گەشەی ستونی یان ئاسۆیی
9/11/2019 10:08:00 PM
ئارام قادر كۆكۆیی
هەرچەندە پرۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی هێشتا حبری سەر كاغەزەو تا ئێستا نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، دەبوو پێش ئەوەی بڕیار لەسەر ئەم پرۆژەیە بدرێت هەڵوێستەیەكی لەسەر بكرێتو ئامانجەكانی ڕوونتر بكرێنەوە. بە بۆچوونی من ئەگەر:
یەكەم؛ ئامانجی ئەم شەقامە كەمكردنەوەی قەرەباڵغی ناوشارو ترافیكە، پێموانیە هۆكاری ئەو ترافیكەی كە لەناو شار هەیە بەهۆی كەمی ڕێگاوبانەوە بێت، بەڵكو بەهۆی بێپلانیو درێژی تەمەنی جادەكانی ناو شارو نەبوونی هۆكارەكانی گواستنەوەی گشتییو زۆری ژمارەی ئۆتۆمبێلەوەیە، كە ئەویش دووبارە هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ كەمی هۆكارەكانی گواستنەوەی گشتیی.
دووەم؛ ئەگەر ئامانجی ئەم شەقامە فراوانكردنی شارو گەشەكردنێتی، دەبێت بپرسین بۆچی بڕیاردراوە شار بە ئاسۆیی فراوان بكرێت؟ بۆ هەوڵی گەشەكردنی شار نادەن بەشێوەی ستونی؟ فراوانكردنی شار بەشێوەی ئاسۆیی تێچوونی زیاترە بەهۆی ئەوەی زەوییەكی بەرفراوانی كشتوكاڵی داگیردەكرێتو ژینگەی چواردەوری شار تێكدەدرێتو پێویستت بەبنیادنانی خوێندنگەو بنكەی پۆلیسو تەندروستییو تۆڕی ئاوو ئاوەڕۆ كارەبا دەبێت. تۆ لەكاتێكدا توانای دابینكردنی گوژمەت نەبێت بۆ جێبەجێكردنی پرۆژی شەقامێك، ئایا شارەوانییو حكومەت چۆن دەتوانن كولفەی دروستكردنی ئەو هەموو پرۆژانە بگرنە ئەستۆ.
ئەگەر ئامانج لە فراوانكردنو گەشەكردنی شار هەوڵدانە بۆ فەراهەمكردنی ژینگەیەكی لەبار بۆ كۆمەڵگەیەكی بەرهەمهێنەر، پێویستە :
یەك: هەوڵی رێكخستی گواستنەوەی گشتیی بدرێت لەناو شاردا، تا پێویست بەوە نەكات بۆ بچوكترین كار هاوڵاتیان ناچار بن ئۆتۆمبیلەكانیان بهێننە دەرەوە.
دوو: چاككردنەوەوەو فراوانكردنی شۆستەو پیادەڕەوەكانی ناو شارە تا هەموو كەسێك بتوانێت پێیاندا گوزەر بكات. شۆستە پیادەڕەوەكانمان هێندە نالەبارە بۆ گوزەركردن كە لە زۆربەی شوێنەكانی شاردا نەك هەر كەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت ناتوانن پێدا گوزەر بكەن بەڵكو كەسانی ئاسایش پێویستیان بەخولێكی تایبەتە تا مانۆڕی ئەو هەموو چاڵو چۆڵیو بەرزییو نزمیو خلیسكی شۆستانە بكەن بەلاتەوە شتێكی سەیر نەبێت كە زۆربەمان تووشی پشت ئێشە بووین! لەبەرئەوەی كەسیشمان بەپێ هاتوچۆ ناكەین ڕێژەی قەڵەوی لە شاردا زیادی كردووە.
سێ: دروستكردنی كەمەرەیی سەوزایی بەدەوری شارداو زیادكردنی سەوزایی لە هەندێ شەقامو گەڕەكەكانی شار. كە هەندێكیان دیمەنێكی هێندە ناشیرینی هەیە كە زیاتر لە كارگە دەچێت تا شوێنی نیشتەجێبوون، چونكە جگە لە چیمەنتۆو قیرو خشتو ئاسنو تاسە هیچ شتێكی دی بەدی ناكەیت. لێكۆڵینەوە زانستییەكان سەلماندوویانە نەبوونی سەوزایی لە دەوروبەرماندا كاریگەری هەیە لەسەر زیادبوونی خەمۆكییو بەرزبوونەوەی پلەی گەرما. دەبێت ڕێژەی خەمۆكی لە شاردا چەند بێت؟ پلەی گەرما لەهەندی شوێندا هێندە بەرزە دەتوانیت ئاوی پێ بكوڵێنێت.
لەبەر ئەو هۆكارانە پێشنیار دەكەم لەكاتی بیركردنەوە لە بنیادنانو پلاندانان بۆ هەر پرۆژەیەك، گەر ئامانجامان خۆشگوزەرانی هاوڵاتییانی شارە زیاتر جەخت بكرێتە سەر چەقی شارەكانو هەوڵی ڕێكخستنەوەی بدرێت، نەك هەوڵی داگیركردنی زەوی كشتوكاڵیی و تێكدانی ژینگەی دەرەوەی شارەكان بدرێت.