8وتار

ڕێککەوتنی دەباشان و ڕێککەوتنی شاری جوان ، گەڕاندنەوەی هاوسەنگیی هێز

7/4/2026 4:21:00 PM
سەرکەوتی جیهاز و بەختیار نامیق

گەڕاندنەوەی هاوسەنگیی هێز لە ڕێککەوتنی "شاری جوان" ەوە دەست پێ ناکات ، بەڵکو ئەو کاتەی ڕێککەوتنی "دەباشان" (نێوان یەکێتی و گۆڕان) واژۆ کرا، سەرەتایەک بوو نەک تەنها بۆ هاوسەنگی ، بەڵکو بۆ بەهێزبوونی پێگەی یەکێتی و گۆڕان لە بەرامبەر پارتیدا ، دەرئەنجامی ئەو هاوکێشەیەش ، سەپاندنی هاوسەنگییەکی ناچاری بوو وەک ئەمری واقیع ، بەڵام لەبەر ئەوەی تا ئاستێک لە ناو یەکێتی و گۆڕانیشدا کۆمەڵێک کارەکتەری "پڕۆپارتی" بە دەستی پارتی جووڵێنران ، نەیانهێشت ئەو ڕێککەوتنە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. 

لێرەوە دروشمی (عیبرەت لە جێبەجێکردندایە) بوو بە دەرسێکی مێژوویی بۆ ڕێککەوتنی ئێستای نێوان نەوەی نوێ و یەکێتی ، جیاوازییەکە لەوەدایە کە بافڵ تاڵەبانی ناوماڵی یەکێتیی بەهێز کردووە ، دەتوانێت عیبرەت لە ڕابردوو وەربگرێت و ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکات ، بێ ئەوەی ڕێگە بە کەس بدات دژی بوەستێتەوە.

ئەگەر بەهۆی کۆچی دوایی دوو سەرکردەی مێژووییەوە (مام جەلال و نەوشیروان مستەفا) زۆنی سەوز کەوتبێتە بۆشایی سەرکردایەتییەوە ، ئەوا بافڵ تاڵەبانی توانی قۆناغ بە قۆناغ هێز بۆ ئەم زۆنە بگێڕێتەوە ، هەر لە پرسی ١١ کورسیی کۆتاکانەوە ، تا پرسی کەرکوک و پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق ، پاشان ڕێکخستنەوەی ناوخۆی یەکێتی و توندبوون بەرامبەر هێڵە "پڕۆپارتی"یەکانی ناو حیزبەکەی ، هەموو ئەم ڕووداوانە پێکەوە ، ئەو نامە توندەن بۆ پارتی کە گەڕاندنەوەی هاوسەنگیی هێز بووە بە واقیع و چیتر پارتی ناتوانێت بەتەنیا زۆربەی جومگە سەرەکییەکانی دەسەڵات داگیر بکات.

ئێستا ڕێککەوتنی نێوان یەکێتی و نەوەی نوێ ، دوا پەیامە بۆ پارتی کە دەبێت هاوسەنگیی هێز (پەنجا بە پەنجای جاران) و ڕێککەوتننامەیەکی ستراتیژیی نوێ قبووڵ بکات ، ئەمەش تەنها بەهۆی بەهێزیی ناوخۆیی یەکێتییەوە نییە ، بەڵکو ئێران وەک هاوپەیمانێکی بەهێز لە پشتیا وەستاوە ، لە بەرامبەردا باری پارتی لارە ، چونکە ئێستا بۆ تورکیا دۆخی سووریا و ڕۆژئاوا گرنگترە تا عێراق و باشوور ، بە مانایەکی تر ، هاوکێشە هەرێمایەتی و جیهانییەکان بە تایبەت هاوپەیمانیی ژێربەژێری ئەمریکا و ئێران لە عێراقدا لە بەرژەوەندیی بافڵ تاڵەبانیدایە و لێرەوە کێشەکانی پارتی دەست پێدەکەن.

پارتی بە سروشتی خۆی حیزبێکی تەواو پراگماتیکییە و دەزانێت لەکوێدا لاوازە و لەکوێدا بەهێزە ، بەپێی قەبارەی خۆی مامەڵە لەگەڵ واقعدا دەکات. پارتی ئێستا هاوسەنگیی هێز و دابەشکارییە کۆنەکەی جارانی قبووڵە ، وەک:
سەرۆک کۆماری عێراق لە بەرامبەر سەرۆکی هەرێم.

سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکانیان (دوو ساڵ بە دوو ساڵ).
دابەشکردنی وەزارەتە سیادی و خزمەتگوزارییەکان و دەستەکان (لەگەڵ پشکێکی کەم بۆ حزبەکانی تر).

پارتی ئەمەی قبووڵە و دەزانێت ئێران و ئەمریکا هاوبەرژەوەندین دەبێ ئەم ڕەسمە بکێشرێت ، کێشەی پارتی هاوپەیمانیی نێوان نەوەی نوێ و یەکێتی نییە ، چونکە دەزانێت بافڵ تاڵەبانی یاریزانێکی باشە و بواری بۆ دروستبوونی بۆشایی و کەرتکەرتبوون نەهێشتووەتەوە تا پارتی کۆنتڕۆڵەکە هەر لای خۆی بێت ، پارتی دەیەوێت واقیعەکە قبووڵ بکات ، بەڵام ناتوانێت! چونکە دوای قۆناغی مەسعود بارزانی ، پارتی عەمەلیەن بووە بە دوو باڵ (مەسرور و نێچیرڤان) حیزبەکە پێویستی بە پۆستی زۆر هەیە تا هاوسەنگی و کێشە ناوخۆییەکانی خۆیی پێ چارەسەر بکات.

گریمانەیەک بۆ دابەشکاریی پۆستەکان:

ئەگەر سەرۆکی هەرێم بدرێت بە پارتی (چونکە سەرۆک کۆمار بۆ یەکێتی بوو، ئەگەرچی پارتی دژی وەستا و دەبوو هەر ئەو کات هاوسەنگی قبووڵ بکات)، لە بەرامبەردا دەبێت سەرۆکی حکومەت بۆ یەکێتی بێت و جێگرەکەی بۆ پارتی، سەرۆکی پەرلەمانیش بۆ پارتی و جێگرەکەی بۆ یەکێتی بێت. بەم دابەشکارییە بێت، سەرۆکی هەرێم دەبێت بدرێتە مەسرور بارزانی ، سەرۆکی حکومەتیش بۆ یەکێتی ، ئەی نێچیرڤان بارزانی چی لێبکرێت؟ خۆ نێچیرەڤان ڕازی نابێت بە سەرۆکی پەرلەمان یان جێگری سەرۆکی حکومەت.
خۆ ئەگەر پێچەوانە ببێتەوە و پۆستی سەرۆکی هەرێم بدرێت بە یەکێتی ، ئەوا گومانی تێدا نییە سەرۆکی حکومەت هەر مەسرور بارزانی دەبێت ، بەڵام دیسانەوە نێچیرڤان بارزانی لە کوێ دادەنرێت؟

ئەمە جگە لە ململانێی توندی نێوانیان لەسەر پۆستە سیادییەکانی وەک ناوخۆ، دارایی ، پێشمەرگە ، سامانە سروشتییەکان و دەزگای ئاسایش ، بە هەموو پێوەرێک پارتی لەبەردەم زیندووبوونەوەی هێزی ڕکابەردایە و دەبێت نەخشەی دابەشکارییەکە بگۆڕدرێت ، ئەم گۆڕانکارییەش لە پارێزگای کەرکوکەوە تا سەرۆک کۆماری عێراق دەستی پێکردووە.

خۆ ئەگەر لە سەردەمی مام جەلالدا تا ئاستێک نەرمی نواندن بەرامبەر پارتی هەبووبێت و ڕێککەوتنی دەباشان جێبەجێ نەکرابێت ، نەوشیروان مستەفا هەوڵی گۆڕینی ڕەسمی ڕێککەوتننامەی ستراتیژی دابێت و پڕۆژەی یەک پاکێجی نیشتمانی پێبوبێت و نەتوانرابێت عیبرەت وەربگیرێ و دوای کۆچی دواییان ، ئەوا لە قۆناغی بافڵ تاڵەبانیدا ئەو جۆرە نەرمییە نەماوە ، بافڵ تاڵەبانی تێدەگات کە زەمینەی هێزە جیهانی و هەرێمییەکان بۆ گەڕاندنەوەی هاوسەنگیی هێز گونجاوە و هەنگاو بە هەنگاویش سەرکەوتنی بەدەست هێناوە ، دەرئەنجامی ئەم هاوکێشانە تەواو جەبری و ماتماتیکی دەبێت:
یاخود دووئیدارەیی بە ئاشکرا، یان گەڕاندنەوەی هاوسەنگیی هێز و یەکسانیی ڕەها لە دابەشکردنی پۆستەکاندا.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن