رۆژنامەنووس و درۆ
1/17/2020 3:08:00 PM
لەتیف فاتیح فەرەج
رەنگە هیچ درۆیەك هێندەی
درۆی رۆژنامەنووس، یان بە ملی درۆدا بردنی رۆژنامەنووس ناخۆش و ناشرین نەبێت، درۆ
بە گشتی ناشرینە، بەڵام درۆی رۆژنامەنووس دەكەوێتە بەردەم خەڵك و دەبێتە هەواڵ یان
بابەت و ئیدی رەنگە زۆرێكیش تا ماوەیەك فریوی بخۆن، بەڵام درۆهەیە بە مەبەستە و درۆهەیە
بەسەردا تێدەپەڕێت، درۆی بە مەبەست رۆژنامەنووسەكە وەك پیشە دەیكات و رۆڵی مەلەوانە
درۆزنەكە، یان شوانە درۆزنەكە دەبینێ و واز ناهێنێ تا ئەو كاتەی ئیدی خەڵك هیچ بڕوایەكیان
پێنابێ، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو بەردەوام دەبێت و چێژ لەو كارە دەبینێت .
كە سەرنووسەری كەركوكی
ئەمڕۆ بووم لە كەركوك كەسێك هەبوو هەواڵی بۆ دەهێنام، هیچ هەواڵێكی راست نەبوو، بەڵام
هەموو هەواڵەكانی بۆ لێدان بوو لە لایەنێكی دیاری كراو، هەرگیز یەك هەواڵیشی بڵاو
نەكرایەوە، هەمیشەش ئەوەمان دەخستە بەردەمی كە هەواڵەكەی جێی گومانە، بەڵام نە ئەو
وازی دەهێناو نە ئێمەش بایەخمان بە هەواڵەكانی دەدا، ئیتر بە ناوی رۆژنامەنووسەوە
ئەوە ئەركەكەی بوو .
كاتێ بەرپرسی لقی كەركوكی
سەندیكا بووم، زۆر هەوڵم دا رۆژنامەنووس و ئەوانی تر جیا بكرێنەوە، لەو بارەیەوە یەك
دوو بابەتیشم نوسی، هەندێ رێوشوێنیش گیرایە بەر، بەڵام حزبەكان و تەلەفیزیۆنەكان
و رادیۆكان و هەندێ خەڵكیش سوور بوون لە سەر ئەوەی ژمارەكە هەر زیاد بكرێت، خۆ ئەگەر
ئێمەش نەمانكردایە رێگەی دیكەی دەدۆزیەوە، هەبوون بۆ ئیشێكی تایبەت رۆژنامەنووس
بوون .
رۆژنامەنووس هەیە چێژ
لەوە دەبینێ بە ناوی سیاسیەكانەوە قسە بكات، تەنانەت بخرێتە درۆشەوە پێی خۆشە، هەندێك
سیاسیش دەڵێن دەی مادام قسەیەكی جوانی بە ناوی ئێمەوە كردووە " ئیتر بۆ پێشەوە
" هەیە لە پێناوی سیاسیەكدا هەواڵێك بڵاو دەكاتەوە كە بنەمای نیە، تا لە لایەكی
ترەوە دەخرێتە درۆوە ئیدی ئەوە وەك هەقیقەت مامەڵەی لە گەڵدا دەكرێت .
رۆژنامەنووسی راستگۆ،
ئەچێتە بنج و بنەوانی هەواڵەوەو لە بازنەی یەكەمی هەواڵەكەوە زانیاری وەردەگرێت و
دەگاتە سەرچاوەی شەپۆلەكە، هەشە هەواڵەكانی ئێران و توران بە تەلەفوون وەردەگرێت ،
یان لە رێگەی دەستی دووەوە، كە دەشێت هەقیقەتی تیا وون كرابێت .
زۆرجار رۆژنامەنووسێك
بەرپرسێك هەڵدەنێ، زۆری هەڵدەنێ، بەرپرسەكەش بەوە خەنی دەبێت، ئیدی ئەمە لە بری
بابەت و گەیاندنی هەقیقەت دەبێتە رووپارمایی و حەزی فووتێكردن، ئێ دیارە سەتا سەتی
سیاسی كوردیش حەزی بەوەیە پیایدا هەڵبدەیت و بە رەخنە دەری دەبێت .
هەندێك بە ناوی رۆژنامەنووسەوە،
ئەوانی تریش ناشرین دەكەن، ئەمە رێك وەك گایە ریخنەكە وایە كە چارەسەر ناكرێت ئەوانی
تریش ریخن دەكات، من لەو بارەیەوە هەندێك نمونەی زندووم لایە، كە چۆن رۆژنامەنووس
درۆی بە راستی داوەتە خەڵك، ئەمە لای ئێوەش هەیە !!.