بازاڕی دراوی هەرێمو لیرەی توركی
4/13/2019 9:59:00 PM
ئارام قادر كۆكۆیی
ساڵانی نەوەدەكان كاتێك ئابڵوقەی ئابووری چەند لایەنە لەسەر هەرێمی كوردستان هەبوو، دۆخە سیاسیو ئاسایشیەكەی لەبار نەبوو بۆ ئەوەی ئەو هاووڵاتیانەی هەرێم كە نەختینەیەكی زیادەیان لە خەرجی رۆژانە هەبوو بیخەنەگەڕ. تەنیا ڕێگایەك هەبووبێ پاشەكەوتكردنی بوو لە شێوەی پارەی بیانی بەتایبەت دۆلار، بەو هۆیەوە بازرگانی بەدراوی بیانیەوە برەوی پەیداكردو بازاڕی دراوی بیانی پەرەیسەند.
سەرباری ئەمە زۆربەی خێزانەكانی هەرێم یەكێك لە ئەندامانی خێزانەكەیان یان كەسوكارێكی نزیكیان لە دەرەوەی وڵات دەژیا، ناردنەوەی پارە لەلایەن كەسانی دوورە وڵاتەوە بۆ یارمەتیدانی خێزانو كەسوكاریان پەرەی زیاتری بەم بازاڕەدا.
لە دەیەی پاشتر كە دەرگای جیهانی دەرەوە بەڕووی هەرێمدا كرایەوەو دۆخی سیاسیو ئاسایشی هەرێم بەرەو باشتر ڕۆشت، هاووڵاتیان دەستیان بە بازرگانی هێنانو بردنی شتومەكو هاتوچۆ بۆ وڵاتانی دراوسێ كردو بەو هۆیەشەوە نەختینەیەكی زۆرو جیاوازی دراوی بیانی ڕووی لە بازاڕی هەرێم كرد بە تایبەتیش تمەنی ئێرانیو لیرەی توركی.
بە سروشت ئەم دوو دراوە، بەهۆی دۆخی ئابووری هەردوو وڵاتەكەوە بارێكی ناسەقامگیریان هەیە، بەردەوام بەهاكانیان لە بازاڕە نێودەوڵەتیەكاندا گۆڕانكاری بەسەردا دێت. ئێران بەهۆی بەرنامە ئەتۆمیەكەیو تەداخولی ڕاستەوخۆ لە كاروباری وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، توركیاش بەهۆی سیاسەتی حكومەتی ئاكەپەو ئەردۆغانەوە ڕۆژ بە ڕۆژ ئابوورییەكەی پاشەكشە دەكات.
هەر دوابەدوای كودەتا سەرنەكەوتووەكەی تەمموزی ٢٠١٦ لە توركیا لیرە لە مەترسی لەدەستدانی بەهاكەیدایە. هەرچەندە لەسەردەمی ١٧ ساڵی دەسەڵاتی ئاكەپەدا، لە سەرەتاوە ئابووری توركیا گەشەیەكی بێوێنەی بەخۆیەوە بینی بەو هۆیەوە وەبەرهێنەری زۆری بیانی ڕوویان لەو وڵاتە كردو سەرمایەكانیان لە لیرەی توركیدا خستەگەڕ.
بەڵام بەهۆی سیاسەتی ئەردۆغانو یاریكردنی لەنێوان دوو زلهێزی جیهانیدا، وەبەرهێنەران متمانەیان بە بانكی ناوەندی توركی نەماوە بەردەوام لە هەوڵی كشاندنەوەدان. ئەم مەترسیە بووەهۆی ئەوەی كە ساڵی رابردوو لیرەی توركی ٤٠% بەهاكەی لە دەستبداتو تێكرای گەشەی ناوخۆیی توركیاش لە ١.٥٩٧ دۆلار بۆ هەر تاكێك لە ساڵی ٢٠١٧ دابەزێت بۆ ٩٦٣٢ دۆلار لە ساڵی ٢٠١٨.
دۆخی هەنوكەی ناهەمواری ئابووری توركیا بەهۆی خراپ بەڕێوەبردنی سیستمی ئابوورییەكەیەوەیە. بەپێی دوایین لێكۆڵینەوەی بانكی گۆڵدمەن ساكس، كە دوو لێكوڵەرەوەی دارایی شارەزای ئەو بانكە لە چەند هەفتەی پێشوودا بڵاویان كردەوە، ئابووری توركیا تووشی داكشان بووەو هەر پاش بڵاوبوونەوەی ئەو ڕاپۆرتە، لە هەفتەی ڕابردوودا لیرەی توركی ٥% بەهاكەی لەدەستدا.
هەرچەندە بانكی ناوەندی توركی چەند ڕێكارێكی گرتووەتەبەر بۆ ئەوەی ڕێ بەم داشكاندنی بەهایە بگرێت وەك؛ زیادكردنی نرخی فائیدەو فرۆشتنەوەی دۆلاری یەدەگو رێگرتن لە وەبەرهێنەرانی بیانی بەكشانەوی سەرمایەكانیان لە بازاڕ. بەڵام ئەم قەیرانە بووە بەشتێكی حەتمی چونكە كاردانەوەكانی ئەو ڕێكارانە كاریگەرییەكی نەرێنی زۆری دروستكردووە ئەوانیش بەرزبوونەوەی نرخی كاڵاو شتومەكە. كەمبوونەوەی توانای كڕیار، گران كەوتنی وەبەرهێنان و زیاتر متمانە لەدەستدانی وەبەرهێنەری بیانی بە لیرەی توركی، لەبەرئەوە پێشبینی دەكرێت بەهای لیرەی توركی بەردەوامبێ لە دابەزین.
ئەمە چی دەگەیەنێ بۆ ئەو هاووڵاتیانەی هەرێم كە مامەڵە بە لیرەوە دەكەن؟ بازاڕی دراوی هەرێم تائێستا لەڕووی سیستمو یاساوە ڕێكنەخراوە، دەتوانرێت بەئاسانی قۆرغ بكرێت. ئەو زانیارییانەی دەگات بەبازاڕ یان لە ئاستی پێویستدا نیە یان دیزەبەدەرخۆنە دەكرێن. لەبەرئەوە بەهای زۆربەی دراوەكانو بەتایبەتیش بەهای لیرەی توركی لە ناوخۆی هەرێمدا ڕەنگدانەوەی ئەو بەهایە نییە كە لە بازاڕە نێودەوڵەتییەكاندایە.
وەبەرهێنەرو هاوردەكاری هەرێم بەهۆی نەبوونی زانیاری تەواو لەسەر ئەم دراوە، لە جیاتی فرۆشتنەوەیو خۆدەربازكردن لەو قەیرانەی كە لیرەی توركی تێیكەوتووە لەوانەیە دەستی پێوەبگرن بەو هیوایەی كە لە ئایندەیەكی نزیكدا بەهاكەی بەرزببێتەوە، بەڵام لە ئەنجامدا دەبێتەهۆی ئەوەی بەشێكی زۆری سامانەكانیان لەدەستبدەن.