719وتار

کۆنفرانسی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان بەرەو کوێ؟

8/3/2019 8:47:00 AM
بەختیار شارەزووری

کۆنفرانس و کۆنگرەکان لەسەر ئاستی هەمو حیزبەکانی کوردستاندا شەرعیەتی نەماوە ، ئەگەر چی بە پێ ی دەستوری ناوخۆی حیزبەکان لە دەستەڵاتی سەرۆک یان سکرتێر یان ئەمیر یان ڕێکخەردا هەیە کە دوای بخات ، بەڵام ئەگەر ئەم دوا خستنە درێژە بکێشێ ئەوا هەمو حیزبەکان دۆخی وەستانێکی خراپی تیا دروست دەبێت و دوا جار کار لەسەر کۆی پرۆسە گشتیەکان دەکات و جوڵەی گشتی ئیفلیج دەکات ، حیزب گرنگترین دامەزراوەیە کە کۆمەگا ئاراستە دەکات ، ئیتر چۆنیەتی بەرنامەکانی حیزبەکان دەبنە هۆی ئاراستە کردن بە ئەرێ ی یان نەرێ ی ، ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین لە هەرێمی کوردستاندا ، نەک هەر حیزبەکان بگرە زۆرێک لە ڕێکخراو و سەندیکا و کۆمەڵەکان دەستەی بەڕێوەبەرەکانیان و کارئەکتەری ناو پەیکەری ڕێکخستنیان شەرعیەتی نەماوە ، هەتا ئەم دیاردەیەش ڕێکخراوەکانی کۆمەگای مەدەنیان گرتوەتەوە ، وا ئێستا کەوتوینەتە قۆناغێک هیچ پاساوێک نەماوە بۆ ئەوەی حیزب و ڕێکخراوەکان بە تەدریج دەبێت هەڵبژاردنەکان بکەن ، تا ئەوەی ناومان ناوە نوێ بونە کۆی گشتی بگرێتەوە ، لەم نێوەندەدا حیزبەکان بەتایبەت حیزبە گەورەکان (گۆڕان + یەکێتی + پارتی ) کەوتونەتە بەردەم ئەم لێپرسراویەتیەوە و کە لەوانەوە دەست پێ بکات بۆ خوارەوە ، بە پێ ی دەستوری ئەم حیزبانە شەرعیەتی لە کەمێک لە دامەزراوەکانیاندا ماوە ، ئیتر هەموی بە پاساوێک یان بە داتاشینی بڕیارێک هەڵبژاردنەکانیان وەستاندوە ، لە ئێستادا کە دو نەوە دوای ڕاپەڕین پێگەشتون تێکەڵەک لە سێ نەوە دروست دەبێت تا بتوانن دەربکەون لە هەڵبژاردنەکاندا و مۆدێلێکی تر بێتە ئاراوە .


ئەوەی جێ ی سەرنجە گۆڕان کە جیاواز لە هەمو حیزبەکانی تر پەیکەری ڕێکخراوەی و دەستوری ناوخۆی تەواو جیاوازە لە کۆی حیزبەکانی تر ، ئەگەر چی حیزبەکانی تر جۆری دەستەڵاتەکانیان لەگەڵ دەستوردا تەواو جیاوازە ، بەڵام گۆران تا ئەم ساتەش بە هەمو کەم و کوڕیەکانیەوە باشترین مۆدێلی ڕێکخستنی هەیە کە پەرلەمانیە و باشترین ئامانجی هەیە کە نیشتمانیە ، ئەگەر پۆلێن کردن بکەین بە پێوەر بۆ باسەکەمان ئەوا دو سنگەر و دو مۆدێل هەیە ، مۆدێلێک بزوتنەوەی گۆڕان بە تەنها خاوەنیەتی و مۆدێلی دوەم کە کۆی حیزبەکانی لەسەر دروست بوە ، لێرەوە گۆڕان ئەرک و بەرپرسیاریەتی گەورەی دەکەوێتە ئەستۆ کە بتوانێت بە یەکێتیەکی ناوەکیەوە کۆنفرانسی نیشتمانی و کۆنفرانسی ناوخۆیی و هەڵبژاردنەکان بکات تا ببێتە پێشڕەوی جوڵەی ئەم دۆخە چەقبەستوە ، گۆڕان بیەوێ و نەیەوێ کەوتوەتە بەردەم قۆناغێکی گرنگی بەرپرسیاریەتیەوە بەوەی بتوانێ ئەم جوڵەیە دروست بکات و میکانیکیەن ببێتە جوڵەیەکی گشتی .

 

خۆ ئەگەر دەستوری حیزبەکانی تر بەروارد بکەین بە گۆڕان ، ئەوا پارتی کە دەستوری ناوخۆی ٢٧١ مادەیە  وپێکهاتەی ڕێکخراوەیی ٣٣ مادەیە و یەکێتی پەیڕەوی ناوخۆی ٦١ ماددەیە و بزوتنەوەی گۆڕان ٦ ڕێنمایی بنەڕەتی هەیە لە ئامانجە گشتیەکاندا ٩ تەوەرەی تایبەتی هەیە ، ئەوەی گرنگە بوترێت کە کۆی هەیکەلی ڕێکخستن و کار و ئەرکی جومگەکانی گۆڕان تەواو جیاوازە لەو مۆدێلەی تر ، لە گۆڕاندا جڤاتی نیشتمانی گەورەترین دەستەڵاتە کە دەکاتە پەرلەمانی گۆڕان و ڕێکخەر و خانەی ڕاپەڕاندن ڕاسپاردەکانی جڤاتی نیشتمانی جێبەجێ دەکات ، ئەوەی زۆر پێویستە بوترێت ئەگەر حیزبەکانی تر کۆی دەتسەڵاتەکان  هێشوی و لە سەرۆک و سکرتێرو ئەمیر و ڕابەردا کۆبوبێتەوە ، ئەوا لە گۆڕاندا تا جڤاتی نیشتمانی دەستەڵات نەداتە ڕێکخەر ناتوانێ هیچ بڕیارێ لەسەروی دەستەڵاتەکانی خۆیەوە دەربکات.

 

ماوەتەوە بڵێین گۆڕان پێش هەمو حیزبەکان بەرپرسیاریەتی لەسەرە کە بتوانێت ڕابەری جوڵەیەکی دروستی گشتی بێت و ئەرکی جڤاتی نیشتمانی ئێستایە دوای هەڵبژاردنی خانەی ڕاپەڕاندن و ڕێکخەر پێش کۆنفرانسی نیشتمانی ئەو کێشانەی کە هەیە چارەسەریان بکات ، بەتایبەت دوای پێکهێنانی ١٠ لیژنەکە و کار بۆ زەمینەیەکی دروست بکات تا هەمو ڕا جیاوازەکان لەسەر یەکێتیەکی ناوەکی کۆبکاتەوە ، پێداچونەوە لە پێکهاتەی ڕێکخستن بۆ سەر خانە و هەردو جڤاتەکە و ئاستی ئەنجومەنی قەزا و بازنە و ڕایەڵەکان بکات و وێنەیەکی تر بە پێ ی پێداویستی قۆناغ بکێشێت ، کە لە ئێستەوە سەرەتایەکی باش هەیە کە کەموکوڕیەکان تێپەڕێنێت و کێشەکانی چارەسەر بکات و بە دروستیەوە لە کۆی هەڵبژاردن و کۆنفرانسەکان بێتە دەر .   

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن