872وتار

كابینە كیمیاگەرەكەی بابەكر دڕەیی

1/24/2019 5:51:00 PM
لەتیف فاتیح فەرەج


وتارەكەی كاك بابەكرم خوێندەوە لە لاپەڕە یەكی رۆژنامەی زەمەن، بەگشتی وتارەكە هیواخواستنە بۆ ئایندەیەكی باشترو دنیایەكی ئاسودەتر بۆ خەڵكی باشوری كوردستان، ئەمە هیوای هەموو تاكێكی باشورە، لێ‌ ئەوەی بۆ من مایەی هەڵوەستە بوو ئومێد بەستنە لەسەر ئەوەی كێن ئەوانەی دنیای باشتر، نیشتمانی بێگەندەڵی، سیستم دروست دەكەن، ئەو داوای هەنگاوی تونو تۆڵ و قایم و ڕوون لە جێگەیەك دەكات، جێی هەنگاوی ئاسایی تیا نەماوەتەوە، باسی سزادانی كەللە شەق و قاچاخچیەكان دەكات، وەك ئەوەی زنجیرە بەندی و پێكەوەیی كەللە شەق و قاچاخچیەكان نەبینێ‌، لەكاتێكدا ئەوان هەزارو یەك رێگەیان هەیە بۆ مانەوەو ئێمەش زۆرینەی رێگاكانمان تاقیكردەوە بۆ خستنیان، بەڵام بێئومێد نەبووینە .

تێبینی من لەسەر جیاوازی ئومێدەكەی من و ئومێدەكەی كاك بابەكرە، ئەو خەون بە باوكی عادلەوە دەبینێ‌ كە بە بڕوای من ئەوە زۆر ئەستەمە ئێستا، منیش خەون بە خستنی بتەكانەوە دەبینم، دۆخی ئومێدەكەی كاك بابەكر دۆخی پێش هاتنی ستالینم بۆ سەر شانۆی دەسەڵات بیر دەخاتەوە، بەو جیاوازیەوە كە ستالین توانیتی ئەوە بكات كە دەیەوێ‌، بەڵام ئەمانەی ئێرە ئازایەتی هیچ هەنگاوێكیان نیەو ناتوانن بچوكترین بڕیار بدەن، گەڕانەوە بۆ چەند ساڵی رابردوو هەر ئەوەی من دەسەلمێنێت، تۆ بڕوانە دوو قۆناغی گرنگ هەیە بۆ دادگایی كردن 31ی ئاب كە زۆربەی خودانەكانی شانازی پێوە دەكەن 16ی ئۆكتۆبەر، كەچی نە دادگاو نە لێپرسینەوە، ئەم چیرۆكانە بە ئێمە دەڵێن ئومێد لەسەر بكەرەكانی ناشرینی هەڵناچنرێت، وەك ئەوەی بابەكری هاوڕێم هەڵیچنیوە، باوكی توندو عاد، دەبێت ئەمانە نەبن هەركێی ترە ئەوەیان جارێ‌ ڕوون نیە هەڵبەت نابێت ئەوەشمان بیر بچێت كە زۆر ئەستەمە رای گشتی بۆ گۆڕینی رژێم و گۆڕانكای لێرە دروست بێت ئەوەش هەر لەبەرئەوەی لە رژێمە تۆتالیتاری و ئەمنیەكاندا شتێك نیە بە نێوی رای گشتی و ئەوەی هەیە جاسوسی كردنە بەسەر یەكەوە، تەنانەت ئەگەر لەنێو یەك خێزانیشدا بێت .

ئەو رستەیەی لە هەموو وتارەكەدا سەرنجی راكێشام ئەوەیە "ئێمە حكومەتێكمان دەوێ‌ ئەم داڕزان و داتەپین و وێرانیە بە دەستێكی پۆڵاینی عاقڵانە" هەموو ئەوانە راستن داڕزاو، داتەپیوو، وێرانی، بەڵام ئەوەی جێی هەڵوەستەیە دەستی پۆڵاینی عاقڵانەیە، من دڵنیام كاك بابەكر هەمیشە دژی ستەم و نادادیە، جگە لەوەش خەون بە ئازادی و یەكسانی و دادگەریەوە دەبینێ‌ و كاریشی بۆ دەكات، بەڵام لەسەر دەستی ئەو حزبانەی لە 1991ەوە مرۆڤی كورد دەهاڕن خەون بینینیش بە ئازادی و یەكسانیەوە ئەستەمە ئەوە جگە لەوەی دەستی پۆڵاینی عاقڵانە بەر لەوەی بزانین چۆن دێتە دی و كێ‌ دەیكات، زۆر نامومكینە، دەستی پۆڵاینی عاقڵانە بۆ دادگەری و یەكسانی و چارەسەری تەواوی كێشەكان، لە هەڵگێڕانەوەی تەواودا دەبێت ئەوەش بە سزادانی گەندەڵ و نادادگەرو مافیاكان، نەك بە ئومێد بەستن بە فریادڕەسی نێو حزبە تاقیكراوەكان، كە خۆیان بەشێكن لە ناجۆریەكە.

خەون بینین بە دەستی پۆڵاینی عاقڵانەوە خەون بینینە بە ستالینەوە، بەڵام ترسی گەورە لە دۆخی ئاوادا ئەوەیە هاتنی ئەو ستالینە ببێتە هۆی سڕینەوەی جیاوازیەكان و كوشتنی یەكجاری ئازادی، دڕەی هاوڕێم باسی كابینەی كیمیاگەر دەكات، ئەوەی كیمیای چارەسەری هەموو كێشەكانی پێبێت، چاوەڕێشی دەكات، ئەو پێویستی بە كابینەی كیمیاگەرە، وەك ئەوەی كەسەكانی نێو ئەو كابینەیە لە مەریخەوە بهێنرێن و بەشێك نەبن لەو تاریكیەی رابردوو، ئەو ئومێدی ئەوەی هەیە كیمیاگەرو رابەرێك بێت و مس و تەنەكە ژەنگاویەكان بگۆڕێت بە زێر، بێ‌ ئەوەی پرسیاری ئەوە بكات ئەو رابەرە كێیەو دەبێت لەكوێوە بهێنرێت، دوای قسەی من لەسەر ئەوەیە كە دەستی پۆڵاینی عاقڵانە رەنگە خەونێكی زۆر ماكیاڤیلیانە بێت، كە لەنێوان ترس و خۆشەویستیدا زیاتر لایەنگری ترس و تۆقاندنەكەیە، من دڵنیام هاوڕێ‌ بەكر لایەنگری تۆقاندن نیە، لێ‌ ئەوەش نائومێدی نێو ئەو 27 ساڵە تاریكەی حوكمڕانی كوردیەیە، هەڵبەت تروسكەو روناكیشی تیا بووە .

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن