290وتار

کۆتا قومی قاوەکە

7/23/2025 2:09:00 PM
عیماد حەمید عەلی

دیارترین وانەیەک لە مێژووی وەردەگرین ئەوەیە کە کەس وانە لە مێژوو وەرناگرێت.

هیگڵ

هەرێمی کوردستان بە بریارێکی نێونەتەوەیی هاتە بوون، داگیرکردنی کوەیت ئەودەروازەیە بوو کە هەلێکی زێڕینی بەخشییە کورد تا جارێکی تر شۆڕشە نوێیەکەی بە دەردی شۆڕشی ئەیلول نەڕوات ، ڕاپەرین و کۆڕەو پاشان حکومەت و پەرلەمان و جۆرێک لە ئۆتۆنۆمی هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ چوونە ناو دونیای نوێ و بونیاتنانی ئایندە ، بەڵام پاش مێژوویەک لەحکومڕانی ئەزموونەکە خولانەوە بوو بەناوبازنەدا و جارێکیترشۆرش دژەکەی خۆی بەرهەمهێنایەوە.

دەستپێک و ناڕەزایی

 ئەزموونی هەرێمی کوردستان لەسەرەتای دوروستبونیەوە هاوتەریب بوو لەگەڵ سەرهەڵدانی بزووتنەوەیەکی ڕۆشنبیری ناڕازی ڕەخنەگرکە بەنوسەرانی گۆڤاری ئازادی و پاشان یەکگرتن و دواتر ڕەهەندییەکان دەرکەوتن ،ڕۆژنامەی هاوڵاتی و ئاوێنەو لڤین وەک میدیای ئەهلی بەشێک بوون لەو پرۆسە،حیزبی سیاسیی و ڕێکخراوەکان و کۆمەڵی مەدەنیی و بزوتنەوە ناڕازییەکان سەریان هەڵدا،کاری ئەم بەرە جیاوازانە بەرامبەر دەسەڵات و ناڕەزایی دەربڕین و هەڵوێستی جیاوازییان بێ باج نەبوو ، تا خوێنڕشتن و تیرۆر ڕۆیشت، بەڵام هەرگیز دەسەڵات ئیستێکی نەکرد لەبەرامبەر ئەو دەنگ و بەرە ناڕازییانە ،پاساو هێنانەوە و خۆدزینەوە و پینەوپەڕۆ بەدرێژایی مێژوو سیمای دیاری حیزب و دەسەڵاتی کوردیی بوە.

قۆناغی درەوشانەوە

 پەنگ خواردنەوەی ناڕەزایەتییەکان ، کەڵکە بوونی هۆشیاری خەڵک ، پێویستی بە ڕێکخستن و ئاڕاستە کردن و ڕابەرایەتی هەبوو ، ساڵی ۲٠٠۹ و سەرهەڵدانی بزووتنەوەی گۆڕان ترۆپکی درەوشانەوەی دەنگی ناڕازی بوو،کۆکەرەوەی زۆرێک لەکەسانی دیارو خاوەن خەباتی مەدەنی و دەنگی ناڕازی گۆڕەپانەکە بوو.

ئەوەی وایکرد هیواکان ببەسترێنەوە بەو بزووتنەوەیەوە، بە پلەی یەکەم  ڕابەرەکەی بوو، بەپاشخان وئەزمونیکی زۆری سیاسی وسەربازی و ڕیکخستن ونوسین ، بو بوە فیگەرێکی دیارو کەساتییەکی کاریزمی و خاوەن سیحرێکی تایبەت ، ئەو ڕابەرە کە خۆی وەک ڕێکخەر دەناساند ،هەڵبژاردنی ناوو ناونیشان بەشێوەیەکی وورد ووەستایانە، سیفەتێکی دیاری ڕابەری بزووتنەوەکە بو کە هەر ناونیشانی ڕێکخەر خۆی ئاماژەیەکی ووردەبۆسەلیقەیەکی سیاسی وئەدەبی.

سیحری سەرکردەیەک

بەدەر لەو چینە نارازییەی ناو خەڵک و بزوتنە ناڕازییەکان و خەڵکی مەدەنی ، زۆرێک لەوانەی کە بناغە دارێژەرو هاوکار و پاڵپشتی ڕێکخەری بزووتنەوەکە بوون ، لەناو یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە هاتبوون ، ئەوەشی وای کردبوو بەشێکی زۆری ئەو سەرکردەو کەسایەتیانە ئیمتیازوبالادەستییو بەرژەوەندی جێبێڵن ، ئومێدیان بو  بەسەرکردەیەک کەلەمێژوویەکی درێژەوە کاریان لەگەل کردبوو ، تێگەشتبوون لەوەی ئیشی ئەو بە خەڵک بۆخۆی نییە ئیشی بەخەڵکە لەپێناوی خۆیان ، سەرباری ئەو ئەزموونە درێژەی ئەوسەرکردە کە لەخەباتی کورد نەخشاندبوی لەشۆڕشی ئەیلولەوە بۆ هەڵگرساندنەوەی شۆڕشی نوێ وئەندازیاری ڕاپەڕین دەوڵەمەندی پاشخانی ئەدەبیی و فیکریی و سیاسیی.

