پارێزگارە توركمانەكەو قسەیەكی جیاواز
4/22/2026 2:34:00 PM
لەتیف فاتیح فەرەج
ئەوە چ لۆژیك
و ئاوەزێكە كارێك خۆت بیكەیت ئەگەر خراپیش بێت كوردایەتیە، بەڵام كارێك یەكێ تر بیكات
ئەگەر باشیش بێت خیانەتە، ئەمە چ جۆرە پەروەردەیەكی حزبیە هەمیشە ئەندامەكانت
ئامادە كردبێت بۆئەوەی پەلاماری هەموو قسەو هەڵوێست و كردەیەك بدەن كە تۆ لە گەڵی
نیت، دەربازبوونی كورد لە ئاوەزی خێڵ بە مانا نەرێنیەكەی هەر ئەوەیە كە جیاوازی ئەوانی
ترقەبوڵبكەیت و هەر خۆت پێ شت نەبێت، لە دانانی پارێزگارە توركمانەكەی كەركوك زۆر
قسەو باسی سەیرو جیاوازو نەرێنی كرا ، بەڵام كەس چاوەڕێی كات ناكات ، كەسیش دوو قسەی
حسابی نەكرد ، قسەی حسابی بەو مانایەی لە كەركوك دەمانەوێت چی بكەین ، مەبەست لە پێكەوە
ژیانی ئاشتیانە چیە، ئاوەزی ناسیونالیزمی كوێر بین و زاڵ چی بەكەس بە خشیوە تا ئێمە
تاقیبكەینەوە.
محەمەد سەمعان
بووبە پارێزگاری كەركوك، ئەوە یەكەمجارەلە دوای كەوتنی بتەكەوە توركمانێك ئەو پۆستە وەربگرێت ، پێشتر سێ كورد وەریانگرت
و ماوەیەكیش عەرەبێكی سەپێنراو ، من هیچ كێشەم لە گەڵ راكان جبوری نەبوو، نەئیشم پێی
بوو، نەدەمناسی ، نەبەریەكەوتنم لە گەڵی هەبوو، كێشەم لە گەڵ ئاوەزو بیركردنەوەی ئەودا
بوو، بیركردنەوەی فاشیانە ، بیركردنەوەیەكی ناسیونالیستانەی ئەوی تر نەبین ، بۆ كەركوك
پەتا مەترسیدارەكە ئەمەیە،یانی كورد بیت و ئەوی تر نەبینی ، توركمان بیت و ئەوی تر
نەبینی ، عەرەب بیت و هەرخۆت ببینی ، محەمەد سەمعان لەبەردەم تاقیكردنەوەیەكی گەورەدایە
ئەو دەبێت سەرەتا لە دوو شت خۆی دەرباز بكات، یەكەم ئەوەی كە بزانێ توركمانی كەركوك
و عێراقەو خۆی نەبەستێت بە دەرەوەی ئەو فۆڕمەوە، چونكە باجی دەبێت، دوەم خۆی پێ
شاری ترو كەركوكی تر نەبێت لەوانی تر ، هەڵبەت ئەو گیانە ناسیونالیستیە تاریكە لە
خۆیشی و لەئەوانەشدا بسڕێتەوە كە پێیان وایە ئەوە دەسكەوتێكی نەتەوەییە كە ئاغا
پارێزگارە، بابەتەكە مرۆیی بوون و كەركوكی بوونە، رێبوار تەها بەو مرۆیی بوون و كەركوكی
بوونەی چووبووە دڵی خەڵكەوە دەنا خۆ ئەویش كوردو دواتریش حزبی بوو.
لە سەر ئەو ئاڵ
و گۆڕە لە میدیا قسەی جیاوازم كرد ، هەر ئەوەی كەبەشێكیم لێرە ئاماژە پێدا، برادەرێك
بۆی نووسیبووم لە سەر فرۆشتنی كەركوك قسەت نیە، ڕامام باشە ئەمانە فرۆشتن بە جی دەزانن،
گریمان من لە گەڵ هیچ سیاسەت و هەنگاوێكی یەكێتی نیم، پرسیاری سەرەكی ئەوەیە كوردو
توركمان لە شارەكە هەن یان نا، دەبێت پێكەوە بن یان نا ، لاسای رابردوو بكەنەوە لە
دژایەتی و پاشقول یان ئەو قۆناغە وەلكەن ، سەیرە ئێستاش دەڵێم هەبوون لە سایەی یەكێتیو
كەركوكا بوونە حوت و نەهەنگ و ئەژدیها كەچی ئەوان ئێستا بە گژ یەكێك لە هەنگاوە
ئاوەزیەكانی پێكەوە ژیاندا دەچنەوە، كابرایەك لە دوو هەزارو هەژدە دەچێتە ئەمەریكاو
دوای چەند ساڵ لە شارێكی زۆر هەستیار پۆستێكی گرنگ دەباتەوە ، دنیاش ئاخر نابێت،
محەمەد سەمعان حەوت پشتی لەم وڵاتەیە، با بزانین لەو تاقیكردنەوە قورسە سەردەكەوێت
یان نا ، دەكرێ ئەو دەم قسەی ترمان هەبێت .
چیرۆكەكە بەو
جۆرەیە كێ باشتری پێیە با بەشدار بێت نەك لە دورەوە تانەو تەشەر بوەشێنێ، ئەو
بابایەش وتی كامتان هەرە پاكترینن با ئەو باشتر بكات .