێت ، یاسا کە خۆی نوسراوێکە وەک هەردەقێکیتر چۆن دەتوانێت سەروەر بێت ئەگەر لایەنێک نەبێت کە بتوانێت دادپەروەرانە جێبەجێی بکات ؟ کەواتە سەربەخۆی دادوەری دروشمێکی بەجێ ترە لەسەروەری یاسا.
پەیوەندی نێوان دادپەروەریی و یاسا پەیوەندییەکی دیالێکتیکی لەیەک دانەبڕاوە ، کاتێک باسی عەدالەت دەکرێت ڕاستەوخۆ لە زیهنماندا عەدالەتی یاسایی و دادگا وێنا دەبێت ، سەرباری بوونی ئەم پەیوەندییە لێک دانەپچڕاوە بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە بابەتی عەدالەت بکرێتە بابەتی گەرمی ناو کایەی دادوەریی ، ئەویش بەهۆی پێداگریی لە جێبەجێکردنی دەقەیاساییەکان وەک خۆی بێگوێدانە پەیرەوکردنی عەدالەت لەحوکمە یاساییەکاندا ، نەخوێندنی بابەتی عەدالەت و فەلسەفەی یاسا لەناو کۆلێژ و خوێندنی بالا لەبەشی یاسای زانکۆکانماندا هۆکاری گەورەی دروست بوونی ئەم بۆشاییەگەورەن، کە ڕێخۆشکەرە بۆ دروستبوونی ئەوچەمکەی کەپێی دەڵین (ستەمی یاسایی)..
ئەم پرسە "پێگەی عەدالەت لە یاسادا" وە ڕۆڵی عەدالەت لە لێکدانەوەی دەقە یاساکاندا چییە؟ ئایا عەدالەت بەرەو ئاژاوە دەمانبات، یان جوانی و شەرەف دەبەخشێت بە یاساو ماف کە شایەنیانە؟ ئێمە چۆن دەتوانین عەدالەت بەدەست بهێنین؟
بۆ دادوەرەکانمان شەرم دەکەن بڵێن چارەسەرێک عەدالەتەنایە هەمیشە هەوڵ دەدەن بڵێن چارەسەرێکی یاساییە بۆ ئەوەی پاساو بۆ بۆچوونەکەیان بهێننەوەنەک ئەوەی بڵێن چارەسەرەکە دادپەروەرانەیە؟ وەک ئەوەی دادپەروەری هاوواتای ئاژاوە بێت. ئەگەر ئەم جۆرە وەهمانە لە مێشکمان لاببرێت و دەربکەوێت کە مافەکان بەبێ عەدالەت وەک جەستەیەکی بێ ڕۆح وایە، ئەوە سەرەتای گۆڕانکارییەکی خوازراوە..
ئەگەر ئامانجی یاساناسان و دادوەران سنووردار بێت بە گوێڕایەڵی تەواو بۆ یاسا، ئەوە کارێکی سادەیە، گوێڕایەڵی یاسا لەلایەن هێزەکانی پۆلیس و و هێزەسەربازییەکانەوە زۆر باشتر لە یاساناسان ئەنجام دەدرێت، بەڵام ئەوەی گرنگیی و پێگە بە یاسا دەبەخشێت هونەری یاساناسانە لەم بوارەدا بۆ ئەوەی ڕێگایەک بۆ بەدەستهێنانی عەدالەت لە جەوهەری یاساوە بکاتەوە، دەنا دادگاو دادوەر مەهامی سەرەکی و گرنگی خۆیان لەدەست دەدەن کە دۆزینەوە و چەسپاندنی عەدالەتە و دەبنە ئامێرێک بۆ دەرکردنی بڕیاری وشکی یاسایی.
دۆزینەوەی پێگەی عەدالەت لەناو یاسادا و جەسپاندنی عەدالەت کاری دادگا و دەسەڵاتی دادوەرییە ، ئەمەش بەبێ (ئیجتیهاد)ی دادوەر بۆ دەقەیاساییەکان بەدینایەت ، دەبێت کاری دادوەری بەتەنیا بریتیی نەبێت لە جێبەجێکردنی حەرفییانەی دەقە یاساییەکان، مەبەست وئامانجی دەقە یاساییەکان لەبەرچاوبگیرێت نەک تەنیا خودی دەقەکە بۆ ئەوەی بەدووربین لە (سەلەفییەتی قانونی) و تەنیا ڕووکەشی دەق بخوێننینەوە و بەهەندی وەربگرین، لێرەدا تەفسیری دەقی یاسایی و چۆنییەتی تێگەیشتن لەدەق و میتۆدەکانی خوێندنەوە و تێگەیشتن لە دەقی یاسایی بۆ بەدیهێنانی عەدالەت گرنگترین ئامرازن بۆ دادوەران و جێبەجێکارانی یاسا بۆئەوەی ڕۆحی یاساکان بەدیبهێنن کە بەدیهێنانی عەدالەتە.
بەڵام ئەوەی لە کوردستان دەبینرێت دروست پێچەوانەی ڕۆحی عەدالەت و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری دەیبینین، پێویست بە نمونە هێنانەوە و ئاماژەکردن بۆ لێدوانو وتەی سیاسییەکان ناکات کە لەچەند جێگا و بۆنەی جیاواز ئاماژەیان بۆ بەحیزبیکردنی دەسەڵاتی دادوەری و دەستوەردان لەکاروباری دادگا کردەوە ، واتە ئێستا ئەوەی پێویست نەکات نمونەی بۆ بهێنرێتەوە و بسەلمێنرێت سەربەخۆ نەبونی دەسەڵاتی دادوەرییە.
لەوە کارەساتتر رەوایەتیدانە بە تۆڵەی سیاسیی و یەکلاکردنەوەی ململانێی حیزبی و شەخسیی و پاکتاوی سیاسیی بە ناوی یاسا و فەرمانی دادگا.