12وتار

کورد لە بۆشایدا

9/22/2025 9:51:00 PM
سەرکەوتی جیهاز و بەختیار نامیق

بە درێژایی مێژوو کورد لە بۆشایی جوگرافیا و ئابوری و سیاسیدا ژیاوە ، جگە لە خۆبژێوی لە چوارچێوەی فۆرمێک لە خێڵ نەیتوانیوە بە پێی قۆناغەکانی گۆڕانکاری بونی هەبێت ، لە ئێستادا باجی ئەو قۆناغانەی مێژوو دەدات کە لە مێژودا دواکەوتوە ، بە مانایەکی تر عەقڵی حکومداری کوردی نەیتوانیوە سنوری ناوچەیەک یان گوندێک ببڕێت بەرەو نەتەوەیی بون . لە ئێستادا کە جیهان لەبەردەم زمین لەرزەیەکی سەربازی و ئابوری و سیاسیدایە دیسانەوە کورد دەکەوێتەوە بۆشاییەوە ، بۆشایی بە مانای نەبونی پێگەی بەهێزی گشتی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەکیدا ، ئەگەر دوای گەردەلولی بیابان و بەهاری عەرەبی دەرفتێک بۆ کورد لە عێراق و سوریادا دروست بوبێت تا قۆناغی بۆشایی ببڕێت بەرەو بونێکی کاریگەر ، ئەوا نەک هەر نەیتوانی حکومداریەکی دروست لەناوخۆدا بکات تا وەک سەرچاوەی مرۆیی ئامادەیی هەبێت ، بگرە بە گەڕانەوە بۆ دەستەڵاتی ناوچەگەری خەریکی پوکانەوەی یەکتر بوە ، پڕە لە شەڕی براکوژی جەنگی براکان ، خۆ ئەگەر تەنها لە ڕوی بەرخودانەوە ئامادەگی هەبوبێ دیسانەوە بوتە بەشێک لە شەڕکەری ئەجێندایەکی دەرەکی نەک هاوپەیمانێک لەگەڵ بەرەیەک یان هێزێکدا ، لەم ڕوەوە دەکرا باشور ببوایەتە پێگەیەکی گرنگ تا کوردی پارچەکانی تر بگەیشتنایەتە ئاستی جۆرێک لە فیداڕاڵی . هێزە گەورەکانی ناوچەیی و جیهانی زۆر بە ئاسان توانیویانە کورد بۆ گەمەکانی خۆیان بەکاربهێنن و نەهێڵن لە بۆشایی دەرچێت ، لە ڕۆژئاوا تا ئاستێک نمونەیەکی باشتر لە باشور هەیە و خەریکە لە بۆشایی دەردەچێت ، بەڵام کاتێک دەبێتە تەواوکاری هێزی ئەمریکا دیسانەوە دەچێتەوە بۆشایی چونکە هاوپەیمان نیە ، تەنها شەڕکەرە بۆ ئەجێندای بەرەیەکی زلهێز ، ئەمەش لە عەفریندا دەرکەوت ، هەر کاتێک بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ تورکیا یەکسان بونەوە دوبارە کورد دەگەڕێتەوە چوارگۆشەی یەکەم . خۆ ئەگەر بەرخودان بکەینە پێوەر ئەوا لەبەردەم ئەم گۆڕانکاریانەدا و لەم سەردەمەدا هێندە گرنگە تا چەندێ لەناو هاوپەیمانییەکدا بونت هەیە نەک بەرخودان ، واتا بەرخودان بە تەنها ناتوانێت لەو بۆشاییە ڕزگارت بکات ، نمونەی بەرخودانەکانی ئۆکرانیا و غەززە ، کە بونت نەتوانێ ببیت بە یاریچیەک لەناو هاوپەیمانی وڵاتە زلهێزەکاندا و وەچۆن بتوانی بکەوتە سەر هێڵی بەرژەوەندی وڵاتان ئەوا دوبارە دەکەویتە ناو بۆشاییەوە . باشور وەک هەرێمێکی فیدڕاڵی عێراق سەرەڕای دۆخی شلۆقی ناوخۆیی دەبێت ئەوە بزانێت کە عێراقیش وەک سەنتەر دیسانەوە لە بۆشاییدایە و تا ئێستاش خاوەنی ئیرادەی ناوخۆیی نیە ، گۆڕانکارییە خێراکان هەر لە ململانێی چین و ڕوس لەگەڵ ئەمریکا و ناتۆ زۆر پەیامی گەیاند لە جەنگی ئۆکرانیا و ڕوس چی ناتۆ و چی ئەمریکامان بینی کە چۆن مامەڵەیان لەگەڵ بەناو هاوپەیمانەکەیان ئۆکرانیا کرد ، ئێرانیشمان بینی کە چۆن ڕوس و چین چیان کرد ، ئەمەش بۆ تایوان هەر ڕاستە ، بەڵام هێزەکەی کیم جون ئون دەبێتە هاوپەیمانی چونکە وەک هێز بونی هەیە ، لە ئێستادا لە ڕۆمانیا و پۆلۆنیا هەمان ڕوبەڕوبونەوەیە لە نێوان ناتۆ و ڕوسیادا هەیە وە دەبینین هەڵوێستی ترامپ چۆنە. کورد لە باشور و ڕۆژئاوا دەکەونە بەردەم قۆناغێکی نوێ و لەبەردەم ئەم گۆڕانکاریانەدا دەبێت پێش هەمو شت یەکێتی ناوەکی خۆیان بپارێزن و بزانن ئایا هاوپەیمانن یان شەڕکەرێکی باش بۆ فرۆشتن لەسەر مێزی بەرژەوەندی وڵاتە زلهێزەکانی جیهانی و ناوچەیی

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن