691وتار

پارتی و یەکێتی و مامەڵە لەگەڵ كەركوك

2/28/2019 8:50:00 PM
لەتیف فاتیح فەرەج

1  
من ئێستاش وەڵامی ئەو پرسیارەم دەستنەكەوتووە، كە بۆچی پارتی وا بەئاسانی دەستبەرداری كەركوك بوو، ئەمە هەر تایبەت بە 16ی 10و رۆژانی دواتر نا، ئەمە تائێستاش درێژەی هەیە، پارتی دەیتوانی لەبری ئەو بەجێهێشتنە هەنگاوی تری نابا، بۆنمونە هەر زوو ئەندامانی خۆی لە ئەنجومەنی پارێزگا ئامادە كردبا بۆ ئەوەی بە خەڵكی كەركوك بڵێت ئەگەر لایەنی دیكەش بە گورگان خواردنتان بدات “وەك ئەوەی وا دەگوترێت” ئەوە پارتی لە گەڵتاندایەو دەتانپارێزێت، پارتی بۆ ئەمەی نەكرد، بۆ بەم هەنگاوە یەكێتی ئیحراجنەكرد، ئایا ئەو پێی وابوو خەڵكی كەركوك بە ڕووی یەكێتیدا دەتەقنەوە، باوەڕناكەم، لە راستیدا ئەو مامەڵەیەی پارتی لە تەك كەركوكدا دەیكات لە دوای 16-10ی 2017ەوە مامەڵەی دەركردنی كەركوكە لە یادەوەری پارتیەكاندا، ئەمە پێچەوانەی ئەو قسەیەیە كە بارزانی لە كۆنگرەی 13 گێڕایەوەو ماناكەی بەو جۆرە بوو كە پارتی و ماڵباتی بارزانی تا نەوەكانیشیان واز لە كەركوك ناهێنن، یانی دەستبەرداری نابن .

 

لەو رێكەوتنەی پارتی و یەكێتی لە 5-2 بێ گەڕانەوە بۆ لایەنەكانی كردیان و رۆژی 18-2یان دانا بۆ كۆبونەوەی پەرلەمان و لیستی برایەتی كەركوك،پارتی لەمەشدا كەركوكی كردە قوربانی تۆڵەكردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، لەكاتێكدا پارتی دەیتوانی دیسان بە پێچەوانەی ئەو هەنگاوە كارێكی وابكات سەرنجی كوردی باشورو كەركوكیەكان بە گشتی بۆ لای خۆی رابكێشێ، جارێ یەكەم دەبوو كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا نەك لیستی برایەتی لە كەركوك بوایە، بەمەش ئەو قسەیە بە تاڵ دەبوەوە كە دەگوترێت پارتی كەركوكی ناوێت، دووەم دەبوو پارتی ئەو رۆژەی وەك مانۆڕێك نیشانداباو هەموو ئەندامەكانی ئەنجومەنی لە كەركوكدا بۆ نمونە دوای كۆبونەوەكە بڕۆیشتنایە سەر قەڵاو لەوێوە پەیامیان هەبا، ئەوەشی نەكرد، هەربۆیە خەڵكی كەركوك لەوەدا هەقیانە كە بڵێن لای پارتی كەركوك بە خاك و خەڵكیەوە جگە لە هاڤاناو بایحەسەن زیاتر هیچی تر نەبوو .


پارتی بەر لە ریفراندۆم بە جۆرێك قسەی دەكرد كە رەنگە كەركوك ببێتە پایتەختی ئەو دەوڵەتە كوردیەی لە دوای 25-9ی 2017 دروست دەبوو، تەنانەت بارزانی و جێگرەكەی و پارێزگاری كەركوك لە ناو كەركوكدا مژدەی ئایندەیەكی زۆر گەشیان دەدا بە كەركوكیەكان، ئایندەی گەش پشتتێكردن و جێهێشتن نیە، شەڕكردن و داكۆكی كردنە . 


شێوازی مامەڵەی پارتی لەگەڵ كەركوكدا، وەك ئەوە وایە پارتی چی تر كەركوك بۆ ئەو بایەخێكی نەبێت، هەرچەند من هیواخوازم وانەبێت، ئەی لایەنەكانی تر چی، بەتایبەت شیوعی و یەكێتی و زەحمەتكێشان و یەكگرتوو كە ئەندامیان لە ئەنجومەنە كەی كەركوك هەیە، ئەوان بۆچی لە 18ی مانگ كۆبونەوەكەیان لە كەركوك نەكرد، ئایە كەركوكیەكان هەقی خۆیان نیە پرسیاری هەموو ئەمانە لە حزبە كان بكەن؟.


2
سیاسەتی یەكێتی یان بەشێك لە یەكێتی لەگەڵ پرسی كەركوكدا سەركەوتوو نەبوو نەك ئەوە خراپیش بوو، بۆنمونە لە سەروبەندی پرسی ریفراندۆمدا سەرەتا وتیان بێ ناوچە كێشە لە سەرەكان و بە تایبەت كەركوك نابێ ریفراندۆم بكرێت، دواتر بە تایبەت كەركوكیەكان پێداگربوون لەسەر ئەوەی لە كەركوكدا نەكرێت، تا دواسات هەمان ڕایان هەبوو شەوی بەر لە ریفراندۆم پەشیوان كرانەوە، من دەمزانی ریفراندۆم لە كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان خۆكوژی زیاتر نیە، بەڵام پرۆسەكەش وەك هەنگاوێك وابوو بۆ گەیشتن بە ئامانجێك بە رێگەی ناتوندوتیژی، كێشە ئەوەبوو ئەنجومەنەكەی، یان لیژنە باڵاكەی ئەو پرسە پێداگریان لە 25ی ئەیلول دەكردو بە هیچ شتێك رازی نەبوون، كە ئەمە هەڵە گەورەكە بوو نەك خودی راپرسیەكە، یەكێتی تا دواشەوی ریفراندۆم دیدێكی سەرتاسەری و پێكەوەی لەسەر ئەو پرسە نەبوو، لەناو سەركردایەتی یەكێتیدا روانین و قسەی جیاواز هەبوو، كە ئەمە بۆ بڕیارێكی لەو جۆرە باش نەخوێندنەوەی سیاسەت و بێ بەرنامەیی زیاتر نەبوو، هەڵبەت یەكێتی لە كشانەوەی كەركوكیشدا هەمان كێشەی هەبوو .


3
بۆ ئێستای كەركوك ئەوەندەی پێكەوەیی هەموو حزبە سیاسیەكان و دانانی پڕۆژەیەكی هاوبەش گرنگە بۆ ئەو پرسەو چارەسەری، ئەوەندەی ئەوە گرنگە كە لە پەرلەمانی كوردستانەوە پڕۆژەیەكی هەمەلایەن و تۆكمە بدرێتە حكومەتی عیراق و ئەو كێشەیە بە میكانیزمی مادەی 140 یەكلا بكاتەوە، ئەوەندە دانانی پارێزگار گرنگ نیە، چونكە رێی تێدەچێت لە كۆتایی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بكرێت، تا ئەو كاتە ئاخۆ لایەنە سیاسیەكانی كەركوك “لایەنە كوردیەكان” دەتوانن هاوشێوەی لیستی برایەتی لیستێكی هاوبەش بۆ كەركوك دروست بكەن، لیستێك كە تێیدا جێی هەموو كورد بكرێتەوەو نەبێتە هۆیەك بۆ پەرت بوون و لە دەستدانی دەنگی كوردی كەركوك، بە بڕوای من بۆ ئەم كارە پێویستە یەكێتی و پارتی دەستبەرداری سوكایەتی كردن بە یەك و بە خائین نیشاندانی بن و پێكەوە لە گەڵ لایەنەكانی تر كەركوك هۆكاری كۆبونەوەو پێكەوەییان بێت .


4
لە نەبوونی كارەكتەرەكانی وەك تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفادا، ئەرك و بەرپرسیارەتی بارزانی قورسترەو دەبێت ئەو هەمان رۆڵی ئەوانی پێش خۆی لە كۆكردنەوەی كەركوكیەكان و خەڵكی ناوچە دابڕێنراوەكاندا ببینێ، بۆ پرسی كەركوك ناكرێت شەڕ لەسەر ئەوە بكرێت كام حیزب دەبێتە خاوەنی چەند كورسی، بۆ كەركوك و بە تایبەت بۆ ئەنجومەنی پارێزگا دەبێت كار بۆ ئەوە بكرێت كورد دەبێتە خاوەنی چەند كورسی، ئێمە سەدان وتارمان لە سەر پێكەوەیی لە كەركوك هەیە، پێكەوەیی پێكەوە بوون دەتوانێت زۆربەی لەمپەرەكانی بەردەم كوردی كەركوك نەهێڵێت .


بڕواشم وایە دەبێت هانی سەرمایەدارە دیارەكانی كورد بدرێت نمونەی “فاروقی مەلا مستەفا، ئەحمەد ئیسماعیل، سیروان بارزانی” و زۆری تر پڕۆژەی گەورەو گرنگ بەرنە ئەو شارەوە، جێی داخە كاتی خۆی كاك فاروق كاری زۆری بۆ ئەوە كرد كە پاڵاوگەیەكی زۆر باش لە كەركوك دابنێت، لەبری پشتگیری لەمپەریان بۆ دروستكردو ناچاری ئەوەیان كرد پاشەكشە بكات،بۆ كاری ئاوا ئەركی حزبە پشتگیری بكات نەك داوای پشك، هەر پڕۆژەیەكی گرنگ لە كەركوكدا كورد بیكات، رۆڵی گەورەی دەبێت لە نزیكبوونەوەی كوردو عەرەب و توركمان، تەنانەت كاتی خۆی شێخ سامانی شێخ مارف لە رێگەی من و لە رێگەی دۆستگەلی دیكەشەوە زۆر خەمی ئەوەی بوو قورسایی كارو پڕۆژە بخرێتە كەركوكەوەو بە یەك ئاراستە خزمەتی هەموو پێكهاتەكان بكرێت، ئەگەر بارزانی بۆ ئەمەش وەك كوڕی مەلا مستەفاو وەك سەرۆكی حزبێك كە ئێستا زۆرترین كورسی پەرلەمانی كوردستانی بە دەستەوەیەو لە عێراقیش فراكسیۆنێكی كاریگەری هەیە بە كارێكی لەو شێوەیە هەستێت و دەوڵەمەندو سەرمایەدانی كەركوك و هەرێم لە دەوری مێزێك كۆبكاتەوە دەكرێ ئەوەی سیاسیەكان شێواندویانە ئەوان چاكی بكەنەوە .

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن