16وتار

هەڵبژاردن و دیزاین ... بایکۆت و بەشداری

11/1/2025 3:14:00 PM
عیماد حەمید عەلی

"ئەو کەسە دانایەی ڕەتیدەکاتەوە  بەشداری حوکمڕانی بکات، دەبێت خۆی ئامادە بکات بۆ بەرگەگرتنی یاسای کەسە گەمژەکان".
سوکرات

ئەنجامدانی هەڵبژاردن وەک کەلتورێک و پایەیەکی گرنگی دیموکراسی تا ئاستێکی زۆر لە وڵاتانی هاوشێوەی ئێمەدا غیابە ، عێراقی پاش سەدام حسین لەم هەنگاوەدا لەپێش ئێمەوەن وەک هەرێمی کوردستان ، هەڵبژاردنەکان لەهەرێمی  کوردستان یان بە ناچاری ئەنجامدراون یان لەژێر فشاری ناوخۆیی و نێودەوڵەتی ، تەنانەت لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا ڕۆژمێری هەڵبژاردنمان نییە ( التقویم الانتخابی) کە وەک زۆرێک لەوڵاتانی دیموکراسی ڕۆژ و مانگ و ساڵی هەڵبژاردنەکانمان بۆدیاری بکات ، لەیەکەم هەلبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە کە بویە هۆی شەڕی ناوخۆ تا دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ، هێچ هەڵبژاردنێک لە وادەی خۆیدا نەکراوە ، لە پاش یەکەم هەڵبژاردن لە ساڵی (١٩٩٢) هەڵبژاردنی دوەمی پەرلەمانی کوردستان کەوتە (٢٠٠٥) کە لەو ماوەیەدا چوار جار خولی پەرلەمانی درێژ کرایەوە بە هۆی شەڕی ناوخۆو دوئیدارەیی.

هەڵبژاردن و نەخشەی سیاسی

 هەردو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە (١٩٩٢) و (٢٠٠٥) زۆرینەی رەهای دەنگەکان لای هەردوو حیزبی دەسەڵاتداری هەرێمی کوردستان بوو ، بۆیەکەم جار کە هەڵبژاردن بویە دەروازەیەک بۆ دابەش بونی نەخشەی سیاسیی و کەمبونەوەی ژمارەی کورسییەکانی هەردو لایەنی دەسەڵات ، بەشداری لیستی گۆڕان بوو لە (٢٠٠٩) کە بەکاریزمایەکی سیاسیی وەک نەوشیروان مستەفا سەرکردایەتیی لیستەکەی دەکرد و جوڵەیەکی گەورەی خستەناو کایەی سیاسیی و پەرلەمانی لە هەرێمی کوردستان ، کەلەهەموو هەڵبژاردنەکان لە پاش دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕان بەبانگەشەی تەزویر و گۆرانکاری لە دەنگەکان کۆتایی دەهات ، کە تائاستی ململانێی توند و شلەژانی دۆخی ئەمنیی و پەلاماردانی بارەگای هێز وکەناڵەکانی ئۆپۆزسیۆن دەڕۆشت .
لە تەزویرەوە بۆ دیزاین

تا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە (٢٠/١٠/٢٠٢٤) هێزولایەنە سیاسییەکانی ناڕازی لە دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردن بانگەشەی تەزویر و ساختەکردنی دەنگ و بەکارهێنانی هێز و دەسەڵاتیان لەلایەن هێزە دەسەڵاتدارەکانەوە دەکرد ، بەڵام لە پاش دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکانی (٢٠٢٤) هێزولایەنە ناڕازییەکان باسیان لە بوننی دیزاینێکی هەرێمی دەکرد بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و بەتایبەت کۆمەڵی دادگەری و ڕەوتی هەڵوێست ، کۆمەڵی دادگەری کوردستان دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ڕەتکردەوە و بەربژێرە دەرچوەکانیان ئامادەی سوێند خواردن نەبون وەک ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، ئەوەی جێگای سەرنجە ئەم هەڵبژاردنەش هەمان کۆمسیۆنی پێشو وە هەمان ڕێکارەکانی پێشووە و بەڵام هەمولایەنەکان بە ئەوانەشی نارازیی بون و باسی دیزاینیان دەکرد بەشدارن لە هەڵبژاردنەکە.

دیزاین و زمانی ژمارەکان 

 بەسەرنجدان لە ئەنجامی کۆتا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی ٢٠٢١ ئەنجامدرا دەتوانین چەند دەرئەنجامێک وەربگرین:

 - لە ھەڵبژاردنی ٢٠٢١ ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ژمارەی ئەو كەسانەی كە مافی دەنگدانیان ھەبووە بریتی بوون لە (٣،٢٢٧،٤٥١) دەنگ.
- ژمارەی ئەوانەی دەنگیانداوە (١،٦٠١،٦٠٨) دەنگە. بە ڕێژەی ٤٧.٨٧٪‏.
- ژمارەی دەنگی دروست (١،٣٤٥،٨٥٩) دەنگ بووە. واتە ڕێژەی ٤١.٠٦٪‏.
- پارتی (٥٧٧،٩٥٣) دەنگی ھێناوە، كە ٤٦،٩٧٪‏ی دەنگی دروستە. بەڵام بۆ كۆی گشتی دەنگدەران دەكاتە ١٧.٩٪‏.
-یەكێتی (٢٣٦،٦٥٨) دەنگی ھێناوە بەڕێژەی ١٩.٢٣٪‏ دەنگی دروستە. بەڵام بۆ كۆی گشتی دەنگدەران دەكاتە ٧.٣٣٪‏.
ھاوكێشەكە زۆر سادەیە، پارتی و یەكێتی ھەردوكیان پێكەوە (٧٩٤،٦١١) دەنگیان ھێناوە. دەكاتە ڕێژەی ٢٥.٢٣٪‏ ی كۆی دەنگدەران. بەڵام بەھۆی بایكۆتی دەنگدان ئەو ڕێژەیە بەرز بووەتەوە بۆ ٦٦.٢٪‏.
بەسەرنجدان لە ژمارەکان ئەوەمان بۆڕووندەبێتەوە هۆکاری بەرزبونەوەی ڕێژەی کورسییەکانی حیزبە دەسەڵاتدارەکان ، بەشداری نەکردنی هاوڵاتیانە لە دەنگدان و زۆرینەی بەشدارنەبوانیش دەنگی هێز و لایەنەکانی دەرەوەی دەسەڵات و لایەنە نارازییەکانن کەئەو هێزانە نەیانتوانییوە پارێزگاری لە دەنگەکانیان بکەن و هاوڵاتیان و دەنگدەرانیان قەناعەت پێبکەن بۆ چوونە سەرسندوقەکانی دەنگدان .


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن