هەڵئاوسان یان وەهم
4/1/2019 8:52:00 AM
ئارام قادر كۆكۆیی
بڕیاری لابردنی پاشەكەوتی مووچە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بەهۆی ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵیو تاڕادەیەك بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو، هەنگاوێكی شایستەبوو بە ئاراستەی بوژانەوەی بازاڕی هەرێم و دەبوو زووتر ئەم بڕیارە بدرایە.
بەڵام گەڕانەوەی مووچە بۆ ئاستی خۆی گومانی بەرزبوونەوەی نرخی شتومەكی لەلای هاوڵاتی وەك كڕیار دروستكردووەو كڕیار پێیوایە خستنە بازاڕی ئەو گوژمە پارەیە دەبێتە هۆی ئەوەی بازرگانانو خاوەنكارەكان نرخی شتومەكەكانیان بەرز بكەنەوە بۆ بەدەستهێنانی قازانجێكی زیاتر.
هەرچەندە راستیەك لەو بۆچوونەدا هەیە، بەڵام ئەوەی زیاتر پەیوەندی بەو بەرزبوونەوەی نرخەوە هەیە زیادبوونی خواستە لەسەر ئەو شتومەكانەو كەمی كاتە بۆ خستنەڕوو و وەبەرهێنانیان، لەبەرئەوە وەك لە مەزاددا روودەدات كێبڕكێیەك لەنێوان كڕیارەكاندا دروست دەبێتو ئەو كەسە دەیباتەوە كە زیاترین نرخ دەدات بەو شتومەكە. نرخی شتومەكیش پەیوەندی بە بەهای ئەو شتومەكەوە هەیە لەلای كڕیار، بەڵام ئەوەیان مەسەلەیەكی ترە.
بەدەستهێنانی شتومەك بەنرخێكی زیادو لەماوەیەكی كورتدا پێیدەوترێت هەڵئاوسان. بەڵام ئایا ئەوەی پێشبینی دەكرێت رووبدات هەڵئاوسانە یاخود دیاردەیەكی دیكەی ئابووری؟
لە هەرێمی كوردستانو لە عێراقیشدا سیستمێكی بانكی بە ستاندەردی جیهانی نییەو كۆنسێپتی بانكو خزمەتگوزارییەكانی بانك شتێكی نوێیە لەلای هاوڵاتی. لەبەرئەوە ئەو هاوڵاتیانەی كە رێژەی سامانیان لە ئاستی بەكارهێنانی رۆژانەی خۆیان زیاتر دەبێت پەنا دەبەنە بەر هۆكاری تر، جگە لە بانك، بۆ هەڵگرتنی ئەو سامانە زیادەیان، لەم دۆخەدا زیادەی مووچەكەیان. بۆ نموونە كڕینی زەویو زارو خانوو، زیادبوونی بەردەوامی خواست لەسەر رێژەیەكی كەمی زەویو خانووبەرەی بەردەست كێبڕكێ لەنێوان كڕیارەكاندا زیاد دەكات وەك سەرچاوەیەك بۆ هەڵگرتنی پارەكانیانو ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی نرخی زەویو زارو خانووبەرە بەرزببێتەوە. ئەم كێبڕكێ بەردەوامە وەهم لای كڕیار دروست دەكات بەهۆی بەردەوام بەرزبوونەوەی نرخ بەهۆی كێبڕكێی زیادەوە سەرنجی كڕیاری تر رادەكێشێت وەهمێكی وایان بۆ دروست دەبێت، كە ئەوە تەنها بازرگانیەكە قازانجی تێدا بێت و بەهای سامانەكانیان بەرزبكاتەوە، بەمەش كێبڕێكە توندترو ناعەقڵانی دەبێت تا دەگاتە ڕادەیەك كڕیار تێدەگات ئەو زەوییە یان ئەو خانووەی دەیكڕێت ئەو نرخە ناهێنێت كە پێیداوە دووبارە قەیران روودەداتەوە چونكە كڕیار بەشێك لە سامانەكەی كە لە شێوەی زەویو زاردا هەڵگرتووە لەدەستدەدات بەهۆی دابەزینی بەهاكەی.
لە هەرێمو عێراقیش زیادبوونی گوژمەی پارە لە بازاڕدا وەهم دروست دەكاتو هەتا بازاڕ لەلایەن سیستمێكی بانكی متمانەپێكراو بە ستانداردی جیهانی پاڵپشتی نەكرێت هەمیشە ئەم بازاڕە تووشی دەبێت بە دروستبوونی وەهم لە هەموو سێكتەرەكانیدا.