دنیا وایە خەدیجە... لە شەوارەی بەڵێنەکانەوە بۆ سفرەی عەزابەکان
5/18/2026 1:18:00 PM
عیماد حەمید عەلی
دنیا وایە خەدیجە..
دنیا وایە..
بەخەونی گەورەوە
بۆ شۆرش کەوتنە ڕێ و پیاوە گەورەکانی یەکتریان بە چەکی گەورە کوشت ، بەڵینی
دامەزراندنی کوردستانێکی سووریان پێداین و بە شەڕی ناوخۆی براکان لەشاخ و شار
کوردستانیان بۆ سورکردین بەخوێن ..
دنیاوایە
خەدیجە ...شۆڕشگێڕانی
دوێنێ و دەسەڵاتدارانی ئەمڕۆ، یەکەمجار پەپوسلێمانییەکانیان پیشانداین و ئێستەش ئەبابیلەکانیان؛
یان لە زیندانەکانیان دەمانخەسێنن یان لەسەر نووسینەوەی خەونێک تیرۆرمان دەکەن و
دواتر بەتاوانی تیرۆر تاوانباریشمان دەکەن و لە عەرەبستان تەرمەکەمان فڕێدەدەن یان
لە باوەشی دایکمان تیرۆرمان دەکەن، دەکرێ لەسەر ووتارێک تیرۆرت بکەن یان گێرانەوەی
میژوویەک یان ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەوانی، یەکەم
جار مانگاین بەتریفەکانییەوە بۆدەردەخستین ئێستا دووپشکەکان ..
دنیا
وایەخەدیجە ..زیندانت دەکەن و حیساب بۆ کەس ناکەن، ئەشکەنجەت دەدەن و کەس لە کەسیش
ناپرسێتەوە، کەنگێ ئاوایان لێهات شۆڕشگێڕانمان؟ بەڵگەش دەخەیتە بەردەستیان نکوڵی لێ
دەکەن، تەنانەت بێباکانە وەڵامی ڕاپۆرتی نێودەوڵەتیش دەدەنەوە؛ ئەو کۆمەڵگا نێودەوڵەتییەی
کە ڕۆژانێک پشت و پەنای ئێمە بوو بۆ سەلماندنی مەزڵوومیمان لە دنیای دەرەوە.
دنیا وایە خەدیجە..ئێمە عاشووراش نەبێت
هەر شینی فریوی بەڵێنەکانی شاخ و شۆڕشیان بخۆین بەسمانە. وامانزانی ئازادیخوازن، کەچی
بەیاننامە دەردەکەیت، ڕاپۆرت دەنووسیت، هەڵمەت دەکەیت، هیچ حیسابت بۆ ناکەن. حەز
ناکەم وەک نووسەرانی دی بڵێم ترسنۆکن، بەس تا خوا حەز کات شێری ماڵەوە و ڕێوی
دەرەوەن ، بۆخۆمان بکوژ و ببڕ لەبەردەم چاوشین و قژزەردی ئەو وڵاتانەش ترسنۆک و لەسەر
چۆکن.
دنیا وایە خەدیجە... ناوی زل و دێی وێران ئیشی خۆیانە؛ شاری ئازاد و پایتەختی ڕۆشنبیری، شاری ئاشتی و
دەستەخوشکی پاریس و ناشڤێڵ و هەزار لەقەب و ناو و ناتۆرەی زل باس دەکەن.
کاتێک ئەم جوانییە ساختانەیان فریوت دەدەن
و بەڵێنە کورتخایەنەکانیان وەک تۆز دەچێت بە بادا، ئەوکات وەک هاوڕێیەکی خائین دۆسییەت
بۆ دروست دەکەن و وەک دۆستێکی دووڕوو دەتخەنە داوەکەوە.
ڕۆژانێک پەیکەرێک بوون پاکمان دەکردنەوە،
تەوتەمێک بوون پەنامان بۆ دەبردن، زمانمان ئاوسا ئەوەندەمان وەسف کردن، کەچی نائومێدیی
ئەوان ئێمەی چەماندەوە. بە ڕەخنە و ڕەخنە لەخۆگرتن خۆیان پیشان دا، کەچی جیقەڵدانیان
بەقەدەر کوێخایەکی کۆنی لادێیەکی دوورەدەست پێوە نییە..
بیرتان دێت خەرمانێک لەخەونمان هەبوو بە گەنجی
قاروونمان نەدەدا؟ بیریان نەماوە کە یەکەم جار هاتنەوە شار، حەز ناکەم وەک شاعیرانی
تر بڵێم ڕووناکی بەڵێنەکانیان شەوارەی پێکردین، بەڵام کردیان. نەتەوەیەک خەون و
قوربانی و فرمێسک و خوێنی دا و جینۆساید و کیمیاباران کرا، بەڵام ئەمان شەوێک
کاروانچین و نەوت ئاودیو دەکەن، شەوێک قاچاخچین و دووگ و چەوری و سەیارەی بڕاوە و
مووس داخڵ دەکەن.
بۆ بەیانییەکەی، لەگەڵ موعارەزە دووڕووەکان لە پەنای
ئاگری درۆی چاکسازی و سەروەریی یاسا و ئەمنی
قەومی دادەنیشن و ڕقی شەخسی و حیزبی و بنەماڵەیی دەڕێژن بەسەر ئازادیخوازان و ئەوانەی
وەک ئەوان بیریان ناکەنەوە. لەولاشەوە، گەنجی وڵات بە بەلەمێکی شین هەڵدێن بەرەو
سفرەی عەزابەکان و هەر شەوەی تەرمی یەکێکیان دێتەوە.
دنیا وایە خەدیجە، دەفێکی دڕاوین و بەردەوام
خلۆر دەبینەوە، میزراحێکی ماندووین و لە فەزای نائومێدی بەڵێنی بەناو کۆنە ئۆپۆزسیۆنی ساختە ی خاوەن
شەهادەی قەبە و عەقڵی بەتاڵ ، زمانی درێژ و دەستی کورت و دەسەڵاتی بێباک دەخولێینەوە.
پێمان دەڵێن خەون نابینن؟ بەڵام ئێمە ئەو وەختەی
لە چارەنووسی خۆمان هەڵدەهاتین، پەنامان بۆ هەر کەس و ناکەسێکی بەناو ناڕازی برد و
کەچی ئێمەیان خستە ناو سەودای دەستکەوتە پوچ کورتخایەنەکانیان..
لە خەونماندا وازیان لە تەماعکردنە شاخ و گرد و نەوت و جەوتی وڵات
هێنابوو، ئیشەڵا بەڕاست دەگەڕێت ئەو خەونە.