75 ئابوری

لە هەولێر پارەی موەلیدە لە هاوبەشانی کارەبا وەردەگیرێتەوەو گرانتریش ده‌بێت

06:48 - 19/10/2026

زه‌مه‌ن – هه‌واڵ
پارەی کارەبای موەلیدە لە بەشێکی هەولێر لە هاوبەشانی کارەبا وەردەگیرێ. سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکان دەڵێ، ئەو گەڕەکانەی پارەی کارەبای موەلیدەیان تێدا وەرگیراوە، کاتی کارکردنی موەلیدەیان تەواو بووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، لەمڕۆوە هەر گەڕەکێک کارەبای ببڕدرێ، موەلیدەکان دەخەنەوە کار.

خۆران خۆرانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بۆ 165 کاتژمێر کارکردنی موەلیدە، هەر ئەمپێرێک 10 هەزار دینار وەرگیراوە. هەر گەڕەکێک ئەو بڕە لە کارەبای موەلیدەی پێ درابێت، ئەوە دەبێت پارە بدەنەوە".
خۆران خۆرانی لە وەڵامی هاونیشتمانییاندا وتی: "دڵنیایی دەدەین کە لە چەند رێگەیەکەوە پشکنینی تەواو دەکرێ بۆ کارکردنی موەلیدەکان، تاوەکو دڵنیا نەبین کە 165 کاتژمێر کاریان کردووە، رێگە نادرێ پارە وەربگرنەوە".
لە زۆرینەی گەڕەکەکان هێشتا موەلیدەکان 165 کاتژمێریان تەواو نەکردووە، بەڵام بەشێکی گەڕەکەکان کاتەکەیان تەواو بووە و دوێنێ بۆ یەک ئەمپێر 10 هەزار دیناریان وەرگرتووەتەوە، لەوانە گەڕەکەکانی نووسەران و خانزاد".
خۆرانی ئاماژەی بەوەکرد، بەهۆی ئەوەی نرخی سووتەمەنی بەرزبووەتەوە، پێشبینی دەکرێ لە رۆژانی داهاتوودا نرخی ئەمپێری موەلیدە بەرزبێتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 19-10-2026 وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە لە وێستگەکانی خەبات، هەولێری نوێ، نووسەران، پیرزین، کۆڕێ و پارک، بەشێکی هاوبەشانی کارەبا لە پارێزگای هەولێر تووشی بڕینی کارەبا بوون و تیمەکانی وەزارەت لە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکەدان".

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن