منداڵێک لە دایکبووە لوتی نیەو یەک چاویشی هەیە
04:23 - 08/08/2026
زەمەن_هەواڵ
لەیەکێک لە نەخۆشخانەکانی پارێزگای سەلاحەدین، دوو حاڵەتى لە دایکبوونى منداڵ بە حاڵەتى دەگمەن و نائاسایی تۆمارکراوە، کە شێواوى لە پەلەکان و جەستەیاندا هەیە، بە جۆرێک یەکێک لە منداڵەکان یەک چاوى هەیە و لە ناوەڕاستى ناوچەوانیدایە و لوتى نییە.
ئەمڕۆ شەممە، ٨ی ئابی ٢٠٢٦، پزیشکانى بەشى نابەکامەکان لە نەخۆشخانەى فێرکاریی تکریت سەر بە پارێزگاى سەڵاحەدین، ڕایانگەیاندووە: لە ماوەى ٢٤ کاتژمێردا دوو حاڵەتى لە دایکبوونى منداڵ بە حاڵەتى دەگمەن و نائاسایی تۆمارکراوە، کە شێواوى لە پەلەکان و جەستەیاندا هەیە، بە جۆرێک یەکێک لە منداڵەکان یەک چاوى هەیە و لە ناوەڕاستى ناوچەوانیدایە و لوتى نییە و لە تکریت لە ماوەى مانگێکدا پێنج حاڵەتى لە دایکبوونى منداڵى دەگمەن و نائاسایی تۆمارکراون.
ئاماژەی بەوەشداوە، دووان لەو منداڵانە دوای چەند کاتژمێرێک لە لەدایکبوونیان گیانیان لەدەستداوە.
ئەوەشخراوەتە ڕوو، کە دوو منداڵی دیکەش کە یەکێکیان قەبارەی سەری لە لەشی گەورەترە و تووشی چەماوەیی بووە تاوەکو ئێستا لە ژیاندا ماون و لە ژێر چاودێری وردی پزیشکیدان.
هاوکات، فەرمانگەى تەندروستیی سەڵاحەدین، ترس و نیگەرانى لە زیادبوونى حاڵەتەکان هەیە و نووسراوێکى بەپەلە ئاڕاستەى وەزارەتى تەندروستى کراوە تاوەکو لیژنەیەکى پسپۆڕ و تایبەتمەند بنرێتە شارەکە بۆ لێکۆڵینەوەى زیادبوونى حاڵەتەکانى لە دایکبوونى منداڵى شێواو و ناتەندروست.
هەروەها، وەزارەتى تەندروستیش دەستبەجێ وەڵامى نووسراوەکەى داوەتەوە بڕیاریداوە هەفتەى داهاتوو لیژنەیەک لە پزیشکانى پسپۆڕ و تایبەتمەند بنرێتە شارەکە و لێکۆڵینەوە لە حاڵەتەکانى لە دایکبوونى منداڵى ناتەواو بکەن.
پزیشکان و شارەزایان، هۆکارى زیادبوونى حاڵەتەکانى لە دایکبوونى منداڵى کەمئەندام و شێواو بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێننەوە، لەوانە پەیوەندی خێزانی و هاوسەرگیری ئامۆزاکان، کاریگەریی جەنگ و گۆڕانکارییەکانى ژینگە لەسەر تەندروستى.