پرۆسەی ئاشتی تورکیا لە خەباتی چەکدارییەوە بۆ خەباتی سیاسی
2/28/2025 4:20:00 PM
بەختیار شارەزووری و سەرکەوتی جیهاز
ـــــــــ
ئایا دوبارەبونەوەی سیناریۆکانی تری ئاشتی نیە
لە تورکیا..؟
ئایا ئەو خاڵانە چین کە تورک و کورد لەسەری
ڕێککەوتون و چەند مسداقیەتیان هەیە.؟
ئایا چەک دانان بێ دڵنیایی لەنێوەندی دەستەڵاتە
شاراوەکانی تورکیا سیناریۆی کاتی نیە.؟
ئایا بەهۆی ئەم پرۆسەیەوە پەکەکە لە لیستی تیرۆر
دەسڕێتەوە.؟
ئایا پەکەکە لەئەگەری پەشیمان بونەوەی تورکیا دەتوانێ
پەنا بباتەوە بەرخەباتی چەکداری .؟
ــــــــــــــــــــ
خەباتی چەکداری و بونی پەکەکە دەرئەنجامی بیری
فاشیزمی تورک و باوەڕنەبون بەنەتەوەیەک بوە ، خۆ ئەگەر تورکیا وڵاتانی دیموکراسی و
پێکەوە ژیانی گەلان بوایە ئەوا خەباتی سیاسی و دیموکراسی دەبوە بنەمای کاری نەتەوەی
کورد لە تورکیا و تەنها (دەمپارتی) بەس بو ، پێش ئەوەی باس لە پرۆسەی ئاشتی و پەیامەکەی
ئاپۆ بکرێت ، دەبێت هۆکارەکان و پاڵنەرەکانی هاتنەکایەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا
بخوێنرێتەوە ، ترامپیزم قۆناغێکی ترە لە پەیوەندییەکانی وڵاتانی زلهێزی دنیا و دوای
جەنگەکانی لوبنان و فەلەستین و ئۆکرانیاو سوریا و یەمەن و عێراق بەرژەوەندیی ڕوس و
چین لەلایەک و ئەمریکا و ناتۆ لەلایەک دەچێتە قۆناغێکی تر کە دابەشکردن و ڕێککەوتنە
، ئەمریکا و ڕوس وەک سەرەڕمی دووجەمسەر بەرەو ڕێککەوتن دەچن ، لەم نێوەندەدا وڵاتانی
زلهێزی ناوچەیی خۆیان ئامادە دەکەن کە یارییەکانیان بکەن بە ئاراستەی ڕەسمی نوێی بەرژەوەندی
گرێدراوی جیهانی بە تایبەت ئێران و تورکیا .
تورکیا بە پێی ستراتیژی خۆی دەزانێت سوریا چەند
گرنگە بۆ تورکیا وەک چۆن عێراق بۆ ئێران گرنگە کە ناودەبرێت بە سی هەناسەدانی تورکیا
، ئەوەش دەزانرێت لە ڕۆژئاوا کورد چوەتە سەر نەخشەی ئابوری و سیاسی و سەربازی ئەمریکا
بە گڵۆپی سەوزی ڕوسییەوە ، بۆیە تورکیا لە بەرژەوەندیدایە لەبەر خواستی ئەمریکا و ڕوس
پرۆسەی ئاشتی بێنێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ وەک ٢٠١٥ و قوڵتر هەوڵەکانی ئۆزال . ئەمەش
هەم بۆ پەکەکە بەسودە هەم بۆ تورکیا .
پەکەکە دەزانێت کە ڕای جیهانی پشتوانی دەکات و
دەیەوێ پەکەکە لە لیستی تیرۆر بهێنێتەدەر و لەناو تورکیاش زەمینەش خۆش بکات بۆ کاری
سیاسی و ڕێکخراوەیی لەسەر بنەمای دیموکراسی و پێکەوە ژیانی گەلان بەتایبەت (تورک و
کورد) ، بۆ ڕۆژئاواش ئاپۆ دەیەوێ لەم ڕێگەیەوە لەجەنگ دوری بخاتەوە بەتایبەت ئێستە
کورد لە ڕۆژئاوا هاوبەرژەوەندییە لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا و ڕوس ، ئەوەش دەزانێ ڕوس
پێگەکەی لە سوریا دەدا بە ئەمریکا لەبەرامبەر ئۆکرانیا و چینیش سودی ئابوری گەوەرەی
دەست دەکەوێت.
تورکیا وڵاتی دەستەڵاتە شاراوەکانە لە ئەرگەنەکۆنەوە
بۆ دەستەڵاتی قوڵ ، نە باخچەلی و نە ئەردۆغان ناتوانن بڕیادەری سەرەکی بن بۆ پرسە
ستراتیژەکان بە تایبەت ئەم پرسە ، مێژوو ئەمەی سەلماندوە ، بەڵام لە ئێستادا کە بەناچاری
دەبێت مامەڵە لەگەڵ کوردانی ڕۆژئاوا بکات بێ بونی کوردی باکور و پەکەکە ناتوانێ هیچ
بکات وەک چۆن لە عێراق دوای سەدام کوردی باشور بو بە ئەمری واقع .
قەندیل وەک جوگرافیا و پێگەی جیوپۆلەتیکی گرنگە
، وەک دەوترێ (قەندیل بەخەبەرە بۆیە هەولێر دەتوانێ بێخەم بنوێت) خۆ ئەگەر پەکەکە
لە قەندیل نەبوایە ئەوا دەبوە مۆڵگەی داعش و گروپە تیرۆرستەکان ، دەبێت ئەوە بزانرێت
کە ئایا تورک قەندیل دوای پەکەکە ناکاتە مۆڵگەی تیرۆرستەکان و خەو لە هەولێر تێک
بدات.
لەئەگەر پەشیمان بونەوەی تورکیا ، کورد بێ چەک
نابێت کورد ئێستە لەهەمو کات زیاتر چەکدارە بە تایبەت لە ڕۆژئاوا خۆ ئەگەر قەندیل
چەک دابنێ و تورک لەم پرۆسەیە پەشیمان بێتەوە ئەوا ڕۆژئاوا بە شێوەی سەربازی بەهێزتر
لە قەندیل چەکدارترە و دەتوانێ بە ڕێگەی تر بەخێرایی خەباتی چەکداری دەست پێبکاتەوە.
دیوی تری ئەم پرۆسەیە زەمانەتی دوەلی و وڵاتە
زلهێزەکانە بە تایبەت ئەمریکا ، کە تا ئێستاش تەواو ڕون نیە و خاڵبەند و نێوەندگیرەکان
دیارنین ، ئەگەرچی دیوی پشتەوەی ئەم پرۆسەیە یەک دنیا ڕوداوی شاراوە لە خۆ دەگرێ و
پرۆسەیەکی هێواشی درێژخایەنە ، دەکرێ تێپەڕبونی کات وەڵامی زۆر پرسیار بداتەوە.
دیدەکان وای بۆ دەچن کە تورک تەنها بۆ کاتی ئەم پرۆسەیە دەوروژێنێ و
دواتر پەشیمان دەبنەوە ، لە پێشهاتێکی وادا کورد ڕێگاکانی تری هەیە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی
تورکیا ، بەڵام پەکەکە و ئاپۆ دەبو وەڵامی باخچەلی و ئەردۆغان بدەنەوە و داوای دڵنیایی
دیموکراسی و یاسایی بکەن ، لەناوخۆی تورکیاش وەک خەباتی سیاسی و دیموکراسی کورد لە
باکور ئامادەگیەکی تەواو چالاکی هەیە.