سێكته‌ری كشتوكاڵ و كۆمپانیای دڵنیایی
6/20/2019 8:41:00 PM
ئارام قادر كۆكۆیی
له چه‌ند هه‌فته‌ی رابردوودا‌و ئێستاشی له‌سه‌ربێ، به‌رده‌وام گوێبیستی سوتانی ده‌غڵودانی جوتیاران دەبین له میدیاكانه‌وه، هه‌ر له سه‌ره‌تاوه به‌وپێیەی زۆربه‌ی ئه‌م ئاگركه‌وتنه‌وانه له ناوچه جێناكۆكەكان بوون، شیكاری ئه‌وه‌ی بۆ ده‌كرا كه له‌وانه‌یه به ده‌ستی ئه‌نقه‌ست و به ویست ئه‌و كێڵگانه سوتینرابێ تا جوتیارانی كورد ناچار بكرێن ناوچه‌كانیان بەجێ بهێڵن. به‌ڵام پاشتر ئه‌م دیاردەیە له ناوچه‌كانی تر نه‌ك هه‌ر دووباره بوویه‌وه، به‌ڵكو په‌ره‌یسه‌ند. یه‌كه‌مجار كه مرۆڤ دیارده‌یەكی وه‌ها ده‌بینێ یان ده‌بیستێ، بیری بۆ دوو ئه‌گه‌ر ده‌چێ: یان ئه‌وه‌تا ده‌ستێكی گێره‌شێوینی له پشته یان ته‌نیا ڕووداوێكی نه‌خوازراو و بێمه‌به‌سته.
به‌ڵام هه‌فته‌ی رابردوو هه‌وره‌بروسكه‌ش هاته سه‌رو وه‌ك هۆكارێكی سروشتی بووه هۆی سوتانی چه‌ندین دۆنمی گه‌نم. هه‌نووكه پێموانییه ئێستا‌و ئایندەش بتوانرێت به‌ر به دووباره‌نه‌بوونه‌وه‌ی ئه‌م رووداوانه بگیرێ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه ده‌توانرێت بکرێ، كه‌مكردنه‌وه‌ی بارقورسی ئه‌و زیانە ئابوورییانه‌یه كه به‌ر جوتیاران ده‌كه‌وێ به‌تایبه‌ت هه‌ندێكیان ته‌واوی دارونه‌داریان له‌و كێڵگانه‌دا به‌رهه‌م ده‌هێنن و دواتریش به‌هۆی ئاگركه‌وتنه‌وه هه‌مووی یان به‌شێكی له‌ده‌ست ده‌ده‌ن.
لای هه‌مووان روونه تاكه كڕیاری گه‌نم و ده‌غڵودانی جوتیارانی هه‌رێم و ناوچه‌كانی تر، حكومه‌تی به‌غدایە له‌ڕێی هه‌ردوو وه‌زاره‌تی دارایی و بازرگانییەوە. تاكه ئامانج و پاڵنه‌ری جوتیارانیش بۆ داچاندنی ئه‌م به‌رهه‌مه، فرۆشتنه‌وه‌یه‌تی به حكومه‌تی ناوه‌ند، چونكه به نرخێكی زیاتر له بازاڕ لێیان ده‌كڕێته‌وه. له‌به‌رئه‌وه هه‌تا ئه‌م پرۆگرامه به‌رده‌وام بێ، جوتیارانیش به‌رده‌وام ده‌بن له چاندن و وه‌به‌رهێنان و دوورینه‌وه‌ی گه‌نم و به‌رده‌وامیش رووبه‌ڕووی مه‌ترسی له‌ده‌ستدانی ته‌واوی به‌رهه‌مه‌كانیان ده‌بنه‌وه به‌هۆی رووداوی سروشتی و ده‌ستكردەوە.
جوتیاری هەرێم یان ئه‌وەتا وه‌ك تاكه زیانلێكه‌وتوو به‌رهه‌مه‌كه‌ی به‌هۆی ئاگركه‌وتنه‌وه له‌ده‌ستده‌دات، یان قازانج ده‌كات و ده‌یفرۆشێته‌وه به به‌غدا، چه‌ند ساڵێكیش چاوه‌ڕێی شایسته داراییه‌كه‌ی ده‌كات. كه ئه‌مه‌ی كۆتاییان شتێكی سیاسییه‌و پێوه‌ندی به ئابوورییه‌وه نییه. به‌ڵام له‌ڕووه ئابوورییه‌كه‌یه‌وه چۆن ده‌توانرێ كاریگه‌ری زیانه ئابوورییه‌كه‌ی كه‌مبكرێته‌وه؟
له زۆربه‌ی وڵاته كشتوكاڵییه‌كاندا هه‌وڵی چاره‌سه‌ری وه‌ها كێشه‌یه‌ك له‌ڕێی كۆمپانیاكانی دڵنیاییه‌وه دراوه، هه‌رێم و عێراقیش ده‌توانن هه‌مان رێچكه‌ی ئه‌وه وڵاتانه بگرنه‌به‌رو له‌ڕێی دامه‌زراندنی كۆمپانیاكانی دڵنیاییه‌وه جا ئه‌و كۆمپانیانه حكومیی بن یان کەرتی تایبه‌ت. جوتیاران ده‌توانن له‌ڕێی كڕینه‌وەی دڵنیاییه‌وه مه‌ترسی له‌سه‌ر ئه‌و بڕه سامانه نه‌هێڵێ كه له كێڵگه‌كه‌یدا به‌رمی دە‌هێنێ و له‌وانه‌یه له رووداوێكی نه‌خوازراو بێمه‌به‌ست و مه‌به‌ستداردا له ده‌ستی بدات.
له ئه‌گه‌ری روودانیشیدا به‌شێوه‌یه‌كی شایسته قه‌ره‌بوو بكرێته‌وه. ئه‌م پرۆسه‌یه هه‌روا ئاسان نییه‌و ئه‌زموونی وڵاتانی تازه پێگەیشتوو سه‌لماندویه‌تی كه قه‌ناعه‌تپێكردنی جوتیاران بۆ به‌شداریكردن له وه‌ها پرۆگرامێكداو كڕینه‌وه‌ی بۆ پاراستنی سه‌روه‌ت و سامانیان، بێ ئاڵنگاری نییه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێره‌دا هه‌م حكومه‌تی ناوه‌ندی و هه‌م هه‌رێم ده‌توانن بیكه‌نه پاڵنه‌ر بۆ بڕیاردانی جوتیاران له به‌رژه‌وه‌ندی جوتیاران خۆیاندا، مه‌رجداركردنی كڕینه‌وه‌ی گه‌نمه‌كه‌یانه له به‌رامبه‌ر هه‌بوونی دڵنیایی و هه‌روه‌ها دانانی یاسا و رێسایه‌كی تایبه‌ت بۆ خستنه‌گه‌ڕی وه‌ها پرۆسه‌یه‌ك كه هه‌م جوتیاران قازانجی تێدا بكه‌ن هه‌م كۆمپانیاکانی دڵنیایی.