بۆ شەڕی گۆڕان دەکرێت ..؟؟
7/11/2019 2:26:00 PM
بەختیار شارەزووری
بەختیار شارەزوری
لە باشوری کوردستاندا بە هۆی وەستانی حکومڕانی کوردی لە وێستگەیەکدا و
نەخۆشکەوتنی ئەم دەستەڵاتە بە کۆمەڵێک کێشەی بونیادیەوە هیچ پڕۆژەیەک نەبو کە
بتوانێت دەستکاری ئەم نەخشەیە بکات ، بۆ تێپەڕاندنی ئەم کێشەیە و خستنەوە کاری
شەمەندەفەری حکومڕانی ، کاک نەوشیروان لە ڕێگەی گۆڕانەوە پڕۆژەیەکی دانا کە
بتوانێت دەستکاری ئەم نەخشەیە بکات و ڕەسمی قۆناغێکی تر بکات لە حکومڕانی کوردی و
سیاسەتی باشور لەسەر ئاستی ئابوری وکۆمەڵایەتی و مۆدێلێکی تر لە سیاسەت و جۆرێکی
تر لە ململانێ بەرهەم بهێنێ بە تایبەت ڕوبەڕوبونەوەی پلان و دوکەرت بونی هەرێم و
ئاستی دەستێوەردانی دەرەکی و بونیادنانی ئیرادەی ناوخۆیی بونیاد بنێ ، ئەمەش لە
لایەک مەترسی گەورەی بۆ کۆی دەستەڵاتی چی ئێرانی چی تورکی دەبو، لە لایەکی ترەوە
مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندیەکانی پارتی و یەکێتی دەبو ، بەڵام لەسەر ئاستی قۆناغ و
بەرپرسیاریەتی هەرێم تاکە پڕۆژە بو کە هەر هێزێک بویستایە چاکسازی بکات و هەرێم
بەرێتە قۆناغێکی تری سیستماتیک دەبو بچێتەوە سەر ئەم پڕۆژەی گۆڕان ، هەر بۆیە بە
هەمو هێزەکانەوە کەوتنە پلان دانان بۆ لێدان لە پرۆژەی کاک نەوشیروان و جۆرەها
سیناریو و تاکتیکیان دانا .
هەمومان باش دەزانین کە پڕۆژەی گۆڕان بۆ تێپەڕاندنی چەند کەیسێک بو کە کۆی
حکومڕانی باشور لە وەستانێکی کوشندەدا بوە ، لەوانە :
کۆتای هێنان بە درێژکراوەی ستراتیژی ولآتانی ناوچە و بونیادنانی ئیرادەی ناوەکی .
بونیادنانی مۆدێلێکی تر لە سیاسەتی حیزبی گۆڕینی ململانێ ی خۆێن بۆ بۆ ململانێ ی سیاسی نەرم .
پڕۆژەیەک بۆ ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی ئیداری و مالی لەسەر ئاستی گشتی .
بونیادنانی ئاشتی کۆمەڵایەتی و وەلاوەنانی ڕقی شەخسی و دروستکردنی کۆڕایی لەسەر پرسە نیشتمانیەکان .
بە نیشتمانی کردنی کەیسی پێشمەرگە و ئاسایش و دادگاکان.
گۆڕینی سیستەمی سەرۆکایەتی بە پەرلەمانی .
عەدالەتی کۆمەڵایەتی و کردنی تاک بە سەنتەری بڕیار.
چەندین پرسی دیکەش کە هەمویان دەبوە ڕێگاچارەی هەرێم بۆ چونە قۆناغێکی تر ،
هەمو ئەمانەش وای کرد کە ئەو وڵات و هێزانەی بەرژەوەندیان لەگەڵ ئەم پاکێجانەدا
نەدەهاتەوە بکەونە پلان دانان بۆ بەرگرتن لە بەهێز بونی گۆڕان ، هەر لەسەردەمی کاک
نەوشیرواندا کەوتنە جێبەجێکردنی ئەم تاکتیکانە بەڵام لەبەر ئەوەی کاک نەوشیروان
سەرکردەیەکی مێژوی کاریگەری کاریزمی بو نەیان دەتوانی پلانەکانیان جێ بەجێ بکەن ،
هەر دوای کۆچی کاک نەوشیروان کەوتنە جێبەجێ کردنی پلانەکانیان ، خۆیان ئەو
ڕاستیەیان دەزانی کە لەدەرەوەی گۆڕان توانای ڕوبەڕو بونیان نیە و تا دژایەتی گۆڕان
بکەن گۆڕان بەهێز تر دەبێت بۆیە کاریان لەسەر ناوەوەی گۆڕان کرد ، باش دەیانزانی
ئەوەی بە هەڵسوڕاوێکی گۆڕان دەکرێ دژی گۆڕان بە هێزێکی گەورە و حیزبێکی گەورە
ناکرێ ، ئەمەش لە قۆناغی کاک نەوشیرواندا هەر هەبو بەڵام کەسایەتی و یارییەکانی و
کاریگەری پۆچەڵی دەکردەوە و تەنها چەند کەسێک دەبونە جێبەجێکاری پلانەکانیان دوا
جار گۆڕانیان جێدەهێشت بێ هیچ کاریگەریەک لەسەر گۆڕان ، بەڵام لە دوای کاکە بۆ
درێژە دان بە ڕیکەوتنە بازرگانیەکانیان و بەرژەوەندی چەند کەسێک هەڵسان بە
جێبەجێکردنی پلانەکانیان ، بەم شێوەیە :
دروستکردنی نەوەی نوێ تا بتوانێت گوتاری گۆڕان هەڵبگرێ و بە تاکتیک و بیانوی لادانی گۆڕان لە بیری کاک نەوشیروان ، لە ڕاستیدا بە هەڕەشە لە شاسوار کە ئەگەر حیزبێک دروست نەکات دژی گۆڕان ، ئەوا بزنسەکەی دادەخەن ، هەر بۆیە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نەوەی نۆێ دروستکراو دواتر هەر خۆیان بە ڕەسمی هەمان پلان نەوەی نوێیان پارچە پارچە کرد تا کاریگەری نەمێنێت ، ئەوەش دەزانین کە لایەنگرانی گۆڕان کە بێ بەرژەوەندیە لە قاعیدەی هەمو حیزبەکان باشتر کاری لەسەر دەکرێت بەتایبەت بەکارهێنانی ڕاگەیاندن بۆ چەواشەکاری و بە لاڕێدابردنی هەڵسوڕاوەکانی ، هەڕەشەکردن لە بزنسی هەندێ سەرکردەی گۆڕان کە لەسەردەمی کاک نەوشیرواندا نەدەتوانرا ئەم کارە بکەن بۆیە لە گۆڕاندا مابونەوە ، ئێستە هەمان پلان جێبەجێ دەکرێت بۆ داهاتو .
بە بیانوی تەوریسی سیاسی و بنەماڵەییەوە هێرش کردنە سەر گۆڕان و کوڕەکانی کاک نەوشیروان ، ئەمە لە کاتێکدایە کوڕەکان هەمان درێژە پێدەری ئەکتیڤی ڕێگاکەی باوکیانن و هەمو موڵەکەکانی گۆڕان لە بەرژەوەندی گۆڕاندایە و بە پۆینت دەستکاری نەکراوە و هەر وەک جارانە و تەنها لە ڕوی میدیایەوە پشتوانی گۆڕان دەکەن کە بوتە یەکێک لە باشترین هۆیەکانی ململانێ ی ڕاگەیاندن (بە نمونە زەمەن و پەیسەر) خۆ ئەگەر بەناوی کوڕەکانی کاک نەوشیروانەوە نەبوایە ئێستە ئەو سکەی ی شەمەندەفەری گۆڕانی پێدا دەڕوا دەبوە موڵکی کەسیەتیەکان و پارچە پارچە دەکرا و گۆڕان نەیدەتوانی ئەم یاریانە بکات .
دژایەتی کردنی ڕیکخەری گشتی گۆڕان ، کە هەمومان ئەو ڕاستیە دەزانین کە شەخسیەتی دوەم کاک عمر بوە ، هەر خۆشیان قبوڵیان بوە و بە دەنگدان بوە ، ئەمەش بۆ ئەوەیە یەکێتی ناوەکی و دسپلینی حیزبی گۆڕان تێک بدەن و هەڵسوڕاوەکان لەبەرامبەر ڕێکخەردا بەکار بهێنن .
هەوڵدان بۆ ناساندنی گۆڕان بە شێوەیەک کە نەتوانێت سیاسەت بکات ، واتا گۆڕان بچوک بکەنەوە بۆ دژایەتی خێزانێک یان حیزبێک ، ئەمە لە کاتێکدایە گۆڕان سیاسەت دەکات نە دۆستی تا سەری هەیە نە دوژمنی تا سەر ، کێ لەگەڵ بەرنامەکانیدا بێتەوە هاوپەیمانی لەگەڵ دەکات و کێ دژی بەرنامەکانی بێت ململانێ ی دەکات ، هەر وێستگەیەک بۆ گۆڕان بە پێ ی ئامانجەکانی سیاسەتی خۆی دەکات ، لە ئێستادا پارتی بەرنامەکانی گۆڕانی پێ باشە گۆڕانیش سیاسەت دەکات و لەگەڵی دەڕوات لە کویا دژی بەرنامەکانی گۆڕان بو لەو وێستگەیەدا ململانێ ی دەکات و بۆ هەر حیزێک لە گۆڕەپانەکەدا ئەمە جێبەجێ دەکات .
هەوڵیان داوە گۆڕان بکەنە چەند گروپێک و بیان خەنە دژی یەکتر و ئەمەش وا دەکات کە دسپلینی حیزبی دەستوری گۆڕان جێبەجێ نەکرێت و هەڵسوڕاوان بەلاڕێدا بەرن پابەند نەبن بە دسپلینی حیزبیەوە .
لە ڕێگەی ڕاگەیاندن و سوسیال میدیاوە حەملەیەکی قورسی بۆ سەر گۆڕان بکەن بەتایبەت لە ڕیگەی ناڕازییەکانی گۆڕانەوە ، ئەمە لە کاتێکدایە کۆی هێزەکانی دەروەی گۆڕان دنیایەک مەلەفی گەندەڵی ئیداری و مالی و نیشتمانیان هەیە ، بۆ ئەمەش دەبێت هەمو هەڵسوڕاوان هوشیار بن بەرامبەر بەم حەمەلەیە.
دوای لەناوبردنی نەوەی نوێ کە هەر بۆ دژایەتی گۆڕان دروستکراو و بۆ زەمەنێک بو بە تایبەت بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان بو ، بۆ داهاتو بۆ هەڵبژاردنەکانی پارێزگاکان دەیانەوەێ هەر بە هەمان پلان و بە هەمان سیناریو حیزبێکی کاتی و کارتۆنی تر دروست بکەن کە دەکاتە مانگی نیسانی ٢٠٢٠ جارێکی تر بدەنەوە لە قاعیدەی بزوتنەوەی گۆڕان ، ئەمەش بە هەڕەشەکردن لە داخستنی بزنسی چەند کەسایەتیەک دێت کە ئەگەر ئەمە نەکەن بزنسەکانیان کۆتایی پێ دێنن .
لە کۆتایدا گۆڕان توانی بە پێ ی گۆڕانکاری ناوچەیی و جیهانی یاری باش بکات
و لەو بەندانە دەربچێت کە پیان وا بێت دەبێتە کارتۆنی و پاشکۆ بەڵکو بۆ یەکێتی و
بۆ پارتی و وڵاتانی ناوچەیش دەرکەوت کە گۆڕان یاری سیاسی دەکات و نە هیچ حیزبێک
دوژمنی تا سەرە و نە هیچ حیزبێک دۆستی تا سەرە و گۆڕانیش دەرگای بەردەوام کراوەیە
بە پێ ی سیاسەتی خۆی بۆ هەر هێزێک کە بیەوێ لەگەڵ ئامانجەکانی گۆڕاندا بێتەوە و
مامەڵەی لەگەڵ بکات ، وە ئەوەشی سەلماند کە سەر بە هیچ زۆنێک نیە و تەواو
نیشتمانیە و هەرێم وەک یەک پاکێج دەبێنێ و پڕۆژەکەشی پڕۆژەیەکە هەر چۆنێک بیانەوێ
هەرێم بەرنە قۆناغێکی تر دەبێت بچنەوە سەر پڕۆژەکەی گۆڕان و هیچ یەکێک لە
حیزبەکانی هەرێم نەیانتوانیوە پڕۆژەی گۆڕان تێپەڕێنن .
ئەوەی دەمێنێتەوە گۆڕانی ناوچەییە و بە هەمو پێوەرەکان ململانێ ی جیهانی و
ناوچەیی لە بەرژەوەندی هەرێمدایە و دوای بچوککردنەوەی ئێران و تورکیا و دروستکردنی
عێراقێک بە خواستی ئەوروپا و ئەمریکا ، سەرەتاکانی لە عێراقدا حشدی شەعبی بە خستنە
سەر وەزارەتی بەرگری دێت و لە هەرێمیش هێزی پێشمەرگە و ئاسایش لە حیزبەکان
بسەنرێتەوە ، هەر بۆیە گۆڕان لەبەردەم گۆڕانکاریەکدایە کە جێبەجێ کردنی پڕۆژەکانی
هەمو هێزەکانی مەحکوم کردوە بە پارتیشەوە ، سەرەتای بە پەرلەمانی کردنی
سیستەم و بە نیشتمانی کردنی پێشمەرگە
دەستی پێ کردوە ، ئەوەی ئەولەویەتە بۆ گۆڕان پاراستنی یەکێتی ناوەکیەتی ، وەک ئەو
یاریچیەی کە توانیویەتی لە گێمی یەکەمی یاریەکاندا یاری باش بکات ، بەڵام
نەخۆشیەکی لەگەڵە دەبێت گۆران داخڵی غرفەی عەملیات بکرێت تا بتوانێت بە جەستەیەکی
تەندروستەوە یارییەکانی گێمی دوەم بکات کە چونە ناو حکومەتە ، ئەمەش دەکاتە
پاراستنی هێزی ناوەکەی و یەکێتی ناوەکی و پابەند بون بە دسپلینی خۆیەوە .