17 کوردستان

مەزڵوم عەبدی سەركردەی كوردی رۆژئاوا چەند نهێنیەك دەدركێنێت

02:03 - 11/05/2026

زەمەن_هەواڵ

 

 مەزڵوم عەبدی دەڵێت: لە قۆناغی زانکۆدا بەهۆی کارکردن بۆ دۆزی کورد 4 جار لە لایەن ڕژێمی پێشووی سووریاوە دەستگیر کراوە.

 ئەمرۆ دووشەممە، ١١ی ئایاری ٢٠٢٦، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، چەند نهێنییەک دەدرکینێت و باس لە مێژووی دەستپێکی خەباتی چەکداری و سیاسیی خۆی و پەیوەندییەکانی لەگەڵ لایەنە کوردی و نێودەوڵەتییەکان دەکات.

مەزڵووم عەبدی ئاماژەی بەوە کرد، کە خەباتی سیاسیی ئەو بۆ سەردەمی خوێندنی ئامادەیی لە حەلەب دەگەڕێتەوە. لە قۆناغی زانکۆدا بەهۆی کارکردن بۆ دۆزی کورد 4 جار لە لایەن ڕژێمی پێشووی سووریاوە دەستگیر کراوە، ئەمەش وای کردووە زانکۆ تەواو نەکات و سووریا جێبهێڵێت و سەرەتا بە جلوبەرگی مەدەنییەوە سیاسەتی کردووە، بەڵام بەهۆی ڕووبەڕووبوونەوەی جەنگ لە ساڵی 2012ـەوە تاوەکو ئێستا جلوبەرگی سەربازی دەپۆشێت و هیوادارە لە داهاتوودا بە جلوبەرگی مەدەنییەوە بگەڕێتەوە ناو کایەی سیاسی.

فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئاشکراشی کرد، کە لە سەرەتای هەشتاکاندا لایەنگری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بووە و لە دامەزراندنی ئەو حیزبەدا لە سووریا بەشدار بووە، ئەو کاتە تەنیا پەکەکە لە باکوور وەک مەرجەع هەبووە و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان پەیوەندیی خێزانییان هەبووە و ئۆجەلان بۆ ماوەیەک لە ماڵی ئەوان لە کۆبانێ ماوەتەوە.

عەبدی ڕایگەیاند لە سەرەتای قەیرانی سووریادا 2 جار لەگەڵ بەشار ئەسەد کۆبووەتەوە، بەڵام نەگەیشتوونە ڕێککەوتن و عەبدی، بەشار ئەسەدی بە پیاوێکی "گەمژە و لووتبەرز" وەسف کرد کە گوێی لە کەس نەدەگرت، تەنانەت ئاماژەی بەوە کرد کە بەرهەم ساڵح پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی 1 کاتژمێری لەگەڵ ئەسەد ئەنجامداوە و دواتر بە عەبدی وتووە کە "هیچ شتێکی لەسەر بونیاد نانرێت".

 هەروەها وتی: ڕووسەکان نێوەندگیرییان کرد بەڵام شکستیان هێنا چونکە ئەسەد گوێی لە هاوپەیمانەکانیشی نەدەگرت و لە لایەکی دیکەوە، سەرەڕای هەوڵەکان، لەگەڵ ئێرانییەکان کۆنەبووەتەوە و ئێرانییەکانی لە ناوچەکە دەرکردووە کاتێک ویستوویانە هێزی خێڵەکی دروست بکەن.

عەبدی وردەکاریی ڕزگارکردنی کۆبانێ لە 18ـی تەممووزی 2012 دەگێڕێتەوە و دەڵێت: بڕیاری ئازادکردنی شارەکەیان دا دوای ئەوەی ڕژێم هەڕەشەی بۆردومانکردنی کردبوو، لەو پڕۆسەیەدا خوێن نەرژا و هەزاران سەربازی ڕژێمیان بە دیل گرت و دواتر وەک میوان مامەڵەیان لەگەڵ کردن و ڕادەستی خێزانەکانیان کردنەوە، بەڵام دەسەڵاتدارانی دیمەشق لە کاتی کشانەوەدا خیانەتیان لێکردن و پەلاماریان دان، بۆیە لەو ناوچانەی تەسلیم نەبوون شەڕیان کردووە و ژمارەیەک ئەفسەری پلە باڵایان کوشتووە.

پێش جەنگی کۆبانێ، داعش داوای "بەیعەت"ی لە هەسەدە کردووە و پێشنیازی "ویلایەتێکی کوردی" کردووە، بەڵام عەبدی ڕەتی کردووەتەوە و ئەو جەنگی کۆبانێ بە سەختترین جەنگ وەسف دەکات کە دواتر پێشمەرگە و پەکەکەش تێیدا بەشدار بوون. 
لەبارەی ئەمریکاشەوە وتی، پەیوەندییە سەرەتاییەکان لە ڕێگەی سلێمانی ئەنجامدراون. هاوپەیمانان سەرەتا تەنیا بۆ ڕزگارکردنی سڤیل دەهاتنە پێشەوە، بەڵام کاتێک خۆڕاگریی شەڕڤانانیان بینی، پشتیوانییەکانیان زیاد کرد.

فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئاشکرای کرد کە لە ئێستادا پەیوەندییان لەگەڵ تورکیا "نیمچە ئاساییە" و ئەوەی ڕوودەدات ئاگربەستێکە کە لە ئەنجامی پڕۆسەی ئاشتیی ناوخۆیی تورکیا سەرچاوەی گرتووە وهەوڵدەدەین پەیوەندیمان لەگەڵ تورکیا لە پەیوەندییەکی ئەمنیەوە بۆ پەیوەندییەکی سیاسی بگۆڕین و ڕەنگە سەردانی تورکیا بکەم.

مەزڵووم عەبدی ئاشکرای کرد کە لە کاتی جەنگی (ردع العدوان) لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی ڕێککەوتوون لەسەر پاراستنی ئاسایشی حەلەب، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە دەستپێشخەرییەک لە لایەن ئەحمەد شەرعەوە هەبووە بۆ ئەوەی پێکەوە کاربکەن و پۆستێکی سیادی وەربگرێت، بەڵام ئەو ڕەتی کردووەتەوە چونکە کاری لەپێشینەی لە ڕۆژاڤا هەیە کە پەیوەندی بە یەکگرتوویی کوردەوە هەیە.

لە کۆتاییدا مەزڵووم عەبدی جەختی کردەوە کە لە ماوەی خەباتیدا چەند جارێک ڕووبەڕووی هەوڵی تیرۆرکردن بووەتەوە، بەڵام بەردەوامە لە ئەرکەکانی. سەبارەت بە کارگێڕیش وتی، هەندێک هەڵەی کارگێڕییان کردووە کە بەشێکی پەیوەندی بە بارودۆخی شەڕەوە هەبووە و پێویستە دیمەشق داوای لێبوردن لە گەلی کورد بکات لەبەر ئەو خیانەتانەی بەرانبەریان کراوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن