ناخی بەعسیانە
3/17/2019 10:35:00 AM
لەتیف فاتیح فەرەج
لە ئەڵمانیا سەرەڕای ئەوەی كە براوەكانی شەڕ بەرلینیان وێرانكرد، سەرەڕای ئەو هەموو نەهامەتیەی لەو شەڕەدا بەسەر ئەڵمانەكان هات، بەڵام لەبەرئەوەی زیندوون، هەستانەوە، هەستانەوەو هیتلەرو نازیشیان بەر نەفرەتی مێژوو خست، لەوێ شانازی كردن بە هیتلەرو نازیزمەوە كوفرو تاوانە، ئەوە بۆیە لە دوای شەڕی جیهانی دووەمەوە ناخی نازییانە لە ئەڵمانیا بەرە بەرە پاشەكشەی كردووە، لەوێ نازیزمەكان و راسیزمەكان ئەگەر هەشبن ناتوانن بە ئاشكرا خۆیان نیشانبدەن، راستە تائێستا رقبوون لە سەر ڕەش و رۆژهەڵاتی بوونی هەیە، بەڵام كەس بە ئاشكرا ناتوانێ رەش بە نەفرەت كات، لێ هەموو رۆژ نازیەكان بە نەفرەت دەكرێن.
سەدام و بەعس هیتلەرو نازی عێراق بوون، سەرەڕای ریشەكێش كردنی بەعس لە سەردەمی بریمەردا، لێ هێشتا بیركردنەوەی بەعسیانە، ناخی بەعسیانە، خۆسەپێنی بەعسیانە لە عێراق و كوردستانیش بوونی هەیە، هەندێك جار ئەوانەی بەگژ سیاسەتی بەعسدا دەچنەوە، بەگژ بیروباوەڕی بەعسدا دەچنەوە، نەفرەت لە بەعسیەكان دەكەن، لە خۆسەپێنی و بوارنەدان بەوی تردا لاساییكەرەوەی بەعسین، لە راستیدا بەعس نەماوە، بەڵام زۆرجار بە نێوی رەوایدانەوە بە ڕووحی خۆپەسەندی هەندێك خەڵكی سیاسی، رۆشنبیر، تەنانەت پیاوانی ئاینی لاساییكەرەوەی هەمان ناخن .
بەعسیەكان خۆیان لە هەموو ئەوانی تر پێ باشتر بوو، لایان وابوو كاتێ ئەوان قسە دەكەن، دەبێت هەموو ئەوانی تر گوێبگرن، پێیان وابوو هەقیقەت هەر لای ئەوانە، ئەوان هەموو خەڵكیان دەبەعسان، حزبی بەعس خۆیشی حزبێكی عەرەبی بوو، ئەوان خۆیان بە ئاقڵتر لە خەڵكی تر دەزانی، پەروەردەی بەعس بەو جۆرە بوو كە ئەو حزبە باشترینە لە دنیای عەرەبدا، هەموو ئەمانە لە دەرەوەی كوشت و بڕو لەناودانی بە كۆمەڵ و ئەنفالدا نمایش دەكران، یانی بەشی زەبرو زەنگە خوێناویەكە نەبوون، لێ بەرتاقای ئەوە خراپ و مەترسیدار بوون .
بەعس وەك حزب، وەك هێزی چەكدار هەڵوەشایەوە، بەڵام وەك بیركردنەوە، وەك ناخی بەعسیانە تا ئێستا درێژەی هەیە، گەوجیە مرۆڤ خۆی پێ فریشتە بێت و ئەوانی تر شەیتان، خۆی پێ هەقیقەتی رەها بێت و ئەوانی تر تۆزو با، قسەی خۆی ئایەتی قورئان بێت و قسەی ئەوانی تر كاڵفامی، ئەمە هەمان بەعس رەوتاریە، هەمان بیركردنەوەی بەعسیانەیە،خۆ بە سپی زانین و ئەوانی تر بە ڕەش زانین بە مانا نەرێنیەكەی ئەو پەڕی گێلیە، جگە لەوەی ناكۆتا لەو نێوانەدا ڕەنگ هەیە، رەش و سپیش رەنگن، دەبێت بەراوردەكە شتێكی تر بێت .
لە یادی راپەڕیندا، ئەو راپەڕینەی وەك شۆڕشی فەڕەنسا بەشێكی زۆر لە جوانیەكانی خۆی لە شەڕی ناوخۆدا هاڕی، كاتی ئەوەیە بەگژ ئەو ناخپیسیەدا بچینەوە، كاتی ئەوەیە بەو جۆرە كەسانە بوترێت هێواش ئێوە بە عس دووبارە دەكەنەوە. دووبارەكردنەوەی بەعس ئەوەیە، كە بەناوی نیشاندانی ئەوانی ترەوە بە بەعسی خۆت لاساییكەرەوە بیت .
ئەگەر كاتی خۆی ئەو قۆناغەمان بە جۆرێكی دادگەریانە دادگایی كردباو چوار موستەشارمان بدایەتە دادگا، ئێستا دۆخەكە بەو جۆرە نەدەبوو.