هۆشیاری نەتەوەیی و دوژمنەکانی
1/31/2026 3:20:00 PM
عیماد حەمید عەلی
خودایا.. بەسە ئیتر لابەری دەیجوری ئضمیحلال...
طلوعی پێبکە خورشیدی.. ڕۆژی پاکی ئیستیقبال.
لەگەڵ هیجرتدا بەسەرچوو عومر شیرینم...
دەسا نۆبەی ویساڵە... ئاه ئەی ئومێدی ئیستیقلال...
سەرهەڵدانی فیکری نەتەوەیی لەسەدەی بیستەم لەم ناوچەیەی ئێمەدا هاوکات بوو لەگەڵ هاتنی شەپۆلە ئایدۆلۆژیی و فیکرییەکانیش ، بەهێزی شەپۆلە نەتەوەییەکە تا ئاستێک بوو کە ئایدۆلۆژیاکانیش خۆیان پێدادەپۆشی ، چەپ وئیسلامیی و عەلمانییەکانی دەوروبەرمان هێندە نەتەوەیی بون هێندە ئیسلامیی و عەلمانی و چەپ نەبون ، گوتاری نەتەوەیی باڵادەستییەکی گەورەی نیشاندا و چەمکی نوێی هێنایە کایەوە .
لەهاتنی ئەم شەپۆلە ئایدۆلۆژیانە بۆکوردستان وەک نەتەوەیەکی بێدەوڵەت و ژێردەستەی چوار وڵات و داگیرکراوی ڕۆژئاوا بە ناراستەوخۆ بابەتەکە پێچەوانە دەبێتەوە ،جوڵانەوە سیاسییەکان و کارەکتەرەکانیان کارێکی پێچەوانە دەکەن، هێندەشەڕ لەسەر شوناسە ئایدۆلۆژییەکەدەکرێت بابەتە نەتەوەییەکە دەخرێتە کەنارەوە تا ئاستی دولەتبونی هێزەسیاسییەکان دەڕوات ،حیزبی شیوعی عێراقی لەکوردستان دەبن بەدووبەشەوە بەشێکیان لەگەڵ ئومەمی بونی حیزبەکە و بەشێکیان لەگەل کوردستانی بونی حیزبەکە، سەرەتای سەرهەڵدانی یەکێتی نیشتیمانی کورستان و بەتایبەت لەناو کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان هەمان جەدەل دەستپێدەکات ئایا ئێمە عێراقییانە بیر بکەینەوە یا کوردستانیانە ؟ تائاستی جیابوونەوەی ئاڵای شۆڕش ،جوڵانەوە ئیسلامییەکەش بەهەمان دەرد ڕۆشت ،کە ئایا بۆ کاری سیاسیی پێویستمان بە ئیجازەی ئیخوان هەیە یان نا؟ نامەکەی نوعمان سامەڕائیی دەبێتە سەرەتای لێک ترازانی تەواوەتی جوڵانەوەکە و هەریەکەیان بە ئاڕاستەیەک .
ئەوەی جێی سەرەنجە لەو دیالێکتەدا لەناو هەموو بەرەکاندا ڕەوتەکوردستانییەکەدەیباتەوە، ئێستا نە هاوڕێیانی حیزبی شیوعی باسی یەکگرتنی کرێکارانی جیهان دەکەن و نەهەڤاڵانی ئاڵای شۆڕش باسی دیموکراسیی بۆ عێراق بەپێچەوانەوە پێشڕەوی سەربەخۆیی و ڕیفراندۆمیش بوون،برایانی ئیسلامی بەهەموو زمانێک پێمان ئەڵێن پەیوەندییەکمان بە ئیخوانەوە نییەوحیزبەکانمان کوردستانیی عەیارەبیست وچوارن و ئیخوانی عالەمی وەهمێک بوو شەڕ لەسەر شەرعییەتی ئیخوان بۆ کاری ئیسلامی لەناوخۆیی کوردستان ڕادیۆ بوو.
کۆبوونەوەی کورد لەسەر سفرەی نەتەوەیی بون و بڕواهێنان بەخاوەنی ئایدۆلۆژیاکان کە کوردبوون پێش هەرجوڵانەوەیەکی ئایدۆلۆژییەکاری نەکردەبوو ، لەم ڕۆژانەدا کە ڕۆژئاوای کوردستان بۆتە چەقی کۆکردنەوەی هەموومان وەک نەتەوەیەک ، تەقینەوەی هۆشیارییەکی نەتەوەیی لەناو نەوەیەکدا کە چاوەڕێی ئەوەی لێنەدەکرا و بەردەوام گازندەی ئەوەیلێدەکرا کە ئینتیمایان لاوازە و کوردستان لە مەترسیدایەلەئایندە ، کاتێک ئەم هۆشیارییە دەتەقێتەوە مەترسی بۆسەر ئەوخڵتەئایدۆلۆژییانە دروست دەکات کە هێشتا خەون و وەهمی ئوممەی ئیسلامیی و برایەتی گەلان و شۆڕشی پرۆلیتاریایان تێداماوەو بڕوایان بە سەرەتای وەرزی ساردی ئایدۆلۆژیا بەسەرچوەکان نەهێناوە ،ناتوانن لەوە تێبگەن کە خەونەکانی سەدەی بیست بۆسەدەی بیست و یەک دەستنادات و بەردەوام نابێت.
دروست بون و فۆرمەلە بونی ئەم هۆشیارییە نەتەوەییە بەم شێوازە مەترسی بۆسەر ئەوئایدۆلۆژیا گشتگیرانە دروست دەکات بۆیە بەهەزار جۆر بەرەنگاری دەبنەوە ناتوانن لەقەفەسە ئایدۆلۆژییەکە دەربازببن.
ئەم هۆشیارییە نەتەوەییە درێژەی هەیە و دوژمنیشی هەیە، خەونی تواندنەوە و تێکەڵکردنی کوردبە ئایدۆلۆژیا سیاسیی و فیکرییەکان کۆتایی هات،لێرەوە کورد تەنها وەک نەتەوەیەک خۆی پێناسەدەکات، کە ئەوانیترناچاردەکات ڕێزی لێبگرن و مامەڵەی لەگەڵ بکەن، کزبونی بازاڕەئایدۆلۆژییەکان خاوەنەکانی توشی هستریا کردوە،دەیانەوێت باری لاری خۆیان بەجوڵاندنی عاتیفە و جەهل گەرمبکەنەوە،دەبینین لەژێر ناوی جیاوازو بەبیانووی جیاواز دژی ئەو هۆشیارییە نەتەوەییەن کە لەباڵاترین شێوازداخۆی وێنادەکات،کاری هەموومانە ڕێ لە بەلاڕێدابردنی ئەم هۆشیارییە بگرین، بەتایبەت کە نەوەیەک بەشدارەلەزیندوراگرتنی ئەم هۆشیارییەکەگرەو لەەرئەوەدەکرا هیچ ئینتیمایەکی نەتەوەییان نییە،بەشداری کاراو کاریگەریی ئەم نەوەیەلەم جوڵەدا دڵنییاییمان پێدەبەخشێت کە دوژمنانی ناوخۆ و دەرەکیی ئەم هۆشیارییەناتوانن ڕێ لە بەرفراوان بوونی بگرن،سەرمایە گوزاری فیکریی و سیاسیی و پەوەردەیی لەسەر ئەم هۆشیارییە کاری لەپێشینەی هەموومانە،جوڵانەوەیەک بەم ئاستە بەبێ ڕێبەرێکی دیاریکراو و بەبێ قائیدی زەرورەو حیزبی قائید تەنها لەنەتەوەیەکی زیندویی وەک کورد دەوەشێتەوە.