227وتار

زستانێکی سەخت بۆ ئەوروپیەکان بەڕێوەیە!

9/14/2022 2:27:00 PM
ئارام قادر كۆكۆیی


لە گەڵ نزیک بوونەوەی وەرزی زستان و سەپاندنی ئابلوقەی پێچەوانەی روسیا لە سەر ئەوروپا رۆژبەرۆژ نرخی ووزە لە ئەوروپا بەرز دەبێتەوە. ئەم گرانبوونی ووزەیە چەندین لێکەوتەی کورت و دوور مەودای هەیە لە سەر بازاری ووزە و ئابووری جیهان.

 یەکەم: ئەوروپیەکان ئەم زستانە دەگەرێنەوە بۆ بەکارهێنانی خەڵوزی بەرد بە تایبەتی ئەوانەی ووڵات و هەرێمەکانیان کانی خەڵوزی هەیە، هەنوکە قەیرانی خەڵوز دەستی پێکردوە و خەڵک لە سەرەدان بۆ کرینی خەڵوز کە ئەمەش کاریگەری نەرێی لە سەر گۆڕانکارییەکانی کەش و هەوا هەیە.

دووەم: فەرەنسا هەستاوە بە بەگەڕخستنەوەی هەندی کورەی ئەتۆمی بۆ وەبەرهێنانی کارەبا و پرکردنەوەی ئەو کەمی ووزەیەی کە ڕووبەڕووی بووەتەوە. لەمڕۆوە ئێدی بۆ ماوەیەک ئیفڵ تاوەر لە پاش کاتژمێر ١١ شەو دادەخرێت و دەکوژێتەوە و ئێدی لە شەوانی پاریس دا ناگەشێنێتەوە.

سێیەم: بەرزبوونەوەی نرخی ووزە دەبێتە هۆی دروستبوونی گرانی، و هەڵاوسان، و بەرزبوونەوەی نرخی ئەو شتومەکە پیشەسازییانەی پشت بە ووزە دەبەستن بۆ وەبەرهێنان. بەمەش شتوومەکی وەبەرهێنراوی ئەوروپا هەم بۆ هاوڵاتی ئەوروپی گران دەکەوێت هەم بۆ بێگانەیەک، واتە ڕاستەوخۆ لێدانێکە لە جموجۆڵی بازرگانی ئەوروپی.

چوارەم: ئەم گرانبوونی ووزەیە کە بەهۆی لێبرینی گازی روسییەوە سەری هەڵداوە کار لە بریار بەدەستانی ئەوروپی دەکات، کە ئەگەر تا ئێستا سستی و هەڵوێستەیەک هەبێت لە سەر وەبەرهێنان لە کەرتی وزەی نوێ و پاکدا، ئێدی پەلە بکەن لە دانانی بەردی بناغەی چەندین پرۆژەی ووزەی نوێبووەوە و بۆ ئەوەی هەم سەربەخۆبن لە ڕووی ووزەوە هەمیش خۆیان ئامادە بکەن بۆ بەرزبوونەوەی خواست لە سەر ووزە لە داهاتوودا.

پێنجه‌م: ئەو وڵاتانەی پشت بە سامانی سروشتی ووزە دەبەستن، بە تایبەتی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەردەمێکی زێرین بەڕێ دەکەن، چونکە تاکە فاکتەری بوژاندەوەی ئابووریەکەیان زۆری خواست و گرانبوونی ووزەیە. لە رووی سیاسیشەوە ئەگەری ئەوە هەیە کە راستڕەوی نیو-نازی لە ئەوروپادا دووبارە بەهێزبنەوە، هەڵبژاردنەکانی سوید و بەهێزبوونی پێگەی جەماوەری نیو نازیەکان لەو وڵاتە زەنگێکی ترسناکە.

کەواتە؛ ئایا پوتین جەنگەکەی دۆراندووە و یارییەکەی بردووه‌تەوە؟

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن