1081وتار

شەڕی ئەمریکا لە ئێران گەورە ترە

5/16/2019 9:32:00 AM
بەختیار شارەزووری

ئەوەی دەگوزەرێ بۆ ململانێ ی ئێران و ئەمریکا بەدەر لە شاشەکان لەودیو کەوالیسەوە نهێنی زۆر شاراوەتر بونی هەیە ، ئەویش ئەم پرسیارەیە... ئایا ئەمریکا تەنها شەڕی ئێران دەکات یان ئەم نمایشانەی ئەمریکا زۆر لە شەڕی ئێران گەورەترە ...؟
ئەگەر ئێران کارتێک بێت بێ بۆ شەڕی کارتە گەورەکانی تر ، ئەوا دەکرێت قسە لەسەر شەڕە گەورەکە بکەین ، ئەویش بە بیانوی ئێرانەوە شەڕی هەیمەنەی ئەمریکا و ڕێککەوتنی لەگەڵ ڕوسیا بەرامبەر بە پاوانکردنی بازاڕەکان لە لایەن چینەوەیە ، ئەگەر چی دوا جار ئێران مل دەدات بە ڕازی بون بە چونە ژێر باری مەرجی (١٢) خاڵی ئەمریکا ، ئەمەش دوای ئەوە دەبێت کۆی بنکەی پیتاندنی یورانیۆم و ئاوی قورس و هایدرۆجینی و بایلۆجی لە ئێراندا نەمێنێت ، سەرەتا ئێران دەیەوێت بە دو بازنە ئەم شەڕە بکات بازنەی یەکەم بازنەی دوەم ، خۆ ئەگەر ئێران بە ئەختەبوتی ڕۆژهەڵاتی ناوین دابنێین ئەوا ئەمریکا دەیەوێت قاچەکانی ئەم ئەختەبوتە ببڕێتەوە و چەکی کۆکوژی لێ دابماڵێ ، بازنەی یەکەم کە ئەو وڵاتانە دەکات کە درواسێ و هاوسنوریەتی هەر لە پاکستانەوە تا دەگاتە ئەفغانستان و عێراق و تورکیا و ئەرمینیا و ئەزربیجان و تورکمانستان ئەگەر لەم وڵاتانە هەژمونی هەبێت ئەوا سەرەتای شەر دەیەوێت سەکۆی شەڕ بگوازێتەوە بۆ بازنەی دوەم ، لەبەر ئەوەی بەدەر لە غاز و نەوت و ئاسن ئەم وڵاتانەی هاوسنوری بازاڕێکی باشن بۆ ساغکردنەوەی کاڵاکانی ئێران ، بۆیە شەرەکە دەگوازێتەوە بازنەی دوەم کە یەمەن و فەلەستین و لیبیا و سودان و سوریا و لوبنان دەکات ، و بە تایبەت لە ناو ئاوەکانی کەنداوی فارسی دەبێت و ئەگەر چەند ڕوبە ڕوبونەوەیەک بێت ئەوا ئەم شەڕە پشکی شێری شەڕی ئاوی دەبێت ، وە ئەگەر وێنا بکرێت بە شەڕی کەندوا و گەردەلولی بیابان ئەوا سەرەتا ئێران تەواو لاواز دەکرێت و لە قۆناغی یەکەم ڕەفتاری دەگۆڕن ترسی ناهێڵن وەک چۆن سەدام لە ١٩٩١ دا لێ ی درا بەڵام ٢٠٠٣ ڕوخێنرا ، بە واتایەکی تر قەید کردنی ئێرانە لەم قۆناغەدا نەک ڕوخاندنی ، چونکە هیچ بە دیلێکی جێگرەوەی ئێران لەم چرکەساتەدا وجودی نیە ، دەکرێت شەڕی تەدمیر کردنی چەکی ئێران و بڕینەوەی قاچەکانی ڕو بدات ، بەڵام لەم قۆناغەدا ڕوخانی ئێران دروست نابێت ، ئەم ململانێ و ئەگەری شەڕانە تەنها ئێران نیە بەڵکو دۆسیەی ئێران بەکار دەهێنرێت بە شەڕی گەورە تر لە ئێران ، بەم جۆرە :
1.    ئەمریکا و ڕوسیا ڕێککەوتون کە لە بەرامبەر سوریادا بۆ ڕوسیا ، ڕوسیا گڵۆپی سەوز بۆ ئەمریکا هەڵبکات کە شەڕی ئێران بکات و عێراق وەربگرێت .
2.    ڕوسیا و ئەمریکا کۆکن کە هاوسەنگی بگەڕێتەوە بۆ هەردو هیلالەکە .
3.    پشتوانیە بۆ ترامپ بە ڕیککەوتنی لەگەڵ پۆتن بۆ هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٠
4.    ئامانجی سەرەکی بەرگرتنە لە قۆرخکاری بازاڕ و ئابوری چین کە بە تەواوەتی بوەتە فرۆشیاری سەرەکی و زۆرینەی بازاڕەکانی ئاسایی قۆرخ کردوە و شەڕی ڕێگای ئاوریشمی .
5.    ڕوسیا و ئەمریکا دو دژن لە بەردەم بەرژەوەندییەکی هاوبەش و ترسێکی هاوبەشدا کە چینە .
6.    سفر کردنەوەی ترسی سەر ئیسرائیل .
7.    بازاڕ دروستکردن بۆ چەکی کۆن .
8.    دادۆشینی مانگاکانی خیلج.
9.    یەکێتی ئەوروپا بخاتە ژێر باری هەمان گەردەلولی بیابان و پاوانی بکات .
بە هەمو دیوەکاندا دوا جار ئێران بایی ئەوەندە قورسایی ئەمریکا نیە ، کە ئەمریکا خۆی بۆ ئامادە دەکات ، بەڵکو شەڕەکە لەوە گەورەترە و شەری بلۆکە گەورەکان و هەیمەنەی ئەمریکایە  دوا جار ئێران پیاڵە ژەهرەکە نۆش دەکات.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن