ئەمەریكاو مافیای نەوت لە كوردستان
2/7/2019 4:04:00 PM
لەتیف فاتیح فەرەج
ئەمەریكاو نەوت:
نەوت بۆ ئەمریكاو بۆ كۆمپانیا ئەمەریكیەكان بابەخێكی زۆری هەیە، مەسەلەكە لەوێوە نیە كە ئەمەریكا خۆی نەوتی هەیە یان نیەتی، یان خۆی نەوتێكی زۆری عەمبار كردووە، مەسەلەكە بازاڕو ساغكردنەوەی چەك و كاڵایە، بۆ ئەمەریكا هەمیشە بازاڕ پێویستە، ئێمە دەبێت ئەو راستیە بزانین كە ئەمەریكا خاوەنی سەرمایەیەكی زۆرەو لە ماوەی رابردودا باسی زۆرێك لەو دەسكەوتە مادی و ملیار دۆلارانە كرا كە ئەمەریكا ساڵانە دەستی دەكەوێت، بەڵام ئەمە ناكاتە ئەوەی كە ئەمەریكا هەڵپەی خۆی نەكات، هەڵپەی دۆزینەوەی بازاڕ، خاوەنداری كردن و بەدوای ئەو دوانەشدا گۆڕین و گۆڕانكاری بەپێی بەرژەوەندیەكانی ئەمەریكا لە دنیادا، ئەمەریكیەكان لەنێوان دۆستایەتی و بەرژەوەندیدا تائێستا زیاتر بەلای بەرژەوەندیدا دایدەشكێنن، بەڵام دۆستایەتیشیان توڕنەداوە، دۆستایەتی هەر دۆستایەتی ڕووت نیە، بەرژەوەندی هاوبەش و دەسكەوتیشە، نەوت بۆ ئەمەریكا رۆڵێكی گەورە دەگێڕێت، ئەو لە یەك كاتا بە دوو شێواز شەڕی نەوت دەكات، بۆ نمونە بە جۆری ئابڵوقە خستنە سەر نەیارەكانی و رێگری كردن لە فرۆشی نەوت، نمونەی پێشتری عیراق و ئێستای فەنزوێللاو ئێران، جۆرێكی تر شكاندنی نرخی نەوت و هەرزانكردنێتی، بۆ نمونە زۆر كات ئەم چەكە بە شێوازی خۆی دژی وڵاتانی ئۆپیك بە كار دێنێت .
ئەمەریكا دەیەوێت لە و رێگەیەوە كە ئەو دەیەوێت خاوەندارێتی نەوتی جیهان بكات، یان رونتر خاوەندارێتی وڵاتە نەوتیەكانی جیهان بكات، بۆ ئەمەش رێگەكانی پشی پشی كردن و چاوسوركردنەوە بەكاردێنێت، بۆ ئەوە كێشە نیە خەڵك لە وڵاتە نەوتیەكاندا چۆن دەژین ئەوە بۆیە لە سیستمی حوكم لە سعودیەو وڵاتانی كەنداو ناپرسێت، تا ئەو شوێنەی جڵەوی نەوتەكە لە دەستی خۆی و كۆمپانیاكانی خۆیدایە، كە لە دەستیا نەما هەر ئەوە دەكات كە پێویستە بیكات، وەك لیبیا، عیراق، فەنزوێللا و ئێران بۆ هەر شەڕو ململانێیەكیش رەوایی خۆی دەدۆزێتەوەو هاوپەیمانەتی دروست دەكات، لانی كەم لە دوای روخانی سۆڤیەتەوە ئەمەریكا بەردەوام ئەمەی كردووە .
كۆمپانیا ئەمەریكیەكان:
نەوت لە كوێ بێت كۆمپانیا نەوتیەكانی ئەمەریكا لەوێن، لە هەر كوێش كۆمپانیای نەوتی ئەمەریكی تەنگاو بكرێت،ئەوە ئیدی ئەستێرەی ئەو وڵاتە بەرەو كزی و كوژانەوە دەڕوات، بۆ ئەمەریكا زۆر ئاسانە بە بیانوی نەبوونی ئازادی، دادگەری كۆمەڵایەتی، نەبوونی یاسا، نەبوونی یەكسانی، نەبوونی دیموكراتی، نەبوونی پێكەوەژیانی ئاشتیانە، نەبوونی لێبوردەیی، بوونی داپڵۆسین، بوونی گەندەڵی، بوونی ستەم و نادادی هەر كات بیەوێت عەرشی وڵاتێك بهەژێنێت، زۆر گەمژەییە دەسەڵاتدارەكان لەم راستیانە خۆیان گێل بكەن .ئیكسۆن مۆبیل و شیفرۆن و شیل و هالیبریتۆن و ئەوانی تر هەر تەنها كۆمپانیای رووت نین و تەواو ئەوان بەشێكی گرنگی سەرمایەو سیاسەتیشن، ئەوان دەتوانن بڕیار بدەن، دەتوانن سیاسەت ئاراستە بكەن، دەتوانن بە ئارەزووی خۆیان وێنەی هەر وڵاتێكیان بوێت بیكێشن، ئەمەش بە یەك مەرجی ئەوەی هەنگاوەكانیان لە تەك بەرژەوەندی ئەمەریكادا بێتەوە، كە لە راستیدا هەر وایشەو لە نێوان ئەمەریكاو ئەواندا بەریەككەوتنی مەترسیدار نیەو بەرژەوەندی باڵا هەیە .
ئێكسۆن مۆبیل و ئەوانی تر پادشای نەوت و سیاسەتن، بەڵام بە شێوازی ئەمەریكی لە تەنیشت ئەم كۆمپانیایانەوە كە سەدان هەزار دەستی كارو پسپۆڕی شارەزا كاریان تیا دەكات، دەیان كۆمپانیای تەناهی و پاراستنی ئاسایشیش هەن، كە زۆرێكیان بە وڵاتانی دنیادا بڵاوبوونەتەوە، هەر گێچەڵێك بەو كۆمپانیا زەبەلاحانە، گێچەڵە بە ئەمەریكا خۆی، بۆیە رەنگە لە هەر چركەیەكدا دڵداری ببێتە دوژمنایەتی و ناجۆری، نمونەی دەركردنی ئێكسۆن مۆبیل لە فەنزوێللا، قسەكە لەسەر ئەوەیە ئاوەزی كورد لە باشوری كوردستان تاچەند دەتوانێت هەم یاریەكە بەڕێوە بەرێت هەم یەكسانی رابگرێت، دەسەڵاتی كوردی لە پێش 25ی 9ی 2017 چووە یاریەكی ترسناكەوە، كە نەوتیش بەشێكی گرنگ بوو لە یاریەكە، من پێشتر سەرۆكی كۆمپانیای تۆتاڵم لە پاریس بینیبوو ئەو ڕوون و ڕەوان وتی ناكرێ هەموو نەوتی كوردستان لای چەند وڵاتێك بێت و بەس، لەپێش 25ی 9 نەوتی كەركوك لە گەمەیەكدا خرابووە خزمەتی رۆز نەفتەوە، ئاكامەكە ئەوە بوو كە ڕوویدا، رۆز نەفت راستەوخۆ لەنێو یاریەكەو لەنێو بیرە نەوتەكانی كەركوكدا نەبوو، ئەو لە رێكەوتنێكا بوو كە دەبووە جێگرەوەی كۆمپانیاكانی ئەمەریكاو شوێنانی تر، ئەمە تا سەر وانابێت و ئاكامەكەش ئەوەیە ئەمەریكا لە رێی ترەوە تۆڵە دەكاتەوەو دێتەوە سەر بیرە نەوتەكانی كەركوك، یاریەكەش بە زەرەری گەورەی كورد كۆتای هات و، كورد هەر ئەوەی بۆ مایەوە باسی خەنجەر وەشاندنی پشتەوەو خیانەتی ناوخۆیی بكات و زۆرێكیش بەم قسەو باسانە مەست و حەیران بوونە .
كوردستان و فەنزوێللا:
لە یەكچونێك هەیە لە نێوان كوردستان و فەنزوێللادا لە باری نەوتەوە، بەڵام جیاوازی گەورەش ئەوەیە فەنزوێللا دەوڵەتەو كوردستانی باشور هەرێم، لە ڕووی ستەمكاری و نادادیەوە دیسان لێكچون هەیە، ئەوەشمان بیرنەچێت نەوتی كوردستان فرۆشی بەشە هەرە كەمەكەی بۆ حكومەت و خەڵكەو حزب لە پشتیەوەیە، حزب دەستی بەسەر پشكە زۆرەكەدا گرتووە، نەوتی كوردستان بە حزبی كراوە، ئەم شێوازە لە هیچ كوێی دنیا نیە، لە كتێبی نەوت و داپڵۆسیندا لە پێشەكیدا باس لە چوار شێوازی خاوەندارێتی و بەڕێوەبردنی كاری نەوتی دەكات، ئەمەی كوردستان زۆر جیاوازە بۆ نمونە:
شێوازەكان بریتین:
یەكەم: دەوڵەت خاوەنی، یانی دەوڵەت سەرپەرشتی فرۆشی نەوت دەكات و كاری پێدەكات.
دووەم: بنەماڵە خاوەنی، وەك سعودیەو كوەیت و وڵاتانی كەنداو شێوازێكی زۆر خراپە.
سێیەم: كۆمپانیا خاوەنی، واتە كۆمپانیا ناوخۆی و زەبەلاحەكان خاوەندارێتی لێدەكەن و لەگەڵ دەوڵەت و حكومەتەكاندا بە هاوبەشی كاری لەسەر دەكەن .
چوارەم: خەڵك خاوەنی، ئەمە ئەو شێوازەیە كە لە ئالاسكا هەیە .
ئەوەی لە كوردستان هەیە تێكەڵەیەكی سەیرە لەنێوان حزبخاوەنی و بنەماڵە خاوەنیدا، بەڵام بە رادەیەك خراپە قسە لەسەر ئەوە دەكرێت كە لەسەردەمی كۆڵبەنكیان خراپتر پشك نا، خەڵك هەیە بیرە نەوتی هەیە، ئەندامانی باڵای حزب بێ ئاگاداری و چاوی خۆیان رێ بەكەس نادەن لە نەوتدا كار بكات، تەنانەت رێ بە خاوەن سەرمایە گەورەكانیش نادەن، یان پشك و هاوبەشی زۆر یان هەر نابێت لەو بابەتەدا قسە بكرێت، من لەو بارەیەوە نمونەی زیندوم لەبەردەستەو لەكاتی خۆیدا باسی دەكەم .
كێشەی كوردستان ئەوەیە ئەمەریكیەكان مامەڵە لە تەك ئەم جۆرە كوێخایانەی نەوتدا دەكەن و پرسی دیموكراتی و مافی مرۆڤ و ئازادی بیروڕاو رۆژنامەوانی دەخەنە دواترەوە .
لە دۆخی ئاوادا دەبێت چاوەڕێی ئەوە بین نەوت لە خێرو بێرەوە ببێتە قوزەڵقورت و نەهامەتی، لەو چوار چێوەیەشدا زۆر بابەت هەیە دەكرێت لەبارەیانەوە قسە بكرێت .
یەكەم: نەوت و میدیا:
نەوت لە دنیادا زۆر كاری پێدەكرێت، گەندەڵی، نادادی، ستەم، هەروەها كۆیلەكردن و دەستەپاچەكردنی خەڵك، بێدەنگكردن و گوێنەدان بە دادو هاواری خەڵك و زۆر شتی تر، میدیا یەكێكە لەو چەكانەی كە نەوت لەپشتیەوە دەوەستێت بۆ ئەو ئامانجانەی كە دەبێت خاوەن میدیاكە پێیدەگات، ئەمڕۆ بە پارەی نەوت لە رێگەی میدیاوە لە زۆر شوێنی دنیا كار لەسەر گەوجاندن، گەمژەكردن، شێواندنی راستی لای خەڵك دەكرێت، ئەم بابەتە پێویستی بە شڕۆڤەو وردەكاری زۆرتر هەیە، من لێرەدا هەر بەكورتی قسەی لە بارەوە دەكەم، هەندێك میدیا بە پارەی نەوت مرۆڤ لە پەل و پۆ دەخەن و بەو جۆرەی ئاراستە دەكەن كە خۆیان دەیانەوێت، بۆ ئەمە نمونە زۆرو زەوندە چ لە كوردستان چ لە دەرەوەی كوردستان و وڵاتە عەرەبیەكان .
دووەم: نەوت و حزب:
بە هەمان شێوەی میدیا كە نەوت پاڵشتی دەكات بۆ گێلاندن، حزب نەوت وەك چەكێك بۆ مانەوەی خۆی و كڕین و لە خشتە بردنی خەڵك بەكاردێنێت، لەم چەند ساڵەی دوایدا حزب لە ڕێی نەوتەوە ئازادی و خۆخاوەنی دەیان بنەماڵەو كەسی كۆت و بەند كردووە.
سێیەم: مافیای نەوت:
لە كوردستان مەترسیەكانی سەرهەڵدانی مافیای نەوت دەمێكە دەركەوتوون و لە هەندێك شوێن و ناوچە ئەو مافیایە بە مامەڵەو هەڕەشەو كاری تر هاوبەشی لە تەك حكومەت و دەسەڵاتداراندا دەكات و دوو حزبی سەرەكی كوردستانیش وەك چۆن لە رابردوودا پێكەوە سوكانی نەوتەكەیان بادا، پێكەوە ئیدارەی ئەو مافیا مەترسیدارە ئەدەن كە ئەمەریكاش چاوپۆشی لێكردون .
چوارەم: بیرە نەوتی كەسی:
لە كوردستان ئێستا بیری تاكەكەسی هەیە، خەڵك هەیە خاوەندارێتی لە بیرە نەوت دەكات، ئەمە جگە لەوەی ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتمانی دەخاتە مەترسیەوە، ئەگەرێكیشە بۆ تێكدانی ریشەو رایەڵەی كۆمەڵایەتی، ئەم شێوازی خاوەندارێتیە تەنانەت لە سعودیەو كەنداویش نیە.
هەموو ئەمانە دەبنە هۆیەك بۆ ترازان و هەڵوەشانەوەی نیشتمان، ئەم بابەتە قسەو باسی زیاتر هەڵدەگرێت .