وتار

نهێنی جوڵاندنی کارتی ناناوەندێتی (لامەرکەزیەت)

5/6/2020 12:30:00 PM 756 جار خوێندراوەتەوە
بەختیار شارەزوری و سەرکەوتی جیهاز



هەرێمی کوردستان لەبەردەم ناچاری چاکسازیدایە، واتا ئەگەر پێشتر کۆمەڵیک هۆکاری بەرژەوەندی کەسی و حیزبی و بنەماڵەیی وای کردبێت کە چاکسازی گشتی تەنها موزایەدە و کۆمەڵێک دروشمی کاتی هەڵبژاردنەکان بوبێ و دواتر دوای تای هەڵبژاردن تەنها سەرابێک بوبێت ، ئەوا ئێستا لەبەردەم کارەساتێکی ئیداری و حکومداریداین بە ناچاری دەبێت چاکسازی گشتی بکرێت بۆ ئەمەش دەبێت بچینەوە سەر چارەسەرەکانی کاک نەوشیروان ، با لە خۆمان بپرسین بۆچی ئەم هەرێمە نابێتە هەرێمێکی یەکگرتو بتوانێت بەسەر ئەم کێشە ئیداری و دەوڵەتداریەدا سەربکەوێ ، ئەوا وەڵامەکەی لای زۆرێکمان ڕونە کە ئەم هەرێمە خاڵیە لە یەکێتی ئیرادەی ناوخۆی لە کەسەکانەوە تا دەگاتە حیزبەکان ، ئەمەش ڕەگێکی مێژویی هەیە کە دابەش بوین بەسەر هێزە ناوچییەکاندا .


ئەگەر لامەرکەزیەت بریتی بێت لە (لامەرکەزی ئیداری و جوگرافی و وەزیفی و یاسایی و سیاسی ) ئەوا ئەم جارە زیاتر سیاسیە و پەیوەندی بە جوڵەکانەوە هەیە لەسەر ئاستی هێزە ناوچەییەکان ، هەر لە دەستوری عێراقەوە تا دەستوری هەرێم و کارنامەی حکومەتی هەرێم و هەتا بانگەشەکانی پێش هەڵبژاردن ئەم لامەرکەزیەتە بونی هەبوە ، کە دەتوانین لە کورترین پێناسەدا بڵێن لامەرکەزیەت پڕۆسەیەکی دیموکراسی و دابەشکردنی دەستەڵاتەکانە و کەمکردنەوەی ڕۆتینات و هۆیەکە بۆ ڕێگرتن لە دکتاتۆریەتی ئیداری و مالی کە ئەمە کۆ بڕیاری هەموی بێت ئەی بۆ کاری پێنەکراوە ..؟ ئەی بۆ لەم کاتەدا ئەمە دەبێتە کارتی بەهێزی ململانێکان ..؟؟


گۆڕان ڕێککەوتنێکی هەبو لەگەڵ پارتی کە چاکسازی بکات و یەکێتیش بەشدارە لەم حکومەتە، نەک نەتوانرا کار لەسەر لامەرکەزیەت بکەن لە دادوەریەوە بۆ ئیدارەی پارێزگاکان و قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکان و بەڕێوەبەرایەتیەکان پارتی بە حوکمی زۆرینە کاری بۆ ناوەندێتیەکی تەواو توند دەکرد تا ئەو ئاستەی بۆ هەر وەزیرێک سێبەرێکی دروست کرد، تا ئێرە ئەگەر ململانێکانی نێوان یەکێتی و پارتی بۆ بێت و پارتی توانبێتی لە غیابی یەکێتی و نەبونی بڕیاری دەستە جەمعی یەکێتیدا باڵێکی لە خۆی نزیک کردبێتەوە ، ئەوا پارتی کاری لەسەر زۆنی سەوز و نیلی کرد و نە لەگەڵ یەکێتی کاری بە ڕێککەوتنی ستراتیژی کرد نە لەگەڵ گۆڕان کاری بە ڕێککەوتنی شەش مانگی چاکسازی کرد، ئەگەر ئەمە بازنە بچوکەکە بێت واتا پارتی دەستکاری دابەشکاری دەستەڵات و ڕێککەوتنی نێوان تورکیا و ئێرانی کردوە لە ڕەسمی ڕێککەوننامەی ستراتیژیدا ، با لە خۆمان بپرسین ئەی نهێنی جوڵاندنی کارتی لامەرکەزیەت چیە ..؟؟؟


 هەمومان دەزانین ڕێکەوتننامەی ستراتیژی ڕێککەوتنێکە لە نێوان تورکیا و ئێراندا و ئەودیو دێگەڵە و ئەم دیو دێگەڵە و زۆنی سەوز و زەرد سنوری ئیداری و جوگرافی دەستەڵاتەکانی ئێران و تورکیا و ئەوانیش بە درێژایی مێژو کۆک بون لەسەر ئەم دابەشکاریە ، بەهۆی سزای زیرەکی ئەمریکا و کۆرۆنا ئێران تا ئاستێک پاشەکشێی کردبو ئەمەش بۆشاییەکی لەسەر دوو ئاست دروست کرد ئاستێکیان سەرقاڵی ئێران بە سزای زیرەکی ئەمریکا و کوژرانی قاسمی سلێمانی و لەسەر ئاستی دوەمیش یەکێتی کۆبڕیار نەبو لە داوی کۆچی مام جەلال وە .


 لەسەر ئاستی عێراقیش چی ئەمریکا و چی ئێران لەو ڕاستیە گەشتون کە هیچیان بێ ئەوی تریان ناتوانن عێراق کۆنتڕۆڵ بکەن ، تا گەشتە ئەو ئاستەی بنکەی سەبارزی ئەمریکا بگوازنەوە بۆ هەریر ، هەر بۆیە کاتێک ئێران دەیەوێت دیدی قائاری بۆ ئەم ناوچەیە بکاتە حکوم جارێکی تر دەگەڕێتەوە سەر ڕێککەوتنی ستراتیژی و ئەم زۆنی سەوز و نیلیە ڕێک دەخاتەوە بە پێ ی ڕێککەوتنی کۆنی ستراتیژی (فیفتی بە فیفتی) و ڕێککەوتنی ئەستانە و بە ڕێککەوتنی لەگەڵ تورکیا و بچوککردنەوەی پارتی کاری خۆی دەکات ، واتا نهێنی جوڵاندنی کارتی لامەرکەزیەت ئەم هۆکارانەیە


1- دابەزینی نرخی نەوت و مانەوەی نرخی غاز وەک خۆی ، کە عێراق پێشتر غازی لە ئێران دەکڕی و لەم مانگەوە ناتوانێ ئەو غازە بکڕێت دەبێت لە هەرێمی کوردستان بیبات و کارتەکانی بەرامبەر هەرێم بەکار دەهێنێ تا هەرێم تەواو ناچار بکات بە داخوازیەکانی بەغداد لە ڕێ ی گوشاری ئێرانەوە.

2- تورکیا دیسانەوە غاز لە ئێران دەکڕێت و بەدەر لە غازی ڕوسیا پێویستی بەغازی بەدیلی غازی ئێرانی دەبێت بۆ تورکیا و هەم بۆ عێراقیش غازی هەرێم هەم زۆرە و هەم تێچوی کەمە و بە نرخی زۆر هەرزانتر دەستیان دەکەوێ ، بۆ تورکیا و هەم بۆ ئێرانیش بەرژەوەندیان لەگەڵ ناوند بەهێزتر دەبێت وەک لە هەرێم و هەرێمیش بە هۆی ئەوەی پێشتر نەیتوانیوە خاوەنی سیاسەتی ئابوری سەربەخۆی خۆی بێت بە ناچاری هەمو داواکانی بەغداد قبوڵ دەکات.

3- دوای دەست بەکاربونی مستەفا کازمی یان هەر کەسێکی تر دەبێت هەڵبژاردن بکرێت لە ئێستەوە زۆنی سەوز و نیلی دەترسن لە فراوان بونی دەستەڵاتی زیاتری پارتی و کارتی لامەرکەزیەت بەکار دەهێنن.

4- بۆ هەر ئەگەرێکی تەقینەوەی جەماوەری سلێمانی لە پێش هەر پارێزگایەکەوە دەبێت و ئەمەش هەمو ئەو حیزبانەی سەنتەریان سلێمانیە لەسەر مێزی بەرژەوەندی هاوبەش کۆدەکاتەوە.

5- دوای کۆنگرەی یەکێتی بەچونەوە سەر ڕێککەوتنی ستراتیژی دەبێت دابەشکاری نیوان ئێران و تورکیا لەم هەرێمەدا بچێتەوە سەر پلێتی ڕێککەوتننامەی ستراتیژی و هاوسەنگی هێز بالانس بکرێتەوە.

6- لە زۆنی سەوزدا بۆ ئەم مەبەستانە دەبێت هێزە سەرەکیەکانی ئەم زۆنە نزیک بنەوە لەیەک بە گوشاری ئێرانی ، وەک چۆن لە زۆنی زەردا تورکیا هەمان کار دەکات.

7- ئەمریکا بێ ئاگا نیە لەم ڕێککەوتنانە و گڵۆپی سەوزی ئەمریکایان پێیە و ئەوەش دەزانین کە ئەمریکا لە سەرەتاوە تا ئێستا نەیویستوە ئێران بڕوخێنی بەڵکو وسیتویەتی لاوازی بکات و بیکاتە هاوپەیمانێکی لاوازی خۆی و پێویستی بە ئێران هەبوە تا بە وڵاتانی خلیج بە تایبەت سعودیە بڵێ من ئەتان پارێزم لە هیلالی شیعی و ئێرانی ، وە دانیشتنی نهێنی هەیە لەسەر عێراق لەگەڵ قائاریدا .

8- لامەرکەزیەت ئەو کارتەیە کە دەستەڵاتی ناوەندێتی و مۆدێلی سعودی و وەلی عەهدی دەوەستێنێت و زۆرینەی غازیش لەم سنوری سەوز و نیلەیەدایە .

9-کۆدەنگیەک هەیە لەسەر پاوانخوزی پارتی و داتاکان دەدەوێن ( ناعەدالەتی جوگرافی – بەیار عومەر).

10- بە هەموو کارت و دیوەکاندا کاتێک ناوەند بۆ ناوەندێکی پاوانخوازی دەڕوا لامەرکەزیەت دەبێت هۆیەک بۆ ڕیگرتن لە ناوەندچێتەیەکی توند.

لامەرکەزیەت یەکێکە لە بنەماکانی دابەشکردنی دەستەڵات و ناەوەند یان حکومەت تەنها کاری چاودێری و ڕاگرتنی هارمۆنیەتی دەستەڵاتێکی دروستە ، لە گشتدا لامەرکەزیەت بۆ ئێستای هەرێم پێداویستی قۆناغەکەیە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement