44 کوردستان

رۆژنامەنوسانیش لەمەودوا دەستەبەری كۆمەڵایەتیان بۆ جێبەجێ دەكرێت

02:05 - 19/10/2026

زەمەن - هەواڵ

 

 بەمەبەستی دڵنیابوون لە داهاتوویان وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی رای دەگەیەنێت، لەمەودوا پێویستە هەموو دەزگایەكی میدیایی كە كارمەندی هەبێت و لە بواری میدیادا كار بكات، ئەو كارمەندانە دەستەبەری كۆمەڵایەتییان بۆ بكرێت.

 ئەمڕۆ دووشەمە ١٩ـی تشرینی یەكەمی ٢٠٢٦، كوێستان محەمەد وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا رای گەیاند، دوای ئەو هاوئاهەنگییەی لە نێوان سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان و وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەنجام دراوە، بە وەرگرتنی بۆچوونی ئەنجوومەنی شوورا لە هەرێمی كوردستان، بەپێی یاسای خانەنشینی و دەستەبەری كۆمەڵایەتی و هەروەها یاسای كاری ڕۆژنامەنووسان لە كوردستاندا، پێویستە هەموو ڕۆژنامەنووسێك كە لە دەزگایەكی میدیاییدا كار بكات، دەستەبەری كۆمەڵایەتیی بۆ بكرێت.

زیاتر وتی، دەبێ دەزگا میدیاییەكان كە كارمەندەكانیان لە بواری میدیادا كار دەكەن، ئەم دەستەبەری كۆمەڵایەتییە بۆ كارمەندەكانیان بدەن تا لە كاتی خانەنشینبوون یان لە كاتی دابڕان لە كاردا، سوود لەم بڕە پارەیە وەربگرن كە بە پێی یاسای خانەنشینی و دەستەبەری كۆمەڵایەتی لە دەزگاكان وەردەگیرێت، دەخرێتە سەر حیسابی ئەو كارمەندانەی كە پێشتر لەوێ كاریان كردووە.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، كە ئەم دەستەبەری كۆمەڵایەتییە ئەو كارمەندانەی دەزگا میدیاییەكان ناگرێتەوە كە لە هەمان كاتدا كارمەندی دەزگای میدیایی بێت و فەرمانبەری حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش بێت، چونكە بەپێی یاسای خانەنشینی فەرمانبەرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، مانگانە لێبڕینێكیان هەیە كە ئەم لێبڕینە بۆ گلدانەوەی خانەنشینی دەبێت، بەڵام جگە لەم بابەتە، هەموو كارمەندانی تر دەگرێتەوە، لیژنەیەكی كارگێڕیش بۆ ئەم مەبەستە دروست دەكرێت كە بریكاری وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی سەرپەرشتی دەكات.

لای خۆشیەوە ئازاد حەمەدەمین نەقیبی ڕۆژنامەنووسانی كوردستان، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە جگە لەم بابەتە، دوای ئەوەی ڕای ئەنجوومەنی شوورای هەرێمی كوردستان وەرگیراوە كە وەك فتوایەك وایە تایبەت بە بابەتی دەستەبەری كۆمەڵایەتی، ئەو ڕۆژنامەنووسانەی كە لە دەزگا میدیاییەكاندا كار دەكەن، پێویستە هەم گرێبەستی كاركردنیان هەبێت و هەمیش دەستەبەری كۆمەڵایەتییان بۆ بكرێت، بەداخەوە ئێستە ژمارەیەكی زۆری دەزگا میدیاییەكان كار بە ڕۆژنامەنووسان دەكەن و هیچ گرێبەستێكیان بۆ ناكەن.
لەلایەكی تریشەوە ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە ئێستە لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی شارەوانی، لەسەر هێڵن بە مەبەستی وەرگرتنی زەوی بۆ ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لە كوردستان خزمەتیان لە هەشت ساڵ زیاترە، ژمارەیان 1800 ڕۆژنامەنووسە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن