بیرۆكراسی و گەشەی كەرتی تایبەت
5/4/2019 12:43:00 PM
ئارام قادر كۆكۆیی
ئەزموونی ئەو وڵاتانەی بوونە وڵاتێكی گەشەكردوو، سەلماندوویانه گەشەو نەشونمای ئابووری بەنده بەقەبارەی كەرتی تایبەت به بەراورد بەكەرتی گشتی .
هەرێمی کوردستان چەند ساڵه به دەست قەیرانی داراییو ئابووری دژوارەوه هەڵوەگیرەو ئەگەر هۆكارەكانی خولقێنەری ئەم قەیرانانەش چارەسەر نەكرێ، ئەوا ئەگەری دووبارەبوونەوەی حەتمییه.
هەمووان گەیشتووینەته ئەو بڕواییەی كەرتی گشتی هەرێم كه هەنووكه قەبارەكەی ٧٠% ئابوورییەكەیەتی، هۆكارێكەو دەبێ هەوڵی بچووككردنەوەی بدرێ. بەڵام له هەنگاوێكی وادا، بۆ ڕاگرتنی پارسەنگی ئابووری چی كراوەو دەبێ چی بكرێت؟
بچوككردنەوەی قەبارەی كەرتی گشتی بەواتای بێكاركردنو بێدەرامەتبوونی ژمارەیەكی زۆری دانیشتوانی ئەم كۆمەڵگەیه، جێبەجێكردنی وەها بڕیارێك كاردانەوەی سیاسی نەرێنی لێدەكەوێتەوه كه له بەرژەوەندی پارتی دەسەڵاتدار نییەو لەوانەیه پارتی دەسەڵاتدار له پێناو ڕازیكردنی ڕای گشتیدا پاشگەز ببێتەوه.لەو بڕیارە.
لەبەرئەوه هەروەك له ناوەنده جیاجیاكانی هەرێمداو له نێو نوخبەی سیاسیو ئابووری هەرێمدا زۆرجار قسه له سەر ئەوه دەكرێت كه پێویسته وەك چارەسەرێك بۆ ئەو قەیرانانەی ئێستا، كەرتی تایبەت ببوژێنرێتەوەو حكومەت هەلومەرجی لەبار بڕەخسێنێ بۆ بازرگانانو سەرمایەداران تا سەرمایەكانیان بخەنەگەر.
مەبەست لەو هەلومەرجه لەباره تەنیا جەختكردنەوەیه لەسەر هاوكاری دارایی وەكو قەرزی بچووكو گەوره بۆ وەبەرهێنەران، دابینكردنی زەوی، لێخۆشبوونی باجی هەناردەو هاورده. بەڵام وەبەرهێنەرانو سەرمایەدارانو بازرگانانی سەربەخۆی هەرێم ڕووبەڕووی كۆمەڵێك بەربەستو دژواری بوونەتەوه كه ئەوانیش بریتین له ناسەقامگیری سیاسی، دەستی پارته دەسەڵاتدارەكان له بازاڕدا، نەبوونی سیستمێكی بانكیی ستاندارد، هەروەها بیرۆكراسیه.
به تایبەتیش بیرۆكراسی له جێبەجیكردنی مامەڵەدا كه له ئابووریدا بەشریتی سوور (Red Tape) ناودەبرێ، ئەمە ڕێگره له كەرتی تایبەتو ڕێگەخۆشكەریشه بۆ گەندەڵی.
وەبەرهێنەری هەرێم له نێوان دوو بەرداشی یاسایی وەبەرهێنانو تۆماركردنی ناوی كۆمپانیاكانی حكومەتی هەرێمو حكومەتی بەغدا ماوەتەوه، هەندێجار ئەم دوو لایەنه وەرەقەی یەكدی ناخوێننەوه كه لەڕووی یاساییەوه كێشه بۆ خاوەن كۆمپانیاو كارگەكان دروست دەكەن.
وێڕای ئەوه هەر ئەم بیرۆكراسیه بووەته هۆی ئەوەی چەندین بازگەی نایاسایی له نێوان شارەكان دابنرێنو چەندین باجو ڕسوماتی ناشایسته بەسەر بازرگانانو وەبەرهێنەراندا بسەپێنرێو ناچار بكرێن بەجێبەجێكردنی كۆمەڵێك مامەڵه كه بەهیچ شێوەیەك پێویست نییه. تەنیا بووەته سەرچاوەیەكی گەندەڵی بۆ هەندێ دەستەو تاقمی جیاجیا.
لەوانه له گەورەوه بۆ بچووك؛ جیاوازی له یاسای وەبەرهێناندا له نێوان هەولێرو بەغداو هەبوونی چەندین بازگەی نایاسایی له نێوان شارەكانی هەرێم كه هەم تێچووی گواستنەوەو هەم كاریگەری لەسەر درێژكردنەوەی كاتی گواستنەوه كردووه، هەمیش بوونەته سەرچاوەی داهات بۆ كۆمەڵێكی دیاریكراو، هەروەها بوونی چەندین كۆمپانیای نایاسایی لەسەر مەرزە نێودەوڵەتییەكان کر بە بیانووی جیاواز پارەی بێبەرامبەر لەبازرگانان وەردەگرن، پاشانیش داواكردنی چەندین نووسراوەی وەك پشتگیری موختارو ڕەزامەندی ئاسایش.. و هیتر له بازرگانو وەبەرهێنەران، هیچ پەیوەندیەكییان به بازرگانیو وەبەرهێنانەوەو نییه. بێجگە لە بارگرانی و بیرۆکراسی زیاتر.
سیستەمی ئابووری سەركەوتوو لەسەر بنەمایی كەرتێكی تایبەتی تەندروست بنیاددەنرێت، پێویستیشه كه تەنها كەرتی تایبەت بەڕێوەبەری بازاربێت، حكومەت بەتەواوی خۆی به دوور بگرێت لەدەستخستنه بازارەوه تەنها لەو سێكتەرانەدا نەبێت كه كەرتی تایبەت شكست دەهێنێت له وەبەرهێنان تێدا وەك سێكتەری بەرگری یاخود ئەو سێكتەره خزمەتگوزاریانەی كه تێچووی سەرەتاییان زۆره بەهیچ شێوەیەك كەس ئامادەنیه وەبەرهێنانیان تێدا بكات وەك ڕاكێشانی تۆرەكانی كارەبا.
حكومەت به كەمكردنەوەی شریتی سور دەتوانێت هەم ڕێگر بێت له دروستكردنی هەل بۆ گەندەڵیو هەمیش هەلی زیاتر برەخسێنێت بۆ وەبەرهێنان.