رۆڵ مۆدێلی ژن و کچ
2/11/2021 10:08:00 AM
ئارام قادر كۆكۆیی
من هیچ پەیوەندیەکم بە ژیانی تایبەتی کەسەوە نییە، مرۆڤ خۆی سەربەستە لەوەی چ جۆرە شێوازی ژیانێک هەڵدەبژێرێت، وە پشتگری تەواویش لە ئازادی ژن و کچ دەکەم. بڕواشم وایە کە دەبێت هەمان هەلی یەکسانیان وەک پیاو و کوڕ لە کار و کۆمەڵگەدا بۆ بڕەخسێنرێت. لە دونیایی ئەمڕۆدا ژنان دەورێکی کاریگەریان لە کایە سیاسی و ئابووری و هونەری و کۆمەڵایەتیەکاندا هەیە و نمونەشیان زۆرە و ڕۆژانە لە میدیا جیهانیەکاندا بەرچاو دەکەون.
هەریەکەو کارێک، لەوێش هەم کوڕان و هەم کچانیش بە هەمان شێوەی ئێرە کاری مۆدێلی دەکەن بەڵام زۆربەیان وەرزشەوانن، یان چالاکەوان، یاخود پاشخانێکی ڕۆشنبیری و کەلتوری فراوانیان هەیە و جوانیەکەشیان جوانیەکی سروشتیە.
بەڵام لێرە هەموو شتەکان پێچەوانەن، زۆربەی مۆدێلەکان و بەتایبەت مۆدێلە کچەکان لەگەڵ ستانداردە جیهانیەکەدا یەک ناکەون (باڵا و جەستە و شێوازی پۆشاکیان). ئەمانەی ئێرە زیاتر لە پرۆمۆتەر دەچن، دەبینیت مۆدێلە و لە جیاتی ئەوەی پشتگیری کەیسێک بکات و هەوڵی بنەبڕکردنی دیاردەیەکی نەرێێ ناو کۆمەڵگەکە بدات ئەم دێت و پرۆمۆتی دەکات، بۆ نمونە لە جیاتی هەوڵی کەمکردنەوەی جگەرە کێشان بدات لە شوینە گشثیەکاندا دەبینیت ئەم نێرگەلەی بە دەمەوەیە، لە جیاتی ئەوەی پەرە بە هوشیاری کۆمەڵگە بدات سەبارەت بە کاریگەریەکانی کەشو هەوا دەبینیت ئەم سەیارەیەکی ٨ بستونی پێیەو هەر دەقەیەک ٢ م دووجا هەوای ژەهراوی لە ئەکسۆزی سەیارەکەیەوە دێتە دەرەوە، لە جیاتی ئەوەی ببێت بە دۆستی گیانداران و هەوڵی پاراستینیان بدات ئەو چەرمەی کە جانتاکەی لێدروستکراوە دەبێت هی چ گیاندارێکی دەگمەن بێت. ئەمان هیچ زانیاریەکی گشتییان نیە و هیچ پاشخانێکی رۆشنبیری و سیاسی و ئابووری و کەلتوری و کۆمەڵایەتیان نییە و زۆربەیان لە ڕووی فکرەوە هەژارن و ناخوێننەوە.
لە شانسی ئەمانیش میدیای کوردی کە میدیایەکی هەژارە لە بابەت دا جگە لە گەورەکردنی ووینەی ئەمان هیچ بابەتگەلێکی کەی نییە پێشکەشی بینەر و خۆێنەری خۆی بکات، (Stop making stupid people famous) بەسە ئێدی هەوڵی بەناوبانگردنی خەڵکی بێئەقڵ مەدەن.
ئایا ئەم بە ناو مۆدێلانەی کوردستان هی ئەوەن ببن بە ڕۆڵ مۆدڵێک بۆ ژنان و کچانی کورد؟ بێگومان نە! ئەوەی کە ئەوان دەیکەن ئازادکردنی ژن و کچ نییە یاخود مانایی ئەوە نییە کە ئاستی فکری و ڕۆشنبیریان لە کەسانی ئاسایی کۆمەڵگە زیاتر و بەرزترە و یان ئەوەی وەک ئەوان بیر نەکاتەوە دواکەوتووە. بەڵکو ئەو ستایڵە ماتریالیستیکەی ئەم بەناو مۆدیلانە پەیرەوی دەکەن هی ساڵانی پەنجا و شەستەکانی سەدەی ڕابردووە لەو سەردەمەدا وا باوبووە کە کچ ناسکە و دەبێت تەنها بە جوانیەکەیەوە بنازێت. ئەم سەردەمە سەردەمی ئەو کچ و ژنانەیە کە پێشەنگن لە بواری زانست و ئەدەب و بازرگانی بە هەموو بوارەکانیەوە، یاخود چالاکەوانی سیاسی و مەدەنین، یان مامۆستای زانکۆ و نوسەر و پزیشکن.