گۆڕینی مێژو و تەنیایی سەرکردەیەک

 هیچ کات و هیچ کەس ناتوانێت نکوڵی لەو ڕاستییەبکات ۲٠٠۹ هاوشێوەی ۱۹۹۱وەرچەرخانێکە کەکوردستان هیچکات ناگەڕێتەوە بۆ پێش ئەو قۆناغە،ئەندازیاری هەردوو وەرچەرخانەکە هەمان کەسایەتی بوو،ئەوەی جێگای سەرەنجە هەردوو گۆڕانکارییەکە ڕاستە لەشکرێک لەکەسانی دڵسۆز ولەخۆبردو و بەتوانا پاڵپشتیی بوون بەڵام هەردوو وەرچەرخانەکە لەفیکروکەسایەتی ڕابەری بزوتنەوەکەدا سەری هەڵدابوو،  لەبەر ئەوهۆکارەبوو نەتوانرا دوای خۆی گۆڕانکارییەکە درێژەپێبدرێت و بەردەوام بێت  ، قۆناغەکانی دواتر کە بزووتنەوەکەی پێدا تێپەڕی ئەو راستییەی سەلماند کە هاوڕێکانی بێتواناتر بون لەوەی نەک بتوانن بزوتنەوەکە گەشە پیبدەن بەڵکو تەنانەت پێشیان نەپارێزرا و نەیانتوانی بەردەوام بن لە پاراستنی قەبارەی جەماوەری بزوتنەوەکە.

توانەوەی مۆم

بۆچی سەرئەنجامی بزووتنەوەی گۆڕان وای لێهات؟ پرسیارێکە لەڕاستیدا وەڵامەکەی (سهل ممتنع)ە کورتکردنەوەی هۆکارەکان لەچەند بابەتێکدا ڕێگریمان لێدەکات کەبگەین بە وەلامە راستەکە، هەموو ئەو هۆکارانەی کە ئاماژەی بۆدەکرێت کەم تا زۆر لەحیزبەکانیتریشداهەن و بەلام وەک بزووتنەوەی گۆڕانیان لێنەهات.

لام وایە هۆکارەکانی سەرئەنجامی بزووتنەوەکە کە گەشتە ئەمڕۆ پێویستی بەلێکۆڵینەوەودیراسەیەکی ووردتر هەیە.

چونکەلەمێژووی خەباتی سیاسیی کورد دیاردەیەکی ناوازەیەکەهێزێکی سیاسیی لەماوەی کورتدا بگاتە ترۆپکی جەماوەریی بوون وهێزی خۆی و بەهەمان خێرایش بگاتە توانەوە و وون بوون،سەرەتاکانی شکست وپاشەکشەی گۆڕان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی کۆتایی ژیانی ڕێکخەرەکەی،بەدڵنیایی مەرگ مەودای بدایە سەرەنجامی گۆڕانی بە سەرەنجامی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان دەبرد.

بزووتنەوەی گۆڕان وەک دەرفەت

 دەسەڵات وحیزبەسیاسییەکان وخەڵک لەبەردەم بەرپرسیارییەتێکی مێژووی بون کاتێک بزووتنەوەی گۆڕان درووست بو.

خەڵک تاباشترین ئاست ئەدای واجبی خۆی کردو پاڵپشتی و دەنگ وهیوایدا بە بزووتنەوەکە پاڵپشت بەو هێزەی خەڵک پێیدا ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێزبەڕابەرایەتی بزوتنەوەکە دروست بو.

دوولایەنیتری ئیسلامی هاوهەڵوێستی بزووتنەوەکە بوون کەچەندجێی شانازییە بۆیان ئەوەنەش منەتباری بزووتنەوەکەن چونکە بەشێکیان پێش درووستبونی گۆڕان لەژێر هەرەشەی جدی بون و بەناوی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرەوە پاکتاو دەکران، بەشێکیتریان تەنیا لەبەربونی لیستی جیاواز لەحیزبەکانی دەسەلات لە‌ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بارەگاکانیان دووجار سوتیندرا.

بەدەرلەهەرئینتیمایەک ئەوپاکێج و بەرنامەورەخنانەی کەبزوتنەوەکە خستییەڕوو ئەگەر گوێی لێبگیرایەو جێبەجێبکرانەیە ئێستا پاش ۱٦ساڵ لە قۆناغێکیتری سیاسیی و حکومڕانیی دەبووین ، هەمومان بەدیاربچوکبونەوەی هەرێمی کوردستان و لاوازی حکومەتەکە و بێمتمانەیی خەڵک بەدەسەڵات وچۆکدادان بەرامبەر بەغدا و پاڕانەوە بۆ مووچە و ترسی لەناوچوونی ئەزموونەکە و کۆتا قومی قاوەکەوە دانەدەنیشتین.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن