10وتار

خولانەوە لە بازنەدا

8/31/2025 6:53:00 PM
عیماد حەمید عەلی


تاوان ئەو کردارەیە کە ویژدانی گشتی کۆمەڵگا ئازار دەدات
دۆرکهایم
پشکۆ نەجمەدین لە یاداشتەکانی ( ئەزمون و یاد ) دەڵێت : (ئێمە بە خەیاڵی دروستکردنی کوردستانی سور شۆڕشمان کرد، بەڵام کوردستانمان بە خوێنی براکان سور کرد )
ڕوداوی ٢٢ی ئاب ی سلێمانی درێژەپێدەری ئەو سورکردنی کوردستانە بوو بەخوێنی براکان و شکاندنی پەنجەکانی یەکتربو، ڕوداوەکە کە باشتر وایە بە کارەسات ناوببرێت ، گەڕانەوە بو بۆ کەلتورێکی ڕەگ داکوتاوی ناو هێزە کوردییەکان کە یەکلایی کردنەوەی کێشەکانە بە هێز ، دەکرێت خوێندنەوەی فرە رەهەند هەڵدەگرێت ، لە تەنیشت دەربڕینی هەڵوێستەکان و ئاراستە جیاوازەکانی ناو ڕوداوەکە ، ئەرکی هەمومانە تێڕامان و لایەنەجیاوازەکانی روداوەکە ببینین و هەڵبسەنگێنین ، بەدەر لە دەربڕینی هەڵوێست یان پەنا بردن بۆ سەرکۆنە و لایەنگیری و لایەنداری  دەبێت هەوڵی تێگەیشتن لە روداوەکە بدەین .
بەشێکی زۆری هەڵوێستەکان بەهۆی هەندێ گرتە ڤیدیۆ و شێوازی نمایشی سەربازیی و پەلاماردانی لالەزار ، جۆرێک لە هاوسۆزی گشتی بۆبەرەی لالەزار دروست کردوە کە هاوسۆزییەکە تا رادەیەکی زۆر دروستە ، چونکە بەو پێناسەی دۆرکهایم دەیکات بۆ تاوان دەڵێت ( تاوان ئەو کردارەیە کە ویژدانی گشتی کۆمەڵگا ئازار دەدات) ئەو کردە سەربازییە و لێکەوتەکانی ئازاری ویژدانی گشتیدا ، وەک کۆی کارەساتەکانیتر کە کورد بەسەرکوردیدا هێناو بویە هۆی دروست بونی ئەو ئازارە لە ویژدانی گشتیدا هەر لە شەڕی ناوخۆی شار و شاخ و ٣١ ی ئاب و ١٦ ئۆکتۆبەر و جێهێشتنی شەنگال و بازرگانی لەگەڵ داعش و....
ئەگەر دیوێکی تری ڕوداوەکە ببینین دەبێت ئەوە بڵێین ئەگەر لایەنی شکستخواردوی ڕوداوەکە لەجێی لایەنی سەرکەوتو بوایە ئایا کارەساتی هاوشێوە روی نەدەدا؟ ئایا ئەوەی ڕویداوە روبەروبونەوەیە لەنێوان دوهێزی جیاواز یان لەنیوان دوهێزی هاوشێوە؟
ئەو ڕوداوە مایەی سەرسوڕمان و ڕوداوو پێشهاتێکی نوێ نییە ، بەڵکو درێژە پێدەری هەمان عەقڵییەتی ناو شۆڕشی کوردو هێزی کوردییە لە دەرپەڕاندنی باڵی مەکتەبی سیاسی پارتی لە ١٩٦٤ و سەرئەنجامی ئالای شۆڕش و کوشتنی کۆمۆنیستەکان  لەپاش ڕاپەڕین و سوتاندنی بارەگانی یەکگرتوی ئیسلامی و موشەکبارانکردنی بارەگاکانی کۆمەڵی ئیسکامی ئەوکاتە و هێرشکردنە سەر مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان، مێژوی سیاسی هێزەدەسەڵاتدارەکانی کورد پڕە لە لالەزاری گەورە و بچوک.
بەرگری لە چی بکرێت؟
ئەوەی دەبێت بەرگری لێبکرێت هیچ یەکێک لەلایەنەکانی ناو ڕوداوەکە نین ، ئەوەی دەبێت بەرگری لێبکرێت کۆمەڵگا و زەمینەی کۆمەڵایەتیی و شارستانی خەڵکە ، کە نابێت هیچ هێزێک ببێت بە هەرەشە بۆی ، نە هێزێک بەناوی سەپاندنی یاسا درۆن و دەبابە و لەشکرکێشی بکات بۆ ناو شارەکان ، نەهێزێک مۆڵگەی سەربازی و هێزی چەکدار لەناو گەڕەک و شوێنی نیشتەجێبونی خەلك سازبکات بۆ ڕوبەڕوبونەوە ، ئەو بیرۆکەی لەبەرامبەر خەباتی مەدەنی و ناڕەزایی مەدەنیی و هەوڵدان بۆ گۆڕانکاری  وەستابو ، پێی وابوو کە بە هەڵگەڕانەوەی سەربازی و کاری توندوتیژانە دەتوانرێت دەسەڵات بگۆڕدرێت ،بیرکردنەوەیک بو لە تێنەگەیشتن لە ڕۆحی سیستمەکەوە هاتبو ، دەرکەوت چەکداربون و بونی هێزلای بەرەی دەرەوەی دەسەڵات ،  شەرعییەت دەدا بە دەسەڵات بۆ مانەوە و درێژکردنەوەی تەمەنی و خۆسەپێنی زیاتر .
ئۆپۆزسیۆن و میدیا ، لە روداوەکە کارەساتتر
بەرگری لە شارستانی بوون و پاراستنی کۆمەڵگا لە توندوتیژی لایەنەکانی دەسەڵات ، کاری لەپێشینەی ئۆپۆزسیۆنە ، هەڵوێستی ئۆپۆزسیۆنی کوردی تەواو جێگای نائومێدی و تێڕامانە ، هەندێک هێزیان تەنانەت بە بەیاننامەیەکیش ئامادەی باسکردن لەوڕوداوانە و دەربڕینی دیدگای خۆیان نەبوون، کە ئەمەش گوزارشتە لە نەبونی ڕا ، نەبونی هەڵوێستێکی یەکلایی لە ڕوداوەکان ، جۆرێک لە ترس و دڵە ڕاوکێ ، ئەو جۆرەش لە مامەڵە هۆکار بوە بۆ دورکەوتنەوە ی خەڵک لەو هێزانە و نەبونی ئومێد پێیان بۆ گۆڕانکاری، ئۆپۆزسیۆن بەرهەمهێنەرەوەی دەسەڵات و درێژەپێدەری هەمان دۆخە ، لە سودی نییە دەسەڵات بگۆڕێت ، چونکە نە بەرنامەیەکی ڕوونی پێیە تابتوانێت جێگرەوەی دەسەڵات بێت نە دەتوانێت بەبێ ڕەخنەش لە دەسەڵات بژی .
لە پاڵ ئۆپۆزسیۆن میدیا ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە ئاراستەکردنی رایگشتی و دروستکردنی ڕای گشتی نەبونی میدیای نیشتیمانی و نەبونی یاسا و لایەنی چاودێر و نەبونی دەسەڵات بەسەر میدیاحیزبییەکان، دەمانبینی میدیا حیزبیی و سێبەرەکانیان ، بەهەمان ئاراستە و وتاری شەڕی ناوخۆ کاریان دەکرد ، لە پیشاندانی دەستگیرکراوان لە بڵاوکردنەوەی دانپێدانانەکان کە بەتەواوی دژی ئەوبنەمای سەروەری یاسایە کە خۆیان بانگەشەیان بۆ دەکرد، لەبەرامبەردا هەندێ میدیایتر بە گیانێکی تۆڵەسێنانە لەبەرامبەر ڕووماڵی ڕوداوەکانی ژێر دەسەڵاتی حیزبەکانیان لەلایەن میدیای حیزبە نەیارەکان کاریان دەکرد بەبێ ڕەچاوکردنی ئیتیکی ڕۆژنامەوانیی و تەنانەت ڕەچاوکردنی سەلامەتی گیانی پەیامنێر و کارمەندانیان .
یاسا وەک ماکیاژ
دەبێت هەمومان داوا و فشار بکەین کە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان بۆ بەدیهێنانی ئامانجە سیاسیی و حیزبی و شەخسییەکانیان یاسا و دادگا بەکار نەهێنن ، دروستکردنی شەرعییەتی یاسایی ناتوانێت بڕوا بە کەس بکات کە ئەو کردەوانەی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان ئەنجامی دەدەن لەپێناو یاساو بەدیهێنانی دادپەروەریدایە ، دروستبونی ئەو هەستە گشتییە کە دەسەلاتداران دادگا و یاسا بۆ ئامانجی خۆیان بەکاردێنن لەناوبردنی تەواوی هەستکردنی خەڵکە بەبونی دەسەلاتی دادوەری و سەربەخۆی دادگا ، ئاماژەیە بۆ خەڵک کە ناکۆکیی و جیاوازییەکان لەدەرەوەی دادگا و بە هێز یەکلا دەکرێتەوە و لە کوێدا پێویست بو بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان و سەپاندنی دەسەڵات بەکاری دێنین و کە کارمان پێی نەما  وێنەو ڤیدیۆی تۆمەتبار و دانپێدانانی بڵاودەکەینەوە کە تەواو پێچەوانەی یاسایە ، دروستکردنی ترس و دڵەراوکێیە کە هەریەکێکمان دەکرێت ڕۆژێک بە تاوانێک کە کردبێتمان یان بۆمان دروستکرابێت بمانبەنە بەردەم شاشەکان و دانپێدانانەکانمان بڵاو بکەنەوە کە سیاسییەکان خۆیان لە چەندین بۆنەی جیاواز ئاماژەیان بەوەداوە کە دادگاکان لەلایەن سیاسییەکانەوە ئاراستەدەکرێن.
پێش هەموان دەبێت دادوەران و ئەندامانی داواکاری گشتیی لە دژئەو وتارەی سیاسییەکان بوەستنەوە کە بەردەوام دوبارەی دەکەنەوە کە دادگا بێدەسەڵاتە و یاسا لەبەردەم دەسەڵاتداران بێهێزە ، شکۆی دادوەری و دادگا و یاسا ئەرکە ، نابێت ڕێگە بدرێت لەژێر هیچ پاساو و بیانویەک بخرێتە ژێرپرسیار و گومانی لەسەر دروست بکرێت .




سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن