وەزارەتی تەندروستی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە
07:43 - 01/12/2019
"زەمەن"
وەزارەتی تەندروستی هەرێم لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ پێشوازیکردن لە بریندارانی خۆپیشاندانەکانی ناوەڕاست و خواری عێراق بەمەبەستی چارەسەکردن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی تەندروستی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا روونیکردەوە، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە بۆ وەرگرتنی چارەسەر پێشوازیکردن لە بریندارانی خۆپیشاندانەکانی بەغدا و پارێزگاکانی دەوروبەری و پێداویستییەکانیان دابین بکات.
لەمانگی ئۆکتۆبەری رابردوەوە، خۆپیشاندان لە بەغداو چەند پارێگایەکی دیکەی عێراق دەستیپێکردەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی حکومەت و سزادانی گەندەڵکاران، کە تێیدا چەندین بریندارو کوژراوی لێکەوتەوە.
ئەمڕۆ یەکی کانونی یەکەم، پەرلەمانی عێراق، دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدول مەهدی پەسەندکرد، سەرۆکی پەرلەمانیش، سەرۆک کۆماری عێراقی ڕاسپارد کە کەسێکی دیکە بۆ جێگرتنەوەی عادل عەبدولمەهدی دیاریبکات بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران.