وتار

کورد و هەڵە تێگەشتن لە تیرۆر ، قاسملۆ بە نمونە

7/11/2020 4:52:00 PM 324 جار خوێندراوەتەوە
بەختیار شارەزوری و سەرکەوتی جیهاز

تێرۆر دەبێ بە دو مانا بخوێنرێتەوە ، یەکیان ئەوەی پێی دەڵێن مەحکوم کردنی جیهانی لە سەر پەیمانی نێودەوڵەتی و ئەوەشی کە لە ململانێ و شەڕی نێوان وڵاتاندایە وەک یەکێ لە چەکە کاریگەریکانی جەنگ بەکار دەهێرێت ، تیرۆر  لەسەر زۆر ئاست ڕودەدا لە بونە گشتیەکەیدا ، تیرۆری سیاسی و ئابوری و مێژویی و فەرهەنگی و ڕۆژنامەوانی و فیزیکی ، ئەوەی ئێمە مەبەستمانە تیرۆری فیزیکیە وەک چەکێکی سیاسی و سەربازی و هەواڵگری.
ئەڵبەت کاتێ شەڕ بە هەمو جۆرەکانیەوە لە نێوان دو وڵاتدا ڕودەدا تیرۆری گشتی دەبێتە هۆیەک بۆ بردنەوەی شەڕەکان ، بۆ نمونە لەسەر ئاستی ئابوری و بزنس کاتێک وڵاتێک ئەم شەڕە دەکا پەنا دەباتە بەردەم تیرۆری کەسایەتیە بزنسمانەکان ، یان تێرۆری ئابوری پەنا دەباتە بەر بەهای دراو و وشک کردنی سەرچاوەی داهات ، یان لە ڕوی ڕۆژنامەوانیەوە پەنا دەباتە بەر تیرۆرکردنی نوسەر و ڕۆژنامەوانەکان ، ئیتر بە پێی شەڕەکان تیرۆر باشترین چەکە بۆ بردنەوە ، تۆ سەیر بکە لە ئەمریکاوە تا دەگاتە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا وە تا لای خۆشمان تێرۆر بونی هەبوە بۆ لەناوبردنی جەستەیی و فیزیکی بەرامبەر بۆ تەواو بونی دۆسیەیەکی بەرهەڵستکار یان ونکردنی ، دواجار لایەنی تیرۆرکراو و بەرامبەر پەنا دەباتە بەر پەیمانە نێودەوڵەتیەکان بۆ مەحکوم کردنی بەرامبەر و هیچیشی لێ سەوز نابێ و تیرۆر بەردەوامی هەیە ، لای خۆمان لە عبدولستار مەجیدەوە تا زەردەشت عوسمان و وداد و کاوە گەرمیانی .
ئەی چی بکرێ بۆ ئەوەی چەکی تیرۆر بەتاڵ بکرێتەوە..؟؟؟؟؟
شەڕ بە مانای گوڵ گرتنە یەک نایە ، فیشەک گرتنە یەکە و بۆ بردنەوەیە ، لەم شەڕانەدا کە یەکێ براوە بێ ، بێ شک بەرامبەر دۆڕاوە ، خۆ ئەگەر بە مانای شەڕ سەیری تیرۆر بکەین ئەوا دەبێت ئەو نیشانانە لابەین کە تیری تیرۆر دەیپێکێ ، کەواتە تێرۆر بواری دیاری کراوە ، مەساحەکەی زانراوێکی ونە ، کە هەمو پرنسیپەکانت لە کەسێکا کۆ کردەوە ، ئەو کات تیرۆری ئەو کەسە دەبێتە هۆیەک بۆ بردنەوەی شەڕ.
با بپرسین بۆ تیرۆری قاسملۆ و سەرکردە هاوشێوەکانی..؟؟؟؟
بە درێژایی خەباتی کورد ،کورد نەیتوانیوە بەرهەمهێنی سەرکردایەتی دەستە جەمعی بێ هەمو پرنسپ و بەهاکانی شۆڕشی خستویەتی گیانی تەنها سەرکردەیەک ، ئەم سەرکردە سیفاتی سەرکردەی باڵای وەرگرتوە و خۆی بازنەی یەکەم و کۆتایی بوە ، کە ئەمە ڕێک دانانی نیشانەیەکی دیار و ڕونە بۆ تیرۆری وڵاتانی دوژمن ، دوژمنەکانیشمان دراسەی ئەوەیان کردوە کە ئەم سەرکردە باڵایە بکوژن شۆڕەشەکە کۆتایی دێ ، تیرۆر کردنی سەرکردەکانی کورد تیرۆری تەنها جەستەیەک یان سەرکردەیەک نەبوە ، بەڵکو کوژاندنەوەی شۆڕشێکی نەتەویەتی بوە ، وەستانی مێژوی بەرخودان بوە ، بۆیە دوای تیرۆرکردنی سەرکردەیە یان دوان و سیان ، هەم دوژمن شەڕی بردوەتەوە ، هەم ڕەهەندی سەرکردەی مێژووی و کاریزمی بوەتە بەدیلی شکست و گەڕان بە دوای جێگرەوەیەکی تردا ، کە ئەمەش چل ساڵی ویستوە و دواتریش ئەمەیش تیرۆرکراوە یان تیرۆری شاراوە کراوە ، دوژمن بە دیوێی تردا کاری لەسەر تیرۆری شاراوە کردوە کە کۆکردنەوەی هەمو بەهاکانە لە سەرکردەیەکدا و دواتر ناچار کردنی بە ئاشبەتاڵ و دوای ماوەیەک بەبێدەنگی مردنی لە غەریبیدا ، ئەمە بۆ وڵاتانی براوە دەبێتە تیرۆری سپی ، ئیتر مەحکوم کردن و وڵاتی تیرۆرست و شتی تر هەرایەکی بێ کردارە ، دەکرێ هەنێ کات سزای ئابوری یان گەشتکردن یان بلۆک کردنی سەرمایەی لێ کەوتبێتەوە بەڵام قازانجی تیرۆری سپی گەورەترە لەم سزایانە و پێشتر دوژمن دراسەی کردوە ، وەک ئەگەری لێکەوتەی ئەم تێرۆرە.
کورد بە درێژایی مێژو هەمو بەها و خەبات و ستراتیژی نەتەوەیی و نیشتمانی خستوەتە ناو گیانی سەرکردەیەک وەک بە دوژمن بڵێی وەرە ئەمە بکوژە شۆڕش و خەبات کۆتایی دێ ، هەر لە شێخ سەعیدی پیران و سمکۆی شکاک و تا قازی  محەمەدو مەلامستەفای بارزانیش هەر وا هاتوە ، خۆ ئەگەر تیرۆریش نەبوبێ ئەوا دوژمن بە پلان وای کردوە کە سەرکردە خۆی بازنەی یەکەم بێ و گەر نەگیشتبێتە بازنەی تیرۆرکردنیشی ،  ئەوا وایان کردوە سەرکردەکە ببێ بە خاڵی کۆکەرەوە یان چەتری شۆڕش، دوای مردنی سەرکردە و ڕوخانی ئەم چەترە  پەرتەوازەیەکی گشتگیر ڕوی داوە و دوژمن زۆر بە ئاسانی کۆنتڕۆڵی کردوە ، بۆ ئەمە نەوشیروان مستەفا خوێندوارترین سەرکردە بو بە نوسین خوێندەوەی زانستی لەسەر هەیە ، هەوڵی دا نەهێڵێت ئەمە دوبارە بێتەوە ، لەسەر دو ئاست دروستکردنی سەرکردایەتی جڤاتی و کۆتایی هێنان بە دوبارەی باوک بۆ کوڕ ، بە داخەوە تەمەن بواری نەدا ، لە مام جەلالیشدا هەر وابو ، بەڵام کۆمەڵەی ڕەنجدەران تا ئاستێک لەسەرەتاوە توانی فرە سەرکردە بێ لە شەهید بونی ئارام و شەهاب و تا سەرکردەکانی تری بە هەمان پلانی تیرۆری شاراوە شەهید کران ، بەڵام لەبەر ئەوەی فرە سەرکردەیی بو زیاتر بەهێز دەبو ، بەداخەوە کەمی خایاند و ئەویش بویەوە بە هەمان هەڵەی مێژو ، خۆ بنەماڵەی بارزانی بە درێژایی مێژو وابون تاکە سەرکردەیەک نەک هەمو شتێک بوە بەڵکو پیرۆزیش کراوە ، لە شێخ ئەحمەدەوە تا مەلا مستەفا و ئێستەش بە پلان و سیناریۆی ڕیفراندۆم هەمان تیرۆری شاراوە کرا ، ئەگەر چی زۆرێک لە وڵاتان دەیانزانی لە بەرژەوەندیان دەدرێ پێشر لە پلانەکە کوردی ئاگادار کردەوە ، لە گشتدا هەمان تیرۆری مێژوە و دوبارە دەبێتەوە .
با بپرسین بۆ قاسملۆ ..؟؟؟
بە گشتی لە هەر چوار بەشەکەی کوردستان شۆڕش کارگەیەک بوە بە بەرهەمهێنانی یەک سەرکردەی باڵا ، نەیتوانیوە سەرکردایەتی دەستەجەمعی یان کۆما جڤاکێن یان سەرکردایەتی جڤاتی یان هاوسەرۆکی بەرهەم بهێنن ، هەر بۆیە تیرۆر کردنی قاسملۆ و شەرەف کەندی دوبارەی هەمان تیرۆری ئاشکرای قازی محەمەدە ، کە بە پلەی یەکەم ڕونبونەوەی خاڵی لاوازی کوردە و دانانی نیشانەیەکی دیارە بۆ تیرۆر ، ئیتر مەحکوم کردن و هەندێ سزا هیچ سودی نابێ وەک زەرەرێکی گەورەی وەک تیرۆرکردنی قاسملۆ و شەرەفەکەندی ، ئەوەی دەبێ کورد دوای سەدەیەک لەم زەرەرە گەورانە داویەتی لێی تێبگا ، نابێ دوبارەی هەمان هەڵەی مێژویی بکاتەوە و
کۆی ستراتیژی نەتەوە و نیشتمان و شۆڕش نەخاتە ناو لاشەی یەک سەرکردەوە و تا ڕێ بۆ تیرۆر خۆش بکات ، چونکە دوژمن شەڕت دەکات و هەمو کارتەکانی شەڕت لەگەڵ بەکار دەهێنێ ، ئەوەی جێی باس و هەڵویست لەسەر کردن و خوێندنەوەی قوڵە دۆسیەی پەکەکە و ئاپۆیە ، کە دوای گرتنی ئاپۆ پەکەکە نەک هەمان مێژوی شێخ سەعیدی پیرانی بەسەردا دوبارە نەبوەوە ، بەڵکو توانی بەهۆی فرە سەرکردەییەوە بەهێز تر بێ و کۆما چڤاکێن توانی ئەم هەڵەی دوبارە بونەوەی یەک سەرکردەیە ڕابگرێ ، سحری تیرۆر بەتاڵ بکاتەوە ، سەرکردەیەکی تیرۆر بکرێ چەندین سەرکردەی تر بەرهەم دەهێنێ ، هەر بۆیە تورکیا دوای ئاپۆ کەمتر ئەم هەوڵانەی هەیە ، پەکەکە تا ئێستا توانایی بەرهەمهێنانی فرە سەرکردەیی هەیە بێ پەرتەوازە بون ، ئەگەر ئەمیش هەڵەکە دوبارە نەکاتەوە و یەک سەرکردە بکاتە سەنتەر.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement