كارسازی: “رزقەكەی لەوەدایە”
11/7/2019 4:40:00 PM
ئارام قادر كۆكۆیی
زۆربەمان گوێمان لەو وتەیەی سەرەوە
هەبووەو زیاتر لە قسەیەكی بازاڕییو هاكەزایی دەچێت. بەڵام ئەگەر بەوردی
خوێندنەوەیەكی ئابوورییانەی بۆ بكەین دەتوانین ڕیشەی ئەم وتەیە ببەستینەوە بە چەند
واژەو بیردۆزێكی ئابوورییەوە لەوانە هێڵكاری زانین ( learning curve) ئابووری بە پێوەر (economics of
scale)و تیۆرە دە هەزار كاتژمێرەكەی ماڵكۆم
گڵادویڵەوە (Malcolm Gladwell).
رۆژانە ئەگەر بە ناوبازاڕدا گوزەر بكەیت تێبینی ئەوە دەكەیت كە
زۆربەی كارسازان(entrepreneurs) و پیشەوەرانی هەرێم
زوو زوو كارو پیشەو بازرگانیەكانیان دەگۆڕن، ڕۆژێك مۆبایل دەفرۆشنو ڕۆژی
داهاتووتر كۆتاڵ فرۆشنو پاشانیش بە وتەی خۆیان ئەگەر خێری نەبوو دەیگۆڕن بۆ فاست
فوود _خواردنی خێرا_.
ئەم شێوازی كاركردنە نەك هەر قازانج بەخاوەنی كارەكە ناگەیەنێتو
كاتی كەسەكە بەفیڕۆ دەدات بەڵكو سەلمێنەری ئەوەیە كە زۆربەمان بەدوای قازانجی
خێراوەین كە ئەمەش كولتورێكە لەو ناوچەو هەرێمانەدا باوە كە سامانی سرووشتیان
زۆرە. چونكە هەر بەسرووشتی سامانی سرووشتی وەك ئامێری پارە چاپكردن وایەو پێویست
ناكات هیچ خۆتی پێوە ماندوو بكەی.
لە هەمان كاتیشدا هەندێك پیشەوەرو كارسازی دیكە هەن كە لە سەر
هەمان كارو پیشە بەردەوامنو لەوانەش ژمارەیەكیان ئەو كارو پیشەیان لە باوانیانەوە
بۆ ماوەتەوەو تێدا سەركەوتوونو لە ناوبازاڕدا گەر پرسی هۆكاری ئەم سەركەوتنە
بازرگانیەیان بكەین دەڵێین “ئەوە رزقەكەی لەوەدایە.”
بەڵام با بپرسین بۆ رزقەكەی لەوەدایە؟ بەپێی بیردۆزەكەی (ماڵكۆم
گڵادویڵ) ئەو كارسازو پیشەوەرانەی كە زیاتر لە چوار ساڵ، ئەگەر وای دابین ڕۆژانە
هەشت كاتژمێر كار دەكەن، هەمان كارو پیشە بكەن، تێدا قاڵ دەبنو هونەری پیشەكە
شارەزا دەبن.
لەگەڵ بەردەوامبوون لەسەر ئەو كارو
پیشەیە، كارسازو پیشەگەران دەتوانن بە كەمترین تێچوونو باشترین شێواز هەم كاڵاو
شمەكەكەی خۆیان بەرهەم بهێنن، یان بیخەنەڕوو یان بازاڕی خۆیان بدۆزنەوە، لە
ئابوورییدا بەم دۆخە دەڵێن ئەو كەسە لە بەشی خوارەوەی هێڵكاری زانیندایە (learning curve). لەگەڵ قاڵبوونو
بەردەوامبوون لەسەر هەمان كارو پیشە خاوەنكار دەگاتە ئاستێك زۆرترین بەرهەم
بەكەمترین تێچوو بخاتە بازاڕەوە واتە دەستی باڵا دەبێت لەو كارو پیشەیەدا دەگاتە
ئاستی ئابووری بەپێوەر.
لەبەرئەوە گەر دەتەوێت لە كارەكەتدا سەركەوتوو بیتو پێتوایە
ئەوەی بەرهەمی دەهێنیت خواستی لەسەرە دەبێت بەردەوام بە تەنانەت ئەگەر لە مەودای
كورتدا زیانت كرد لە مەودای دووردا قازانج دەكەیت.