کۆنفرانس و هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان، بەرەو کوێ؟
6/14/2021 6:16:00 PM
بەختیار شارەزووری
بزوتنەوەی گۆڕان تەنها حیزبێک نیە لە چوارچێوەی ڕێکخستنێک
و چەند ئۆرگانێکدا بێت ، بەڵکۆ بزوتنەوەی گۆڕان وەک حیزب ئەو سکەی شەمەندەفەرەیە
کە شەمەندەفەرەکە پڕۆژەیەکی گشتگیری نیشتمانیە و لەسەر سکەی گۆران دەڕوا ، بە مانایەکی
تر دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕان وەک ژورێکی نەشتەرگەری یان مەتبەخێکی سیاسیە تا هەرێم
لە قۆناغێکی چەقبەستوی غەرق بوی ناو کۆمەڵێک قەیران بباتە قۆناغیکی تر و نەشتەرگەری
بۆ قەوارەی هەرێم بکات ، ئەمەش پێداویستی قۆناغەکەیە و گۆڕان وەک پڕۆژەیەکی
چاکسازی نیشتمانی دەبێتە تاکە ڕیگای دەوڵەتداری و قۆناغەکانی گواستنەوە ، ئەگەر چی
ئەم پرۆسەی گشتگیری نیشتمانیە تا ئێستاش دژایەتی زۆری دەکرێ بە شێوەیەک هەرێم
دابەشبوە بەسەر دو سەنگەردا ، هەمو حیزبەکان سەنگەرێک و گۆڕان سەنگەرێک کە داوا دەکات
پرۆسەی چاکسازی و ڕیفۆرمی گشتی بە پێ ی پاکێجەکانی کاری لەسەر بکرێت ، لێرەوە دوای
مەرگی نەوشیروان مستەفا هێرشێکی بەربڵاوی گەورە کراوەتە سەر گۆڕان بە ماکینەیەکی گەورەی
ڕاگەیاندنەوە تا ئەو ئاستەی هەمو گوناهەکان بخەنە ئەستۆی گۆڕان بۆ مانەوەی هەرێم
لە دۆخێکی گەندەڵی گشتیدا ، گۆڕان تاکە هێزە کە مانەوەی قەوارەی هەرێمی لە ئەستۆدایە
بە نەفەسێکی درێژ و بەهێواشی و پلە بەندی کار لەسەر چاکسازی و پاکێجەکانی دەکات لە
ناو دەستەڵاتەوە.
گۆڕان وەک یەکەم حیزبی مەدەنی بێ چەک و خاوەن پڕۆژەی
نیشتمانی و دەرکەوتنی سەرەتای قۆناغێکی نوێ لە خەباتی مەدەنی و بێ خوێن و بێ چەک
خاوەن دسپلین وهەیکەلێکی ڕێکخراوەیی خۆیەتی کە لە کڵێشە و دابەشبونی دەستەڵاتەکاندا
تەواو جیاوازە لە حیزبەکانی تر و دەستەڵاتی سێگۆشەیی و مەکتەب سیاسی لە لوتکەی سێگۆشەکەدا
نیە ، بەڵکو خاوەنی پێکهاتەیەکە لە ڕێکخستن و دابەشبونی دەستەڵاتەکان کە جیاوازتر
لە ئسلوبە تەقلیدییەی کە پێشتر باو بوە ، گۆڕان تەشکیلاتی بە شێوەی لاکێشەیی و بە
شێوەی پەرلەمانی بڕیارەکان دەدرێن واتا جڤاتی نیشتمانی پەرلەمانەکەیەتی و جڤاتی
گشتی ڕاوێژکاری و ژورەکان پلانی زانستی و سەرپەرشتی کردنی دۆسیەکانی تایبەت بە خۆیان
، خانەی ڕاپەڕاندن کاری تەنها جێبەجێکردنی بڕیارەکانی پەرلەمانە واتا جڤاتی نیشتمانی
، جڤاتی نیشتمانیش نوێنەرایەتی بازنە و ڕایەڵە و پشتوان دەکەن بە پێ ی دەنگدان.
لە ئێستادا دوای مەرگی کاک نەوشیروان بزوتنەوەی گۆڕان
کار لەسەر خۆ نوێکردنەوە و کۆنفرانس و هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان دەکاتەوە ، ئەگەر چی
دەبو لە کاتی یاسایی خۆیدا کۆنفرانس و هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان بکرایە ، بەڵام بە هۆی کۆمەڵێک هەل ومەرجی تایبەتەوە نەتوانرا
لە کاتی خۆیدا هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان بکرێت بەدەر لە خانەی ڕاپەڕاندن کە شەرعیەتی
ماوە هیچ یەکێک لە ئۆرگانەکان شەرعیەتی دەستوریان نەما بو ، لە ئێستادا گۆڕان بە
قۆناغێکی سەختدا تێدەپڕێ کە دەکرێ کۆنفرانسە ناوخۆییەکان بتوانێت ئەم قۆناغە سەختانە
تێپەڕێنی و شەرعیەتی دەستوری بدات بە هەمو ئۆرگانەکانی ، لێرەوە دەتوانین بڵێین کۆنفرانسە
ناوخۆییەکانی گۆڕان دەتوانێت :
1. چێکینی
کادرەکانی خۆی بکات و ئەو کات لە ڕێی ژوری سەرچاوە مرۆییەکانەوە دەبێت بە خاوەن
داتایەکی هەقیقی و دەتوانێت لە ڕێی پەروەردەکردنەوە کار لەسەر تواناکانی کادرەکانی
ناو رێکخستنی بکات .
2. دەبێتە
هۆی کار کردن لەسەر چۆنایەتی کادر و دەتوانێت ببێتە بناغەیەک بۆ کاری ڕێکخستن و پتەوکردنی
توانا فکریەکانی .
3. پرۆسەیەکی
دیموکراسی و هەڵبژاردن بە پێوەری دەنگدەرەکانی گۆڕان دەڕوا و ئەوەی ئامادەی هەیە
لەگەڵ ئەم بزوتنەوەیدا بمێنێتەوە و کار بکات دەتوانیت بە پێ ی تۆماری ناوەکان نوێنەری
خۆی بۆ پۆستەکانی ئۆرگانەکان هەڵبژێرێ یان خۆی هەڵبژێرێ .
4. هەڵبژاردنەکانی
ناوخۆ دەبێتە ئەو فلتەرەی کە کادر و ئەندامی چالاک و ناچالاک لە یەکتر جیا بکاتەوە .
5. کۆنفرانسی
نیشتمانی دەبێتە پێداچونەوە بە هەیکەلی ڕێکخستن و دەستەڵاتەکانی ئەنجومەنەکان و دیاری
کردنی ئاراستەی گشتی سیاستی بزوتنەوەی گۆران .
6. هاتنە پێشەوەی
خوێنی تازە و هێزی نوێ .
کۆنفرانس و هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان وەک وەڵام دانەوەیەک
بۆ ئەوەی دەگوترا گۆڕان ناتوانێ خۆی نوێ بکاتەوە و هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی ئەنجام
بدات ، لە ئێستەوە ئەم پرۆسەیە دەبێتە هێزێک بۆ گۆڕان تا کار لەسەر پڕۆژە نیشتمانیەکانی
بکات .