چوار شەممەی سوری ئێزدی
4/17/2019 10:52:00 AM
لەتیف فاتیح فەرەج
بەر لەوەی لە سەر جەژنی چوار شەممەی سوری ئێزدی بنووسم ، دەبێت ئەوەبڵێم لای هەموو كورد رۆژی چوار شەممە رۆژێكی پیرۆزە، لە گەرمیان و كەركوك یەكەم چوار شەممەی نیشان خەڵك بۆ خواردن و چاخواردنەوە پاش نیوەڕۆ دەچنە دەرو دەشت و جلی ئاڵ و واڵا دەكەن و تا درونگ خۆشی و شادی دەر دەبڕن ، ئەمە لە دەوروبەری لەیلان و دوبزو خورماتوو كەركوك و ئەو ناوچانە تا ئێستا كەم و زۆر ماوە ، لەوە دەچێت ئەمە هەمان ئەو چوار شەممەیەی ئێزدیەكان بێت و پەیكۆڵی تیا نەكرابێت.
دەیان جار لە دایكم گوێ لێبووە كە چوار شەممە رۆژێكی پیرۆزەو تەنانەت كە لە خودا پاڕاوەتەوە گوێم لێبووە وتویەتی "بۆ خاتری ئەم چوار شەممە پیرۆزە " بیرمە مناڵ بووم چەند جارێك چوار شەممان چووینەتە سەر مەزارگەی وەكاشە ، وەكاشە مەزارگەیەكە لە نێوان كەركوك و پردێدا ، ئاخۆ پەیوەندی ئەم رۆژەو ئەوەی سەری ساڵی ئێزدی چیەو چۆنە تا ئێستا لێكۆڵینەوەی وردی لە بارەوە نەكراوە .
لای ئێزدیەكان رۆژی چوار شەممەی یەكەمی مانگی نیسان ، جەژنێكی پیرۆزەوبە جەژنی نوێبونەوەو سەری ساڵ ناسراوە ، لەم جەژنەدا كە پێیان وایە كۆكراوەی چوار جەژنە بۆ لە دایك بوون و نوێبونەوەو سەری ساڵ و سەرهەڵدانی مرۆڤایەتی ،ئێزدیەكان ئاهەنگ دەگێڕن و هەموو ماڵێك بەرخێك سەر دەبڕن و بەشێكی دەخۆن و بەشەكەی تری دەنێرن بۆ ماڵە نەدارەكان ، كچان جلی سور لە بەر دەكەن ، هەروەها بڕوایان وایە كە لەم رۆژەدا ئادەم خوێنی سوری دیاری خودا بە جەستەیدا گەڕاوەو جەستەی تەواو بووە ، لە رۆژی چوار شەممەی سوردا مەلەك تاوس كە فریشتەی پیرۆزی ئێزدیەكانەو بە سەرۆكی گشتی فریشتەكانیش دەناسرێت دەسەڵاتی دەدرێتەوە دەست بۆ بەڕێوەبردنی كارو باری دنیا ، واتە دەسەڵاتی بۆ نوێدەكردێتەوە لە لایەن فریشتەكان و خوداوەندەوە.
ئێزدیەكان جگە لە جەژنی چوار شەما سور جەژنی تریشیان هەیەو زۆربەی جەژنەكانیشیان مێژویەكی دوورو درێژی هەیە تەنانەت چوار شەما سور لە نوسراوەكانی سۆمەریدا ناوی هاتوە و دەگەڕێتەوە بۆ 4 هەزار ساڵ لەمەوبەر ، ئەوە جگە لەوەی زەردەشتیەكانیش جەژنێكی لەم جۆرەیان هەبووە.
تەواوی بۆنەو جەژن و سروتە ئاینیەكانی ئێزدی بە كوردیەو لە جیلوەو مەسحەفی ڕەشیشا زمانی پاڕانەوەو تكا كاری لە خوداوەند كوردیە ، بەلای ئێزدیەكانەوە نەك هەر چوارشەممەی سور كە یەكەم چوار شەممەی مانگی نیسانە رۆژێكی پیرۆزەو دەژنی بۆ دەگێڕن و بە تازە بوونەوەی ساڵی دەزانن ، تەنانەت مانگەكەش واتە مانگی نیسان مانگێكی پیرۆزەو بە بوكی ساڵی دەزانن " بوكا ساڵی " ئێزدیەكان لە بارەی ئەم مانگەو ئەو یەكەم چوارشەممەی نیسانەوە بیرو بۆچوونی زۆریان هەیەو ئەوانەش كە توێژینەوەیان لەو بوارەدا كردووە ، لایان وایە ڕەنگە پەیوەندی و نزیكایەتیەك لە نێوان چیرۆكی ئیسماعیل و سەربڕینەكەو سەربڕینی بەرخ لە چوار شەمەی سوردا هەبێت ، لە هەموو بارێكدا ئەم جەژنە جەژنێكی دیرۆكیەو قسەی زۆر هەڵدەگرێت .