66 کوردستان

پێدانی قەرز بە فەرمانبەران دەستپێدەکاتەوە

01:31 - 19/10/2026

زەمەن_هەواڵ

 

 وەزیری دارایی عێراق بانکی ڕافیدەین ڕادەسپێرێت، کە پێدانی قەرز بە فەرمانبەران دەستپێبکاتەوە و ڕێکارەکانی وەرگرتنی ئاسان بکات.

ئەمڕۆ دووشەممە، ١٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دارایی عێراق، فالح ساری، وەزیری دارایی سەردانی بانکی ڕافیدەینی کردووە و لەگەڵ عەلی کەریم، بەڕێوەبەری گشتیی بانکەکە کۆبووەتەوە و لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری دارایی فەرمانی کردووە کاتی پێویست بۆ تەواوکردنی مامەڵەکان کورت بکرێتەوە و هەنگاوەکانی پێشکەشکردنی داواکاری بۆ وەرگرتنی قەرزی فەرمانبەران سادە بکرێنەوە.

لە بەشێکی دیکەی سەردانەکەدا، وەزیری دارایی ڕێنمایی داوە کارئاسانیی بانکی بۆ کەرتی تایبەت بکرێت تاوەکو کۆمپانیاکان بتوانن پارەی پێویست بۆ پڕۆژەکانیان بەدەستبهێنن، ئەوەش بە ئامانجی پاڵپشتیکردنی چالاکیی بەرهەمهێنان و وەبەرهێنان و ڕەخساندنی هەلی کار.

هاوکات فالح ساری لقێکی نوێی تایبەت بە بازرگانان و خاوەنکارانی لەناو باڵەخانەی سەرەکیی بانکی ڕافیدەین کردەوە و تاوتوێی قۆناغەکانی بەئەلیکترۆنیکردنی بانکەکەی کرد، بەجۆرێک لەگەڵ ڕێڕەوی چاکسازیی دارایی و کارگێڕی بگونجێت و خزمەتگوزاریی خێراتر پێشکەشی هاووڵاتییان بکات.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن