10وتار

قەندیل دەکرێتە قوربانی مانەوەی ڕۆژئاوا

5/17/2025 9:29:00 AM
بەختیار شارەزووری و سەرکەوتی جیهاز

ململانێ و جەنگی ناوچەیی و جیهانییەکان چۆتە قۆناغێکی نوێوە ، ناکرێ بەهەمان پیودانگی بیست ساڵی پێشوتر سەیری چۆنیەتی و کوالێتی جەنگ و پەیوەندی و ململانێکان بکەین ، بەتایبەت کە لە بواری سەربازیدا گۆڕانکاری زۆر خێرا و گەورە دروست بوە ، ئەمەش لە بواری تەکنەلۆجیای سەربازی و درۆندا ، ئەگەر پێشتر سێ بوار هەبوبێ بۆ بناغەی پەیوەندیەکان لە ڕوی جوگرافییەوە( وشکانی ، ئاوی ، ئاسمانی) و وشکانی ئەولەویەت بوبێ ، ئەوا ئێستا بە پلەی یەکەم جەنگ لەناو ئاو و لەسەر زەوییەوە گواستراوەتە بۆ ئاسمان و جەنگەکان لە زەویدا نین بەڵکو لە ئاسماندان ، ئەمەش کاتێ دەتوانی ژمارە بیت کە تەکنەلۆجیای ئاسمانیت بەهێز بێت.

لەم ڕوانگەیەوە خەباتی چەکداری و پارتیزانی ئەگەر ببێت بە چەکی کلاسیکی و هەتا جۆرێک لە چەکی پێشکەوتو ، ئەوا ناتوانێ وەک پێویستی شۆڕش و پارتیزانی بگاتە ئامانج بۆ ڕوخاندنی دەستەڵاتێک یان حکومەتێک بە تایبەتیش کە نابەرامبەر بێت ، لێرەوە ئەگەر بەردەوامیش بە پارتیزانی و خەباتی چەکداری بدرێت تەنها دەبێتە هۆیەک بۆ بونی بەرگریکاری ، لێرەوە دەکرێ قۆناغی نوێی تورکیا و پەکەکە بخوێنرێتەوە  لەگەڵ گۆڕانکاری ناوەکیدا:

پێش ئەوەی بچینە سەر ڕێکەوتنەکەی پەکەکە و تورکیادەبێت هۆکارە پێشینەییەکانی ببینرێت ، لە قۆناغی ترامپدا گۆڕانکاری گەورە دروست بوە ، ئەمریکا و ڕوس لەسەر زۆرێک لە کێشەکانیان گەیشتونەتە ڕێککەوتن هەر لە ئۆکرانیاوە تا تورکیا و ئێران و سوریا و وڵاتانی تر ، ئەمریکا و ڕوس و چین لەسەر بناغەی بەرژەوەندی هاوبەش گەشتونەتە جۆرێک لە ڕێککەوتن هەر لە باج و دابەشکاری هەژمون لە جیهاندا و لە تایوانەوە تا کێشەی هەردوو کوریا و هتد ، ئەمەش بەمانای ئەوەنیە بەریەککەوتن و جەنگی بچوک و نمایشی سەربازی بچوک نەبێت ، ئەم کێشانە کە ڕوو دەدەن کاتێ دەگاتە بازنەی بەرژەوەنی باڵا دەوەستێت ، وەک کێشەی هند و پاکستان ، لێرەوە تورکیا لەڕوی جیوپۆلەتیکەوە بۆ زلهێزەکان گرنگی گەورەی هەیە ، ئێران و تورکیا دوو زلهێزی ناوچەیین و هاوبەرژەوەندین ، بۆیە کاتێک سوریا دەکەوێتە ژێر هەژمونی تورکیا لەڕێگەی شەرعەوە بە گڵۆپی سەوزی چین و ڕوسیاوە بوە لەبەرامبەر کارتی تردا ، واتا ئەگەر ئێران بۆ ڕوس و چین گرنگ بێت ئەوا تورکیا بۆ ئەمریکا و ناتۆ گرنگە ، وە تورکیا وەک پێشڕەوی سونەکان بە تایبەت وڵاتانی خلیج گرنگە ، تورکیا کەوتوتە قۆناغێکی نوێ هەم لەناوخۆدا هەم لە دەرەوەدا ، لەناوخۆ کورد بۆ هەڵبژاردنەکان گرنگە و لە دەرەوەش سوریا بە تایبەت بۆ تورکیا زۆر گرنگە ، ئەمریکا لەگەڵ تورکیا لە ڕێگەی سعودیەوە لەسەر سوریا گەیشتوەتە ڕێککەوتن ، سوریای نوێ دروست دەبێ زیاتر لەژێر هەیمەنەی تورکیا دەبێت ، خۆسەری ڕۆژئاوا بێ ڕێککەوتنی ژورە تاریکەکان ناگات بە هیچ و دەبێت پابەند بێت بەو ڕێککەوتنە ناوچەیی و جیهانیانەوە ،   کە لەپشتەوە دەکرێت ، خۆشیان باش تێدەگەن و یارییەکی جوان دەکەن ، لەبەرمبەردا ئێران بەجۆرێکی تر دوای لوبنان و یەمەن لە عێراقدا دەمێنێتەوە ، بەڵام بە فۆرمێکی تر ، لێرەوە داواکاری تورکیا بۆ مافی ڕۆژئاوا چەکدانانی پەکەکەیە ، ئەمریکا هەڵدەسێت بەم ڕێککەوتنە ، واتا قەندیل دەبێت بکرێتە قوربانی بۆ مانەوەی ڕۆژئاوا لە چواچێوەی ڕێککەوتنی زلهێزەکان ، ئەوەشی دەوترێت قەندیل دەبێتە شوێنی داعش ، لە ڕاستیدا داعش تورکیا دروستی کرد بۆ پاراستنی سنور و هەژمونی خۆی و کارتێک بەرامبەر ئەمریکا کە ئەگەر ڕێککەوتنی لەگەڵ نەکات دەتوانێ ترس بۆ بەرژەوەندییەکانی دروست بکات ، کاتێک سوریای دەست دەکەوێت ئیتر کاری بە کارتی داعش نامێنێ و یەکێک لە داواکارییەکانی ڕێککەوتنی سعودیەی نێوان ئەمریکا و سوریا نەمانی داعشە ، واتا ئەگەر پێشتر ترسی ئەوە هەبوبێ پەکەکە لە قەندیل نەمێنێ داعش شوێنی بگرێتەوە ئەوا لە ئێستادا پێچەوانەکەی ڕاستە ئەگەر پەکەکە نەچێتە ژێرباری ڕێککەوتنە نهێنییەکانەوە ئەوا داعش بەکاردەهێنرێت هەم بۆ ڕۆژئاوا و هەم بۆ قەندیلیش ، بەڵام قەندیل دەکەوێتە ژێر دەستەڵاتی عێراق و هەرێم ، بە مانایەکی تر ئیتر ئەگەر تورکیا پێویستی بە دوژمنێک بێت ئەوا وەک چۆن بۆ تەواوکردنی یەکتر لەگەڵ ئێران ئەم سیناریۆیەیان کردوە دوبارەی دەکەنەوە ، لە ڕویەکی ترەوە چەکدانانی پەکەکە بە مانای کۆتایی نیە بە سەنتەر چونکە پەکەکە لە ئێستادا لە یەک سەنتەر زیاتری هەیە هەر لە ڕۆژئاواوە تا هەندەران و تا ناوخۆی تورکیا کە دەکاتە ئەوەی دەوترێت خەباتی پەکەکە ٢٥٪لە قەندیلە و خەباتیشی فرەلایەنەیە ( چەکداری ، سیاسی ، دبلۆماسی ، دیموکراسی ناوەوە ، فەرهەنگی ، ئابوری) ئەوەشی دەوترێت ئاشبەتاڵ و بەراوردی دەکات بە ئاشبەتاڵی٧٥ و تەنها ترسی دووبارەبونەوەیە و ترسە لە بێ متمانەیی تورک ، لەم حاڵەتەدا ئەم ڕێککەوتنە دوو سەرەیە چی تورکیا و چی پەکەکە ئەگەر تێکی بدەن هەردوو لایان زەرەرمەند دەبن و لەم حاڵەتەشدا پەکەکە دەتوانێ زۆر بەخێرایی بەشێوەی تر دژی تورکیا دروست ببێتەوە ، بەتایبەت لە قوڵایی تورکیا ڕێکخستنێکی تۆکمەی هەیە ، بەچڕیش لە ئەنقەرە و ئەستەنبوڵدا ، هەر بۆیە ڕۆژئاوا ئێستە وەک سەنتەری سەرەکی گۆڕینی خەباتی پەکەکە دەبینرێت و تورکیاش گەر هەولێرێکی تریش دروست ببێت وەک چۆن لەگەڵ هەولێر کێشەی نیە ئاواش لەگەڵ ڕۆژئاوا کێشەی نابێت ، بەو مەرجەی لەناو تورکیا جۆرێک لە ئۆتۆنۆمی بە کورد ڕەوا ببینرێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن