105 عیراق

دەقی بۆچونەكانی ئەنجومەنی دەوڵەت لەبارەی داهاتی نانەوتی بڵاودەکرێتەوە

09:56 - 22/09/2025

زەمەن پرێس:
دەقی بۆچونەكانی ئەنجومەنی دەوڵەت لەبارەی داهاتی نانەوتی بڵاودەکرێتەوە كە بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی ناردوەو تێیدا بۆچونی خۆی لەبارەی چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ داهاتەكاندا خستۆتەڕو.
 لە بۆچونەكانی ئەنجومەنی دەوڵەتدا هاتوە، داهاتەکان داهاتی کۆتایی گەنجینەی گشتیی دەوڵەتن و دواتر بەپێی ئەو رێژەیەی لە بڕگەی (یەکەم)ی ماددەی (29)ی یاسای كارگێڕیی دارایی فیدراڵی ژمارە (6)ی ساڵی 2019 دیاریکراوە، تەرخان دەکرێن.
ئەوەش هاتووە، مەبەست لە باج و گومرگی فیدراڵی و ئەو داهاتانەی دیکە کە لە بڕگەی (1)ی ماددەی (29)ی یاسای كارگێڕیی دارایی فیدراڵی ژمارە (6)ی ساڵی 2019 ئاماژەیان پێکراوە، ئەو باج و گومرگانەن کە بەپێی یاساکانی فیدراڵی، یان هەر یاسایەکی دیکەی خۆجێی لە چوارچێوەی دەسەڵاتی گومرگیی دەوڵەتدا کۆدەکرێنەوە.
لە روونکردنەوەکەدا باس لەوە کراوە، تەواوی باج و گومرگە کۆکراوەکان لەلایەن دەسەڵاتی گومرگەوە دەگوازرێنەوە بۆ گەنجینەی گشتیی دەوڵەت.
 هاوکات ئاماژە بەوەشدراوە، هیچ رێگرییەکی یاسایی نییە وەزارەتی دارایی مەقاسە بکات لەنێوان شایستەی هەرێم یاخود پارێزگاکان و ئەو داهاتانەی کە دەبێت بگوازرێنەوە بۆ گەنجینەی گشتیی دەوڵەت.
 لە بۆچونەكانی ئەنجومەنی دەوڵەتدا تیشکخراوەتە سەر ئەوەی، حوکمەکانی یاسای بودجەی گشتی بەسەر هەرێمی کوردستانیشدا جێبەجێ دەکرێن، مەگەر بەڕونی ئاماژە بەوە كرابێت كە بەسەریدا جێبەجێ ناكرێن.
بڕیارە سبەی سێشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە كۆبونەوەی خۆیدا لەبەر رۆشنایی ئەم بۆچونانەی ئەنجومەنی دەوڵەتدا بڕیار لەسەر داهاتە نانەوتییەكانی هەرێم بدات.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن